دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 3 هەفتە

پەشیمان بوونەوە له هاوسەرگیری؟

سامان سیوەیلی

تاکەکانی کۆمەڵگە هەموویان وەک یەک لەپڕۆسەی هاوسەرگیری ناڕوانن، ئەم جیاوازیەش لەدید و تێڕوانیندا دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی له تەمەن و ڕەسینی هەڵچوونی و سۆزدای، ئاستی ڕۆشنبیری، ئاستی کاریگەربوون به بەها کۆمەڵایەتیەکان، ئاستی پاپەند بوون به ئایین، پایەیی کۆمەڵایەتی، ئاستی ئابووری،

کەواتە دەکرێت بڵێین بوونی جیاوازی لەدیدی تاکەکاندا بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دیاردەیەکی ئاساییه، وەلێ گشت ئەم جیاوازییانە دەبێت لەناو چێوەی ئەو بازنەیەدا بێت کە کۆبیری کۆمەڵگه و ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی هەڵهێنجراوی ناو هەناوی ئەو کۆمەڵگایەی لەسەره، لەو کۆمەڵگایانەی چەپاندنی سێکسی بۆتە سەرچاوەی فشارێکی جەستەیی و دەروونی قوڕس لەسەر تاکەکان بەتایبەت﴿گەنجان﴾،ئەوا تێرکردنی سێکسیی دەبێتە ئەو چاویلکەیەی کە لەڕێگەیەوە لەپڕۆسەی هاوسەرگیری دەڕوانێت،

بەهەمان شێوە ئەوانەی کە بێبەشبوون لەسۆز هەراسانی کردوون، ئەوا تەنها لەژێر کاریگەری سۆز و تێربوونی سۆزداری بەرەوپیری پڕۆسەی هاوسەرگیری هەنگاو دەنێن، ئەگەرچی ئەم دوو توخمه( سێکس و سۆز) لە گرنگترین توخمە پێکهێنەرەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیرین و بە دوو کۆڵەکەی سەرەکی ئەم پڕۆسەیە دادەنرێن، بەڵام خوێندنەوە و وێناکردنی ژیانی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای یەکێک لەم دوو کۆڵەکەیە یان هەردووکیان پێکەوە بەتەنها وێناکردنێکی دوورە لە واقیع و دواجار و بە پڕاکتیک لەناو ژیانی هاوسەرییدا ناواقیع بوونی ئەم خوێندنەوەیه دەردەکەوێت.

پڕۆسەی هاوسەرگیری بەر له هەموو شتێک مامەڵەکردن و پێکەوە ژیانە لەگەڵ کەسێکی تر کە لەڕووی ڕەگەز و پێکهاتەی سایکۆلۆژی و تێڕوانین بۆ سێکس، جیاوازه، هەروەها ئەم دوو کەسه ( کچ و کوڕ ) لە دوو ژینگەی جیاواز، پەروەردەی جیاوازەوە دێنە ناو ژیانێکی هاوبەشەوە، کەواتە پێش هەموو شتێک هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر و کارکردن لەسەر نزیککردنەوەی جیاوازییەکان و دووستکردنی زۆرترین خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا گرنگترین ئەرکی هاوسەرانە بەتایبەت لەقۆناغەکانی سەرەتای پڕۆسەکەدا.

ئەوەی بەدی دەکرێت لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەم ڕۆژگارەدا، بوونی جۆرێک لەپاشگەز بوونەوەیە لەپاش چوونە ژیانی هاوسەریی، ئەم پەشیمانییە ڕەوشێکی دەروونی ئاڵۆز درووست دەکات لای هاوسەرەکە و کاریگەری نەرێنیش لەسەر بەرامبەر و کۆی لایەنەکانی ژیانی خێزان جێدەهێڵێت، .

●پەشیمانی له چی؟

لە خودی هاوسەر وەک کەس؟ ئەگەر ئەمە هۆکار بێت کەواتە هەڵبژاردەکەت دروست نەبووە و وەک پێویست هەڵنەسەنگێراوە، ئەمەش یان بە (سۆز) ئەم کەسەت هەڵبژێردراوە یاخود چەسپاندنی سێکسی نابینا و زەین تاریکی کردوویت، هاوسەر (پیاو) زۆرجار سکاڵا لەدەست ئەوە دەکات کە هاوسەرە ژنەکەی لێی تێناگات یاخود هیچ خاڵێک نییە هەردووکیان کۆ بکاتەوە، دەڵێت ئەو جیهانێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە زۆر جیاوازه لەجیهانەکەی من،

یان دەڵێت ژنەکەم ئینتیمای بۆ ماڵی باوک و کەسوکاری زیاتر لەئینتیمای بۆ من و خێزانەکەمان، یان دەڵێت لەوەتەی ژنم هێناوە هەموو ئازادیەکانم لەدەست داوە، جاران بەدڵی خۆم شەوانە لەگەڵ هاوڕێکانمدا دەچووینە دەرەوە، سەفەرمان دەکرد، دانیشتنی کات بەسەربردنمان هەبوو، یان ... یان... لێرەدا دەپرسین، لاوۆ ئەدی پێمان ناڵێیت ئەو بنەمایانە چی بوون کە تۆی گەیانده ئەو بڕیارەی ئەم هاوسەرەتی لەسەر هەڵبژێیت؟

لەکومەڵگەی ئێمەدا زۆر جار کچان بۆ ڕزگاربوون لەفشاری کۆمەڵایەتیانەی خێزان و ئەو کۆت و بەندانەی لەسەری دادەنێن کەئەو پێی وایه ئازادیه کەسیەکانی زەوت دەکرێت و هیچیشی پێناکرێت لەگەڵ خێزاندا بۆیە بەهەر نەرخێک بێت هەوڵدەدات لەو کوت و بەنده خۆی ڕزگار بکات و بچێتە ژیانی تایبەتی خۆیەوە لەڕێی ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە،

بەڵام کاتێک دەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە لەبەرئەوەی خوێندنەوەی دروستی نەکردووە بۆ ئەو کوڕەی دەبێتە هاوسەری، ڕەنگە دووچاری شۆک ببێت کەناتوانێت زیندەگی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بکات چونکە هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە، یاخود لەبەر ئەوەی ژیانی هاوسەرگیریش کۆمەڵێک کۆت و بەندی تر دادەنێت لەسەری بەڵام لەجۆرێکی تر، بۆیە هەست بەشکست و سەرنەکەوتن دەکات لە چوونە ناو ژیانی هاوسەرییەوە و هەست بە پەشیمانی دەکات، .

●پەشیمانی لەچی؟

لەبەرپرسیارێتییەکانی خێزان؟ ئەگەر ئەمە هۆکار بێت کەواتە تۆ واتزانیوە ژیانی هاوسەرگیری هاوشێوەی ئەو ساتە وەختانەیه کە هیچ بەرپرسیارێتییەکەت لەئەستۆ نەبووە (مەبەست ئەو کاتانەی پەیوەندی سۆزداری کچ و کوڕ دەبەستێتەوە بەیەکتر لەپێش هاوسەرگیریدا) بەرامبەر خۆشەویستەکەت کە تەنها موجامەلاتی سۆز و خۆشەویستی گۆڕینەوە لەڕێگەی مۆبایل و یەکتری بینین و مەلەکردن بووە لەناو دنیای خەیاڵاتدا،

بەڵام کە چویتە ژیانی هاوسەرگیرییەوە بینیت ژیانی هاوسەرگیری تەنها بەموجامەلاتی سۆز گۆڕینەوە و قوڵ لە قۆڵ کردن ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئەرکی سەخت دەبیتەوە، لەبەرئەوەی ئەوەی تۆ ئامادەگیت تێدا دروست نەبووە بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییانە، چونکە هەر لەسەرەتاوە ئەم مەسەلەیەت بەهەند وەرنەگرتووە، بۆیە بەرگەی ئەو ڕەوشە ناگریت و دەکەویتە ژێر فشارێکی دەروونی و جەستەیی قوڕسەوە، ئەمەش واتلێدەکات هەست بە پەشیمانی بکەیت و بتەوێت هەرچی زووتر خۆت لەو ڕەوشە ڕزگار بکەیت.

●پەشیمانی لەچی؟

هەست دەکەیت ژیانی هاوسەرگیری ڕۆتینێکی دووبارەبونەوەیە کەهەموو شەو وڕۆژەکانی لەیەک دەچن؟ ئایا تۆ هیچ هەوڵێکت داوە ئەو میکانیزمانە بگریتە بەر کە نوێبوونەوە و گوڕ و تین دەبەخشن بەژیانی خێزانی؟ هیچ دەخوێنیتەوە لەم بوارەدا؟ بەدوای زانیاری پێویستدا دەگەڕێیت؟ سەردانی ڕاوێژکارانی دەروونی و کومەڵایەتی دەکەیت؟.

کەسانێک هەن تەنها لەبەر قسەوقسەڵۆکی دەوروبەر دەچنه ژیانی هاوسەرییەوە، چوونە ناو ژیانی هاوسەری وەک سونەتێکی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکەن کە هەردەبێت بکرێت دەنا دەکەونە بەر لۆمە و میکرۆسکۆبی دڵڕەقانەی کۆمەڵگە، ئەوانەی بەمجۆره لەپڕۆسەی هاوسەرگیری دەڕوانن بەڵگەی ئەوەیە ئامادەگی دەروونیان نییه بۆ چوونە ناو ژیانی هاوسەری،

هەربۆیه ئەم کەسانە درەنگ یان زوو پەشیمان دەبنەوە، پەشیمان بونەوە لە هاوسەرگیری بارێکی دەروونی خراپە کەهاوسەرێک تێیدەکەوێت، ئەم حاڵەتەش یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە وەردەگرێت، یان ئەوەتا کەسەکە بڕیار دەدات کۆتایی بەو پەیوەندیە هاوسەرییە بهێنێت و پەنا بۆ جیابونەوە دەبات ، یاخوود لەبەر ئیعتیباری کۆمەڵایەتی درێژه بەژیانی هاوسەرگیری دەدات بەڵام ژیانی هاوسەری وەک دۆزەخێک تەماشا دەکات، بێگومان لەحاڵەتی دووەمدا ئەم جۆره کەسانە بەردەوام لەتەنگەژەی دەروونیدا دەژین و ژیانی خێزانییان پڕ دەبێت لە گرفت و گێژاو،

باشترین هەنگاوی خۆ پارێزی بۆ بەرگرتن لەڕوونەدانی ئەم باره دەروونییه لای هاوسەران ئەوەیە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندی دار بەژیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی خێزان بتوانن خولی هۆشیاری بۆ ئەو کچ و کوڕانە بکەنەوە کە دەیانەوێت بچنە ژیانی هاوسەرگیریەوە تاکو هەردوولایان ئاشنا بکەن بە کۆی لایەنەکانی ژیانی هاوسەرگیری و ئامادەگی دەروونی پێشوەختیان تیا درووست بکەن،

باشترین چارەسەریش بۆ ئەو هاوسەرانەی دووچاری هەستکردن بەپەشیمانی لەهاوسەرگیری دەبن ئەوەیە سەردانی ڕاوێژکاری دەروونی یان کۆمەڵایەتی بکەن، تاکو ببنە یاریدەرێکی باش بۆ تێپەڕاندنی ئەو حاڵەتە دەروونیە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە ئەو هاوسەرانەی دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن ئەوانەن کە لە ڕووی دەروونیەوە بە کەسانی نەڕەسیو دادەنرێن،

زۆرینەی ئەمانەش لەناو ئەو هەرزەکارانەدا هەیه کەلەقۆناغی هەرزەکاریدا دەچنە ژیانی هاوسەریەوە هاوسەرگیری پێشوەخت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP