هەندێک لە
حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى کوردستان و بەشێکیش لەوانەى کوێرانە و سۆزدارانە کەوتونەتە
شوێن پشتیوانیکردن لە کێشەى فەلەستین و لە هەمانکاتدا پشت لە کێشەى راستەقینەى
نەتەوەو خاکی خۆیان دەکەن و لە بەرامبەر نەیارەکان و کرمەکانى ناوخۆدا جۆرێکی دی
ڕەفتار دەکەن، ڕێک وەک ئەو بەسەرهاتەیان لێهاتووە کە دەگێڕنەوە لە یەکێک لە
گوندەکانى کوردستان ماڵێک لەسەر بان جێگەیان ڕاخستووە بۆ خەوتنى بەر مانگەشەو،
کەچى خەسوو بە بوکەکەى دەڵێت لە کوڕەکە دوورکەوەرەوە سووتا، بەڵام بە کچەکەى دەڵێت
بچۆ پاڵ بدە بە زاواوە باسەرماتان نەبێت، لەو کاتەدا بوکەکە سەر بەرز دەکاتەوەو
دەڵێـت: مەگەر بانێکەو دوو هەوا؟ هەر بۆیە ئەم ئیدیۆمە بۆ زۆرێک لەو بابەتانە
بەکاردەهێنرێت کە بۆ یەک بابەتى هاوشێوە دوو خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت،
هەر وەک ئەوەى کە لە کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل دا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت
لە کوردستان بە دنەدانى هەندێک حزبی نادەربەست و نابەرپرسیار،
پیشتیوانى لە کێشەى فەلەستین دەکەن و لە دوورەوە خۆیان شین و مۆرکردوەتەوە و
ئیسرائیل بە داگیرکەر و ستەمکار لە قەڵەم دەدەن، پێیان وایە ستەمیان لێکراوە و
خاکیان داگیرکراوەو لەم حاڵەتەشدا جیهاد و قوربانییدان واجبە لەسەر هەموو
موسڵمانێک، بەڵام لە ڕوداوى 16 ئۆکتۆبەرى 2017 دا (51%) ی خاکی هەرێمى کوردستان درایەوە بەدەست حەشدی شەعبی و عێراقەوە
کەچى هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، ئەوان بەردەوام لە دژى فرۆشتنى خاک و پەیوەندی
نهێنین لەگەڵ رژێمی بەعس، کەچى ئاساییە بەلایانەوە عەرەبەکان بە خۆیان و
حکومەتەکانیانەوە لەگەڵ ئیسرائیل کۆک و تەبا بن و ناوى جۆراوجۆری بۆ دادەتاشن،
میسر کە هەمیشە لە پێشى جەنگەکانى عەرەبەوە بووە لەدژى ئیسرائیل کەچى یەکەم وڵات
بووە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردوەتەوە، وڵاتانى کەنداو خۆیان بە
خەمخۆری موسڵمانان دەزانن کەچی لەڕیزبەندی یەکەمەکان بوون لە ئاسایی کردنەوەى
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، سەرەڕای ئەوانەش حەماس و بزوتنەوەى
شۆڕشگێڕییەکانى ترى فەلەستین نایشارنەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیەو
پێداویستى لە وڵاتانى دیکەش وەردەگرێت، کەچى ئەگەر حزبێکی وڵاتەکەى خۆی لە پێناوى
بەرژەوەندی هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دبلۆماسی دروستبکات هەزارو یەک ناوو
ناتۆرەى بۆ دەدۆزنەوە، ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە فیت (بانێکەو دوو هەوا)ى بۆ دەشێت و
حەق وایە ئەوانەى کە ئینسافیان هەیە بە یەک چاوو یەک ترازوو کێشەکان هەڵبسەنگێنن،
وەک چۆن بەزەییان بە خەڵکی سڤیلی جەنگە جۆراوجۆرەکانى دونیادا دێتەوە ئاواش
بەزەییان بە سڤیلەکانى وڵاتەکەى خۆشیاندا بێتەوە، وەک چۆن لە خەمی لە دەستدانى
زەویی فەلەستینیەکاندان ئاواش خەمی لە دەستدانی نیوەى کوردستانیش بخۆن، کە ئەگەر
بەرگریی پێشمەرگە گیانفیداکانى کوردستان نەبوایە لە رۆژی 16 ئۆکتۆبەردا هەولێریش
دەگیرایەوە، کەچی وەک ئەوەى نە بایان دیبێت و نە بۆران هەر بیریشی لێناکەنەوە،
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەریشەوە هەموو ئەدەبیاتی ئۆپۆزسیۆن و هەندێ لایەنی سیاسی ئەوەیە،
کە هەرچی هەیە و نییە رادەستی بەغدای بکەن، لە پێناو موچەدا، کە هێشتا دیار نییە
ئەو عێراقە موچە دەدات یان نا. هەر ئەمانە
تەنانەت دژی حکومەتی هەرێم میدیاکانیان بەکاردەهێنا و بەردەوام چاوەرێی قسە
پوچەکانی بەرەی مقاومە بوون کە لەدژی هەرێم دەیانکرد، زیاتر و زیاتر فشارییان لە
حکومەتی هەرێم دەکرد بەهەر نرخێ بووە لەگەڵ بەغدا پێکبێت، کەچی ئێستا بەهەموو
شێوەیەک پشتیوانی لەبەرەی غەزە دەکەن و ناڵێن خۆ ژیان و خزمەتگوزارییەکانی غەزە
بەدەستی ئیسرائیلەوەیە و هەڵدانی موشەک بۆ ئیسرائیل و قەسفی عەشوائی و کوشتنی
خەڵکی مەدەنی زیانیان پێدەگەیەنێت و دەتانخاتە بەر سزای توندی ئیسرائیل. هەر ئەم رەوتە کە سات و سەودایان لەگەڵ بەرەی مقاومەدا
هەیە ئێستاشی لەسەر بێت پێیان باشە عەرەب و ناسیۆنالیزمەکانى عێراق بێنەوە سەر
کورسی فەرمانڕەوایی، بەڵام کوردێک و هاوشارییەکی خۆیان نەبێت، مەگەر ئەوە نییە
عێراق موچە نانێرێت کەچى خۆپیشاندان لەدژى هەرێم دەکرێت، دادگا پەڕوباڵی هەرێم
دەکات کەچى پشتیوانى لە هەڵوێستى عێراق دەکەن و دەیان شتى دیکەش.
پرسیارەکە ئەوەیە،
ئەگەر ئەم هەڵوێستە لە ڕوى ئاینى و مەزهەبییەوەیە ئەوا سەرجەم
دەقە
ئاینییەکان پێمان دەڵێن نەتەوەو خاکی خۆت لە پێشترە، ئەگەر لە ڕوانگەى مرۆیشەوەیە
ئەوا چ جیاوازییەک لە نێوان کوردستان و فەلەستین دا هەیە، مەگەر هەر ئەوانەش
نەبوون کە کوردستانیان بە قودس دەچوواند و لە دروشم و شیعر و چیرۆکەکانیاندا
پێشمەرگەو بەردوەشێنەکانى فەلەستینیان پێکەوە ناو دەهێنا، ئەى ئێستا خێرە
تەرازووەکەیان لاسەنگ بووەو نەتەوەو خاکی خۆیان لە بیرچوەتەوەو بە لاسەنگی
پشتیوانى لە فەلەستین دەکەن، تاکار گەیشتووەتە ئەوەی میدیای هەندێ لایەن
بەپێشمەرگەیان دەوت کوژراو، لەکاتێکدا پێشمەرگە شەڕی خاک و شەرەفی ئەوانی دەکرد
لەدژی داعش، بەڵام بەوانەی فەلەستن دەڵێن شەهید. بە دیوەکەى
تریشدا ئەو هەڵوێستانەى کە فەلەستینیەکان لە بەرامبەر کێشەى کورد هەیانبووە زۆر
لاوازبووە و بگرە زۆرینەى جارەکان پشتیوانییان لە سەدام و ڕژێمەکەى کردوەو شەقامی
وڵاتەکەیان بەناویەوە کردوەو پەیکەرى قارەمانانەیان بۆ تاشیوە، ئەوە لە کاتێکدا
سەدام و ڕژێمەکەى قەتڵ و عامی کوردیان دەکرد، ئەمە لە کوێی فەرهەنگی موسڵمانێتی
برا عەرەبەکانماندا جێگەى دەبێتەوە، بۆ ئەوەى بابەتەکە بەهەڵە ڕاڤەنەکرێت، ئەمە
ڕەوایەتى دان نییە بە تاوانەکانى ئیسرائیل و بەکارهێنانی توندو تیژیی لە بەرامبەر
غەززەو ژن وە منداڵ و سڤیلى ئەو شارەدا، بەڵکو ئەوەى ئیسرائیل کردویەتى و دەیکات
بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە خراپی پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و سەرکردەکانى
عەرەبەوە هەیە و بەشێکی تریشی بێدەنگی نێودەوڵەتی و وڵاتانى زلهێزە بەرامبەر کێشەکەیان،
هەر بۆیە باشتروایە کوردیش بیرێک لەوە بکاتەوە کە هێندەى سەرقاڵی کێشەکانى خۆی بێت
ئەوەندە خۆی نەکاتە قوربانى ئەو کێشانەى کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەسەریەوە نییەو
بگرە هەندێکجار بە زیانیش دەشکێتەوە.
هەر بۆیە عەقڵی
سەلیم پێمان دەڵێت: چەندە دژى داگیرکردنى غەززەو شوێنەکانى تری فەلەستینن، دەبێـت
دوو ئەوەندەو زیاتریش لەدژى داگیرکردنى کوردستان بین ، چەندە پێمان ناخۆشە
موسڵمانێکی فەلەستینی بکەوێتە ژێر پێلەقەى ئەفسەرێکی ئیسرائیلى دەبێت دوو ئەوەندەش
پێمان ناخۆش بێت کە ئەبو ئیزرائیل و حەسەن پلایس و جەماعەتەکەى سوکایەتى بە کورد و
کوردستان بکەن، چەندە سرودە حەماسییەکانى ئیسرائیل داماندەچڵەکێنێت دوو ئەوەندەش
دەرکردنى کورد لە سەر ماڵ و حاڵی خۆی بمانجوڵێنێت و بەدەم دروشمی یان کوردستان یان
نەمانەوە بەرەو پیری مەرگ بچین، ئەگینا رۆژێک لە رۆژان هەر دەبێت یەکێک سەرێک بەرز
بکاتەوەو پێمان بڵێت: بانێکەو دوو هەوا.