دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 19/04/2021

هاوسەرگیری و لێک جیابوونەوە ؟

ھەستیار عەلی- توێژەری دەرونی
من وەک رێنمایکارێکی  دەروونی بۆماوەیەکی زۆرە بەبەردەوام کار ئەکەم لە گەڵ بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی کە کێشەیان کەوتۆتە نێوان وە یاخود جیابونەتەوە لەگەڵ یەکتری گەیشتومەتە چەندین دەرئەنجام کە هەر یەکە لەوانە پێویستە هەلوێستەی لە سەر بکرێت و وەدەکرێت بەوەش دابنرێت کە زۆربەی کێشەکان بەهۆی ئەو دەرئەنجامانەوەیە ، بۆیە  هەوڵ ئەدەم ئاماژە بەهەندێکیان بکەم :

١- بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی ئێمە هاوسەر گیریان لە سەر پێوەری خۆشەویستی نیە هێندەی پێوەری جوانی و مادی و کار کراوەتە پێوەر بۆ ئەنجامدانی زەواج ، کە ئەگەر بمانەوێت ئەم خاڵە روونبکەینەوە چەندین نوسین و شیکردنەوەی پێویستە لە گرنگترنیان پێویستە ماناو گرنگی (خۆشەویستی ) روونبکرێتەوە و تێگەیشتنی گشتگیری بۆ درووست بکرێت .

٢- بەشێکی تریش لەو خێزانانەی هاوسەرگیریان ئەنجام داوەو کێشەیان هەیە یاخود جیابونەتەوە هۆکارەکەی ئەگەرێتەوە بۆ  ئەم کرانەوە و پێشکەوتنە خێرایەو بێ مەعریفەیەی کە کۆمەڵگای کوردی گرتۆتەوە بەشێکی زۆری خێزانەکان توشی کێشەی کردوە بەوەی کە (کەسێک ئەدی fb ناردوە ، یاخود کەسێک نوکەی کردوە ، یاخود تەلەفونی بۆ ئەکەیت مشغوڵە ، یاخود رەسم هاتوە بۆ ڤایبەرەکە  ،..... ) چەندین بابەتی لەم جۆرە کە ئەمانە واریدن و قابیلی روودانن .

٣- بەشێکی تری لەو خێزانانە لەبەر داب و نەریت و کولتورو قسەی خەڵک هاوسەرگیری کردوە کە ئەم خاتریەش ناتوانێت کەسەکە بگەیەنێتە کۆتای رێگەی ژیانی هاوسەرگیریەکە .

٤- بەشێکی تریان کە کێشەیان هەیە یاخود جیابونەتەوە هۆکارەکەی بۆ کەمی ئاستی رۆشنبیریان ئەگەرێتەوە ، کە زانیاری تەواویان نیە لە سەر ژیانی هاوسەر گیری قوربانیدان لە پێناویدا .

 ٥- بەشێکی تریشیان کێشەکەو هۆکاری جیابونەوەکەیان ئەگەرێتەوە بۆ نەگونجان لەگەڵ یەکتری کە ئەمەشیان وابەستەی ئەکەم بە بونی کەمی ئاستی رۆشنبیری لەسەر ئەو بابەتانەی کە پێویستە سازشی لەسەر بکەن و کۆدەنگی لەسەر کۆبکەنەوە .

 ٦- بەشێکی تریشیان هۆکارەکەی ئەگەرێتەوە بۆ خیانەتی زەوجی کە ئەم بابەتە لە ئێستادا بەچەندین شێوە لەناو بەشێک لە خێزانەکاندا رووئەدات و بەدیار ئەکەوێت و کارەساتی گەورەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت .

٧- لە ئێستا بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی کە کێشەیان هەیە یاخود جیابونەتەوە هۆیەکی زۆر نامەنتیقی ئەکەنە بیان و بۆ جیابونەوە لەیەکتری وە یاخود درووست کردنی کێشە بۆ یەکتری ئەویش (نەخۆشی دەروونیە) بە بێ ئەوەی هیچ زانیاریەکی لەسەر هەبێت نمونەیەکتان بۆ ئەگێرمەوە لەم ماوەیەدا لە کاتی کارکردنمدا پیاوێک ئەیوت من لە هاوسەرەکەم جیائەبمەوە نەخۆشی دەروونی هەیە زوو تورە ئەبێت و جاری واهەیە ئەنەرێنێ بەسەرمدا و لەم جۆرە قسانە ؟؟؟

بەڵام خوێنەری بەرێز ئەکەمە وەکیڵ کە بریاربدات لەسەر ئەم پیاوە هەرچەندە خۆم قسەی خۆمم کردوەو رئیشم هەبوە (ئەم ژن و پیاوە چەند منالێکیان هەبوو لە گەڵ ئەوەش کرێچی بون و ماوەی چەندین ساڵە بەیەکەوە ژیاون ، وە پیاوەکە لەبەیانیەوە رۆیشتوە بۆ ئیش تائێوارە و ، هەر کەنانی ئێوارەی  خواردوە رۆیشتۆتە دەروە بۆ خواردنەوە تا درەنگانێکی شەو و زۆربەی شەوەکان بەسەرخۆشی هاتۆتەوە  بۆ  بۆ مالەوە) ، تۆ خوا ئێستا ژنەکە لایەنی دەروونی تەواو نیە یا پیاوەکە!!!!!!؟؟؟؟؟

بۆیە بەداخەوە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێمە  ئاوا لە شتەکان  تێگەیشتوە ؟لەبەر کەمی شارەزای لەبابەتەکان و خۆدزینەوە لەو واقیعەی تیایەتی پەنا بۆ ئەم جۆرە قسانە ئەبات .

٨- بەشێکی تریشیان هۆکارەکەی بۆ خراپی لایەنی مادی ئەگەرێتەوە کە بە بروای من خۆشەویستی هەبێت بەدلنیاییەوە نابێتە کێشە چونکە بەهەزاران نمونەی وامان هەیە لایەنی مادیشیان خراپەو بەڵام جیاش نابنەوە.

بۆیە بەداخەوە لە ئێستادا رێژەی جیابونەو بەرەو هەلکشانە بەجۆرێک دەرئەنجامەکانیشی مەترسیدارن و بەو شێوەیەی ئێستا بروات ماوەیەکی تر کۆمەڵگای کوردی بەرەو دارمان و لێکترازان ئەرووات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP