دواین هەواڵ

عێراق‌

 21/04/2021

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی ٩٧ هەزار مردوی سڕیوەتەوە

هەڵبژاردن لە عێراقدا

هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌، کە بڕیارە لە (10ی ئۆکتۆبەر)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆتایی پێھێناوە، دوا مۆڵه‌تیش بۆ وەرگرتنی حزب و کاندید و ھاوپەیمانێتی درێژکردووەتەوە بۆ یەکی مانگی داهاتوو.

 لە کۆی (26) ملیۆن دەنگدەر لە عێراق زیاتر (13) ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانی نوێ کردووەتەوە، ھاوکات کۆمسیۆن (97) ھەزار ناوی مردووی لە تۆماری دەنگدەران سڕیوەتەوە، تاکو ئێستاش (478) کاندید ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی عێراق نزیک دەبێتەوە، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و پارت و لایەنە سیاسییەکان زیاتر کەوتونەتە خۆیان و ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردوە، بۆ تۆمارکردنی ناوی حزب و کاندید و تەنانەت ھاوپەیمانێتیەکانیش، دوا مۆڵەتی ئەو تۆمارکردنەش (1ی ئایار)ی ئەمساڵە.

 لە کۆی (261) حزب، (118) حزبیان بە نیازی بەشداریکردنن، (55) حزبی دیكه‌ش دەیانەوێت مۆڵەت وەبگرن و ناوی خۆیان تۆماربکەن، (32) ھاوپەیمانێتی لە ھەڵبژاردنی رابردوو دروستکرابوون، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە تەنیا (12) ھاوپەیمانی دووبارە بە نیازی بەشداریکردنن.


(478) کاندید ناوی خۆیان تۆمارکردووە، (140) کاندیدیان لە رێگای حزبەکانیان بەشداری دەکەن، پێکھاتەی مەسیحی (7) کاندیدی ھەیە، کوردی فەیلی (9) کاندید، سابیئیەکان (8) کاندید، ئێزدییەکانیش (5) کاندید، بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکەش عێراق داوای لە (75) وڵات کردووە چاودێری رۆژی ھەڵبژاردن بکەن، ئامادەشن پێشوازی لە (7) ھەزار چاودێری نێودەوڵەتی بکەن، رێگاش دەدەن رێکخراوە ناوخۆییەکان و کیانی حزبەکان (5) ھەزار چاودێریان ھەبێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وتی: "ئەوەی پەیوەستە بە چاودێرە نێودەوڵەتەیەکان، لیژنەیەکمان دروستکردووە بە سەرۆکایەتی فەرمانگەی ھەڵبژاردن "دادوەر عەباس فەرحان"، ئەم لیژنەیە لە رێگای وەزارەتی دەرەوە په‌یوه‌ندی کردووە لەگەڵ باڵیۆزخانە و رێکخراوەکانی (75) وڵاتی عەرەبی و بیانی تا ئێستاش سەرۆکی کۆمسیۆن بەردەوام لەگەڵ بالیۆزی وڵاتانی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن، ھەر ئەو لیژنەیە سەرقاڵی رێکخستنی داواکاری ئەو وڵاتانەیە کە دەیانەوێت چاودێری ھەڵبژاردنەکان بکەن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP