دانەر ئەسڵان
کەمێک پێش ئێستا یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەکانی نیشتمانی عێراق و هەڵبژاردەی کەمبدۆیا بە کۆتا هات بە بردنەوەی شێرەکانی ڕافیدێن بە ئەنجامی 4 - 1 بەم شێوەیەش هەڵبژاردەی عێراق پێشەنگی کۆمەڵەی 3 ی پاڵاوتنەکانی ئاسیای گرتەوە دەست بە مەبەستی گەییشتن بە مۆندیالی قەتەڕ و جامی نەتەوەکانی ئاسیا.
3 لە گۆڵەکانی عێراق لە گێمی یەکەم تۆمار کران لە لایەن میمۆ لە خولەکی 1 و بەشار ڕەسەن لە خولەکی 23 و عەلی عەدنان بە لێدانی سزا لە خولەکی 27 و گێمەکەش بەو ئەنجامە بە کۆتا هات.
لە گێمی دووەم دا کەمبۆدیا باشتر گەرایەوە نێو یاریگا و لە خولەکی 55 دا سویوای فیساڵ توانی گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار بکات کە تەنها دووەم گۆڵی کەمبۆدیایە لە پاڵاوتنەکان دا، بەڵام لە خولەکی 90 ی یارییەکەدا سەفا هادی توانی گۆڵی 4 بۆ عێراق تۆمار بکات و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە بە کۆتا هات.
بە تۆمار کردنی ئەو بردنەوەیەش هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق توانی بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ بگەڕێتەوە پێشەنگی کۆمەڵەکەی لە پاڵاوتن دا بەرامبەر بە 12 خاڵ بۆ هەڵبژاردەی بەحرەینی خاوەنی پلەی دووەم.