دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/07/2021

شەرقئەوسەت: دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی بە پلانى کوڕانى تاڵەبانى و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە

ناکۆکى ئامۆزاکان لەناو یەکێیتى لە بەرژەوەندى بافڵ تاڵەبانى کۆتایی هاتووە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی شەرقئەوسەت لەسەر زارى سەرچاوەیەکى نزیک لە لاهورى شێخ جەنگی ئاشکراى دەکات، دوورخستنەوەى ناوبراو و داماڵێنى لە دەسەڵاتى هاوسەرۆکێتى بە پلانى کوڕانى تاڵەبانى و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە و ناوزڕاندنیشى بۆ تەواوکردنى پلانەکە بووە. 
 

ڕۆژنامەى "شەرقئەوسەت" چاپى لەندەنى لە ڕاپۆرتێکیدا ئەمڕۆ چوارشەممە 21-7- 2021 بڵاویکردووەتەوە کە کۆتایى ناکۆکى ئامۆزاکان لەناو یەکێیتى لە بەرژەوەندى بافڵ تاڵەبانى کۆتایی هاتووە، ئەوەش دواى ئەوەى شێخ جەنگى ئامۆزاى سازشى لە دەسەڵاتەکانى هاوسەرۆکێتى حزبەکەى کرد، پاش هەفتەیەک لە تەقینەوەى کێشەکانى نێوانیان و گەیشتنە میدیاکان. 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەوە یەکەمجار نییە کە ناکۆکیەکانى ناو یەکێتى دەتەقنەوە و پێشتریش بە سەرۆکایەتى نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەى گۆڕان لەیەکێتى جیابوویەوە و پەرتبوون و جیابوونەوەش لەناو ژینگەى سیاسی عێراقدا بووەتە دیاردە و پێشووتریش ئەو جۆرە دیاردانە لەحزبى شیوعى عێراقى و حزبى دەعوە و تەنانەت حزبى بەعسیشدا ڕوویانداوە. 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى گێڕاوەتەوە، لە کاردانەوەى پەیامەکەى لاهورى شێخ جەنگیدا، بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە بافڵ تاڵەبانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا وتى، "یەکێتى نوێ دەستى بۆ هەمووان ڕادەکێشێت و پەیڕەوى دانوستان و وەلاخستنى ناکۆکییەکان لەپێناو خزمەتى خەڵکیدا دەگرێتەبەر". 

سەرچاوەیەکى نزیک لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، هەر یەکلاییکردنەوەى ناکۆکیەکان هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانییەوە لە بەرژەوەندى کوڕانى جەلال تاڵەبانى دامەزرێنەرى یەکێتى کارێکى چاوەڕوانکراوە، ئەوەش بەهۆى قورساییەکى مێژووى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى کە بەسەر حزبەکەوە هەیەتى. 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، لاهورى شێخ جەنگى هەژموونى بەسەر باڵى سەربازى و ئەمنیى یەکێتیدا گرتبوو، پاڵپشتى گەریلاکانى پەکەکەى دەکرد، ئەوەش بەپێچەوانەى باڵى باڤڵ تاڵەبانى و بنەماڵەکەیەوە کە هەژموونیان بەسەر باڵى دارایى و سیاسیدا هەیە و زۆر هاوسۆز نین لەگەڵ پەکەکەدا. 

هاوکات سەرچاوەیەکى نزیک لەباڵى لاهورى شێخ جەنگى بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، دوورخستنەوەى شێخ جەنگى لە سەرکردایەتى یەکێتى بە پلانى کوڕانى تاڵەبانى و هاوسەرەکەى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە. 
ئەو سەرچاوەیەى سەر بەباڵى لاهورى شێخ جەنگى وتووشیەتى، میدیاکانى نزیک لەخێزانى تاڵەبانى شێخ جەنگییان بەپیلانگێڕى و هەواڵگرى و ژەهراوى کردنى بنەماڵەى تاڵەبانى تۆمەتبار کردووە و هەوڵى زڕاندنى ناوبانگی لاهورى شێخ جەنگیان کردووە بۆئەوەى بیکەنە پاساوى دوورخستنەوەى. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP