هەرێم نیوز
بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان ئامادەکراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەخرێتە کار و هەر کەسێک خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتربێت سیستمەکە نایخوێنێتەوە و خانەنشینی ناکات.
سەباح موخلیس،بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی بە كەناڵی کوردستان24ی راگەیاندوە،"ئەو سیستمە بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و بە هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان دروستکراوە، سیستمێکی ئۆنلاینی گشتگیری ئەلیکترۆنییە و تەواو بووە، ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنە تەنها کڕینی کەلوپەلەکان ماوە".
وتیشی، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەو سیستمە دەبەسترێنەوە، هەر کەسێک خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتربێت سیستمەکە نایخوێنێتەوە و وەریناگرێت، واتا خانەنشینی ناکات، ئەوکات تەنها پاداشتی کۆتایی راژە وەردەگرێت، ناچێتە ریزی خانەنشینانەوە.
ئەوەشی خستەروو،"دوای هەمواکردنەوەی یاسای خانەنشینی پلە تایبەتەکان کارەکە ئاسان دەبێت، فەرمانبەرانی ئاسایی دەخرێنە ناو ئەو سیستمە هەر کەسێک کەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بۆمان جیا دەکاتەوە".