دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 22/01/2021

خەمۆکیی وەرزی چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

خەمۆکیی وەرزی (seasonal affective disorder) جۆرێکە لە شڵەژان و تێکچوون لەمەزاجی تاک، هەروەها بە نزیکەیی و هاوشێوەی خەمۆکیە (depression)، جیاوازییەکەیان ئەوەیە خەمۆکی وەرزی تەنها لەهەندێک وەرزەکاندا ڕوودەدات و بەگۆڕانکاری لەوەرزدا نامێنێت، ئەم جۆرە لەخەمۆکی بەشێوەیەکی گشتی لەکۆتایی پایزو سەرەتایی زستاندا  دەست پێدەکات، هەروەها لەگەڵ گەیشتنی وەرزی بەهارو هاویندا نامێنێت، نەمانە بەو واتایە نایەت کە لەڕەگ و ڕیشەوە بەرەو نەمان بچێت، بەڵکو بەربڵاویی وبڵاوبوونەوەی کەمترە بەبەراود بەمانگی زستان و پایز.
هەشت نیشانەی خەمۆکی هەیە کە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت.
نیشانەکانی خەمۆکیی وەرزی:
ئەم جۆرە لەخەمۆکی بەشێوەیەکی گشتی بەناونیشانی شڵەژانێکی جودا لەجۆرەکانی خەمۆکی هەژمار ناکرێت، بەڵکو مۆدێلێکە لەخەمۆکی  کە لەوەرزی تایبەتدا سەرهەڵدەداتەوە.
بۆدەستنیشانکردنی تاک دەبێت لەماوەی دووساڵدا نیشانەکانی خەمۆکی ناوەرزی بەتەواوەتی  ئەزموون بکات لە وەرزی تایبەتدا (زستان یان پایز)، بەشێوازێک ئەم نیشانانە تەنها لەو وەرزەدا دووبارە بێتەوە.
نیشانەکانی خەمۆکیی ناوەرزی:
زۆرێک لەئێمە نیشانەکانی خەمۆکی کەم تا زۆر دەناسین، یاخود بیستوومانە لەکەسێکی پسپۆڕەوە، لەبەر ئەوە هەرگۆڕانکارییەک لەمەزاج نابێتە خەمۆکی و بەخەمۆکی هەژمار ناکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نیشانەکانی خوارەوە لەکەسی توشبوو بەخەمۆکی دەبینرێت.
1- هەست بەناڕەحەتی و بێ ئارامی و توڕەبوون.
2- هەست بەنائومێدی و بێ بایەخی.
3- ووزەی جەستە کەم دەبێتەوە.
4- حەزوو ئارەزوو سەبارەت بەچالاکی کە پێشتر ئەنجامی دەدا لەدەستی دەدا.
5- خەوی ئاسوودەیی نییە.
6- ئیشتهاو خولیاو کێشی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
7- هەست بەتەمبەڵی و پەشۆکان دەکات.
8- بەسەختی دەتوانێت کۆبیری(تەرکیز) لەسەر شتێک بکات.
٩- بەشێوەیەکی دووبارە بیر لەمردن یان خۆکوژی دەکاتەوە.
نیشانەکانی خەمۆکی لەوەرزی زستاندا:
ئەگەر نیشانەکانی خەمۆکی وەرزی لەگەڵ خەمۆکی ناوەرزی بەراورد بکەین، ئەوا دەبینین بەشێوەیەکی گشتی هەمان نیشانە لەهەردووکیاندا بوونی هەیە، هەروەها کەسانێک کە لەمانگەکانی زستاندا تووشی خەمۆکی وەرزی دەبن ئەم نیشانانەیان لێ دەردەکەوێت:
1- کەمبوونەوەی ووزەی جەستە.
2- زۆرخەوتن.
3- زۆرخۆری.
4- کێش زیادبوون.
5- ئارەزووی زۆر بۆبەکارهێنانی کاربۆهێدرات( ماکڕۆنی- گەنمەشامی- ساردی ....هتد.
نیشانەکانی خەمۆکی وەرزی لەمانگەکانی هاویندا کە بەربڵاوی وتووشبوون کەمترە:
1- کەمبوونەوەی ئیشتها لەگەڵ کەمبوونەوەی کێش پێکەوە.
2- بێ خەوی.
3- پەشۆکان و شڵەژان.
4- نائارامی.
5- سترێس و خەمباری.
6- ڕەفتاری توندوتیژخواز.
هۆکارەکانی مەترسی بۆ توشبوون:
هەندێک خەسڵەت و تایبەتمەندی پێدەچێت تووشبوون بەخەمۆکی وەرزی زیتر بکات، وەکو:
1- ڕەگەز" ژنان چوار بەرامبەری پیاوان توشی خەمۆکی وەرزی دەبن.
2- فاکتەری جگرافیایی" کەسانێک بەمەودایەکی دوورتر لەهێڵی کەمەرەیی ژیان دەکەن، زۆرتر ئەگەری تووشبوون بەخەمۆکی وەرزی هەیە، بۆنموونە" ژمارەی تووشبووان بەخەمۆکی وەرزی لەفلۆریدا بەبەراورد بەبەریتانیا(1بە 9).
3- پێشینەیی خێزانی" کەسانێک لەنیو خێزانی خۆیاندا پێشینەی هەرجۆرە خەمۆکیەکیان هەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
4-هەبوونی خەمۆکی یان تێکچوونی دووجەمسەری" ئەو کەسانەی کە خەمۆکیان هەیە یان شڵەژانی دووجەمسەرییان هەیە، ئەوا بەسانایی تووشی خەمۆکی وەرزی دەبن و بەتوندی نیشانەکانیان لەسەر دەردەکەوێت.
5- تەمەن" تووشبوون بەخەمۆکی وەرزی  لەنەوجەواناندا زیاترە، وەک لەکەسانی بەتەمەن و پیر.
هۆکارەکانی خەمۆکی وەرزی.
هۆکارەکانی خەمۆکی وەرزی بەشێوەیەکی گشتی نەناسراوە، بەڵام ئەو توێژینەوانەی کە لەم بوارەدا ئەنجامدراوە گەیشتوو بەم دەرئەنجام و  ئەم هۆکارانە ڕۆڵ دەبینێت.
1- ئەو کەسانەی کە تووشی خەمۆکی وەرزی دەبن، پێدەچێت لەڕێکخستنی سیرۆتۆنین لەجەستەیاندا گرفتیان هەبێت. (سیرۆتۆنین" لەگوێزەرەوە دەمارییە گرنگەکانە کە لەڕێکخستنی مەزاج ڕۆڵ دەبینێت.)
2- جەستەیی تووشبوو بەخەمۆکی وەرزی پێدەچێت زیاد لە پێویست هۆڕمۆنی میلاتۆنین دەربدات.
میلاتۆنین" خەو ڕێکدەخات و بەرهەم هێنانی لەتاریکیدا ڕێژەکەی زیاد دەبێت و بەرز دەبێتەوە، بەو شێوەیەی کە شەوانی زستان درێژترە، میلاتۆنین زیاتر لەجەستەدا بەرهەم دێت و کاریگەری لەسەرسیستەمی خەو هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی کە خەمۆکی وەرزیان هەیە سیستەمی خەویان تێکدەچێت.
3- ئەو کەسانەی کە تووشی خەمۆکی وەرزی بوون لەگەڵ کەمبوونی ڤیتامینD  ڕووبەڕوو دەبنەوە، ئەم ڤیتامینە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەچالاک بوونی سیرۆتۆنین، لەبەر ئەوە کەمی ڤیتامینD هۆکارە بۆخەمۆکی وەرزی.
چارەسەرکردنی خەمۆکی وەرزی.
چوار جۆر چارەسەری گرنگ هەیە:
1- چارەسەر بەدەرمان.
2- چارەسەر بەڕۆشنایی و تیشکی خۆر.
3- چارەسەری دەروونی.
4- بەکارهێنانی ڤیتامینD بەتەواوەتی.
1- چارەسەر بەدەرمان"  پێش ئەوەی باسی دەرمان بکەین، تکایە، تکایە، هەرگیز، هەرگیز، بەبێ ڕاوێژکردن بە دەروونپزیشک، ئەم دەرمانانەو هیچ جۆرە دەرمانێکی دەروونی بەکارمەهێنە.
زیاتر دەرمانی گروپی (SSRI) بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاردێت.
هەروەها ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا(FDA)  بێجگە لەو دەرمانەی سەرەوە، bupropion،  بۆچارەسەری خەمۆکی وەرزی بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەروونپزیشک بەپێی باروودۆخی کەسی تووشبوو دەرمان دەنوسێت، چونکە کاریگەری لاوەکی هەیە.
2- چارەسەر بەڕۆشنایی و تیشکی خۆر" لەساڵی هەشتاکاندا، هەتاوەکو ئێستە چارەسەر بەتیشک و ڕۆشنایی بەناونیشانی چارەسەری بنەڕەتی خەمۆکی بەکاردەهێنرێت، ئەم جۆرە لەچارەسەر بەم شێوەیەیە، تاک بۆ قەرەبووکردنەوەی تیشکی خۆر کە لە مانگەکانی پایزو زستاندا کەم دەبێتەوە، ئەوا نەخۆش لەناو سندوقێکی تیشکی هەتاوی دەستکردی درەوشاوەدا دەبێت، هەموو ڕۆژێک بۆماوەی (20بۆ60) چرکە لەڕووبەڕووی ئەو تیشکەدا دەوەستێت.
3- چارەسەری دەروونی، لە جۆری  چارەسەری هزری - ڕەفتاری (CBT):
ئەمە جۆرێکە لەچارەسەری دەروونی کە لە چارەسەری خەمۆکی وەرزیدا کاریگەری هەیە، وەک دۆزینەوەو ناسینی بیرەو هزرە نەرێکان و شوێنگرەوەی بەهزرو بیری ئەرێنی.
4- بەکارهێنانی ڤیتامینD"  لەئێستادا بەکارهێنانی ڤیتامینD  بەناونیشانی دەرمانێکی بنەبڕی کاریگەر لەبەرچاو نەگیراوە، چونکە دوو جۆری پێچەوانەی یەک لەبۆچوون هەیە، هەندێک لەتوێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ڤیتامینD  بۆ چارەسەری خەمۆکی وەرزی وەک تیشکی خۆر وایە، لەهەمانکاتدا هەندێک لەتوێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ڤیتامینD  کاریگەرییەکی بنەبڕو کاریگەری نییە.

عومەر عەلی، چارەسەرکاری دەروونی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP