هەرێم نیوز
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر ، هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک ئیدانە دەكا و رایگەیاند، لەگەڵ هەولێر و بەغدا کاردەکەن بۆ راكێشانی تاوانبارانی هێرشەکان بۆ بەردەم دادگا.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ،لە لاپەڕەی فەرمیی کۆنسوڵخانە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانیی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەركۆنە دەکەن و لەگەڵ هاوبەشانمان لێرە لە هەرێمی کورستان و حکومەتی عێراق کاردەکەین بۆ راپێچانی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا هێمای بۆئەوەشكردووە "هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆش پێنجشەممە 15-04-2021 نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە "ئێجگار توڕەبووین بە هەواڵی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق. خەڵکی عێراق ئازار و مەینەتی زۆریان بەدەست ئەم جۆرە تووندوتیژی و پێشێلکردنە بینی کە کراوەتە سەر سەروەری خاکیان."
هەر لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جگە لە سەرکۆنەکردنی وتی "هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لە سنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم".
دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەکی شەوی 14-04-2021 هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند "هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".
جگە لەو هێرشەی سەر هەولێر چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کران. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان لە هێرشەکەدا کوژراوە. دوای هێرشەکەش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.