دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 20/07/2021

دوو ڕوویی

هێمن مەحمود

ئەمڕۆژانە دوو ڕوویی مرۆڤەکانی کوشتووە، ئەو دوو ڕووییە بەجۆرێک رۆچوەتە ناو کۆمەڵگا نەک هەر ئاستە سیاسییەکەی تێپەڕاندووە، بەڵکو بەشێکی زۆری پەیوەندییە شەخسی و کۆمەڵایەتیەکانیشی گرتۆتەوەو ژیانی زۆربەی خەڵکی کردۆتە نمایش و دەمامکی درۆینە.

بەشێکی زۆری خەڵک حەزناکات تێکەڵاوی کۆمەڵە ناسراوێکی بکات کەچی دەیکات، حەزناکات هاوڕێیەتی زۆربەی هاوڕێکانی بکات کەچی ناچار هاوڕێیەتیش دەکات، حەزناکات پێکەنێ کەچی قاقا دەتریقێتەوە، هاوڕای هیچ شتێکی نیە نزیکەکەی نیە کەچی وای خۆی دەردەخات قوتابی ئەوە.

لە زانستی کۆمەڵناسیدا ئەو رەفتارەی زیاتر لەهەموو ڕەفتارێک چەمکی بێ ئابڕوویەتی مرۆڤ دەردەخات ئەوەیە کەسێک هەرگیز پرسیارت ناکات تەنانەت نامەیەکیشت بۆ نانێرێت لەهەمانکاتدا کاتێک دەتبینێت سەرودڵت دەگرێت و لۆمەت دەکات کە بۆچی دیارنیت و بۆچی شتی تازەی خۆتت بۆ نەوتووە، ئەم ڕەفتارە بێ ئابڕوویی تیایدا دەدرەوشێتەوە.

جا ئەوە بەشێکی زۆرمان رووبەڕوی ئەو حاڵەتە بوینەتەوە، کابرا بەساڵیش پرسیارێکت ناکات کەچی دەتبینێ قەرزار باریش دەبی، تەلەفونێکی بۆ نەکردویت کەچی سەرودڵت دەگرێ بۆچی هەواڵی تازەی خۆتت پێ نەوتوە، ئەوەی بیری نەبێت تۆی کەچی خۆی لێت عاجزدەکات گوایە خۆشی و ناخۆشییەکانی خۆیت پێ نەوتووە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە زۆر جیاوازن لە مرۆڤی سەردەمانی دی.. بەشێکی زۆریان حەزیان لەوەیە هەمیشە تۆ قەرزاربیت، هەمیشە سوک و ڕیسوابیت، هەمیشە لەزیانا بیت، ئیش و کارت ڕاست نەبێتەوە، بکەویت و بەلەقە بەرەو خوارت بکەنەوە..کەچی تۆ بە نزیکترین کەس و نزیکترین هاوڕێتی دەزانیت..

تۆ وادەزانی خوا ئەوی دەستنیشانکردووە تا تۆ بچیتە سەر رێگای راست و زیان نەکەیت...خۆشبەخت بژیت.. جارێکیان لەشوێنێکدا خوێندمەوە دەڵێت (مرۆڤ ئەگەر بزانێت ژمارەی ئەو هاوڕێیانەی چەندن کە باسی دەکەن و ڕقیان لێیەتی ئەوا هەرگیز هاوڕێیەتی کەس ناکات).

هەر بەجدی ئەگەر ئەم قسەیە سەد لەسەد وانەبێت ئەوا بێگومان دوسەد لەسەد وایە..ئێمە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ زۆرێک لەهاوڕێکانمان ئاسودەو دڵخۆش بین کەچی توشی دەیان گرفت دەبین وبەشێکی زۆریان دەبنە مایەی خەفەت و کێشە بۆمان.

پاولۆ کۆیلۆ لەشوێنێکدا دەڵێت (سادەترین هۆکاری خۆشبەختی ئەوەیە کە کەسێک هەموو ڕۆژێک پرسیارت بکات). ئال پاچینۆ دەڵێت (ئەگەر ویستت رقت لێمبێتەوە ئەوا تۆ تەواو ئازادیت، بەڵام تکایە وا ڕەفتار مەکە کە خۆشت دەوێم).

کوت و مت هەتا دەتوانی خۆت بە..نەشتوانی پێویست بە عەزیەت دان و ئازاردانی خۆت ناکا بکشێرەوە..ژیان بەشی چی دەکات..؟ تا بە خۆخواردنەوەو خۆئازاردان و نیگەرانی بیبەیتە سەر.

دۆستۆڤیسکی گەورە ڕۆماننوسیش دەڵێت( ئێمە کەی دەگۆڕێین؟ دوای ئەوەی کە کەسێک شوێنێکی تایبەتی و جیاوازی لای ئێمە هەیە لەپشتەوە لێمان دەدات.

ئێمە هەر بەتەنها ناگۆڕێین..بەڵکو سەد ساڵ پیرتر دەبین). 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP