دواین هەواڵ

میدیاو ئازادی لە دیدگای کارەکتەرێکی سیاسیدا

‌ئاریان فەرەج

22/04/2021

ئەگەر لە کۆمەڵگە دیموکرات و لەخەم رەخساوەکاندا، میدیای ئازاد ئامرازی بەرچاوروونیی رای گشتی و کەرەستەی کاریگەری چاودێری بێت بەسەر ئەدائی دەسەڵات و دامودەزگاکانەوە، ئەوا بۆ گەلی ئێمە کە گرەوی لەسەر سەلماندنی شایستەیی و دیموکراتخوازی کردووە، ئازادی میدیایی یەک لە پێوەرەکانی ئەو شایستەبوونەیە. 
کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ خەبات و قوربانییە، بەڵام بۆ سەلماندنی شایستەیی و بەدەستھێنانی پەسن و  دۆست و پشتیوان ، ئەو مێژووە بەتەنھا بە فریای ناگات، پابەندیی بە پرنسیپە پەسەندە مەدەنی و دیموکراتییەکانی سەردەم کە یەکێکیان ئازادی رۆژنامەگەرییە، لەم جیھان و رۆژگارەدا، رەنگە لەو مێژووە بە تەئسیرتر بێت. 

لە ھەر جێیەکی جیھان بە کۆمەڵگە و سیستمە دیموکراتە لیبڕالە نموونەیەکانیشەوە، لە نێوان ھەردوو کایەی سیاسەت و میدیادا، بەریەککەوتن و لێکنەگەیشتن و دردۆنگی و نارازیبوون لەیەکتر، کەم تا زۆر ھەیە و دەبێ، بۆیە لە ھەر کوێ ئەو دوو کایەیە توانییان رایەڵەیەکی لێکگەیشتن دروست بکەن، لەو جێیە عەقڵیکی کراوەی سیاسی ھەیە و لەبەرامبەریشدا میدیایەکی پیشەیی رەچاوکەری یاسا وئیتیک و ھەروەھا میدیاکارانی کارامە و لێزان ھەن. 

نێچیرڤان بارزانی وەک کارەکتەرێکی سیاسیی ئەم ووڵاتە،‌ بە مامەڵەی دۆستانھی لەگەڵ  میدیاکاران، بە تێگەیشتنی قوڵی لە بایەخی میدیا، بە پشتیوانیی لە ئازادیی رۆژنامەگەری، بە خۆشکردنی زەمینە بۆ ھاتنەئارای دەزگای میدیایی پرۆفیشنەڵ، بە پشتگیریی لە زەمینەی یاسایی لەبار و ھاندەر و ئاسانکار بۆ میدیاکاران، دەمێکە بۆ راکێشانی ئەو رایەڵەی لێکگەیشتنەی نێوان کایەی سیاسی و کایەی میدیایی لەھەوڵدایە. 

ئەو باوەڕی وایە رۆژنامەنووسان گەر بە ئاسانی دەستیان بگاتە سەرچاوەکانی زانیاری، بێ بەربەست و رێگری بتوانن زانیاری و ئاگاھی بە رای گشتی بگەیەنن، دەست نەخرێتە رێیان، کایەی میدیا دەبێتە ھاوبەشێکی کارا لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەی مەدەنییانەی کۆمەڵگەدا. 

لە روانگەی نێچیرڤان بارزانیدا، گەر میدیاکار زانیاریی دروستی چنگ کەوێت و بە ئەمانەتەوە بیگوێزێتەوە و لەو رێیەوە خەڵک زانیاری راست و دروستیان پێبگات، ئەوا خەڵک لەبەر رۆشنایی و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە دروستانە، ھەڵوێستی دروست وەردەگرن و بە پێچەوانەشەوە زانیاری نادروست و چەواشە، رای گشتی و ھەڵوێستەکانی بە رێگەی چەواشەکاریدا دەبات. ئەوەش دواجار بە زیانی کۆی کۆمەڵگە دەشکێتەوە. 

نێچیرڤان بارزانی لەھەمان کاتدا پێی وایە چەندی رۆژنامەنووسان پیشەییانە و ھاوسەنگ و بێ لایەنگیری و بە رەچاوکردنی ئیتیک و ئاکار و پێوەرە پەسەندە جیھانییەکان، کاری خۆیان بکەن، ئەوەندە خۆ لە گێچەڵ و رێگری و دەستوەردان دەپارێزن و دەپەرژێنە سەر بینینی رۆڵی گرنگی چاودێرانەیان بەسەر دامودەزگاکانەوە، ئەو رۆڵەی لە ھاوکاریی دەسەڵات و دامەزراوەکانی و راستکردنەوەی ھەڵە و کەموکورتییەکاندا، تا بڵێی پێوویست و پڕ بایەخ و بێ بەدیلە.  

لە روانگەی ئەو کارەکتەرەدا، نەک ھەر رۆڵی چاودێرانەی میدیا بەسەر ئەدائی دامەزراوەکانەوە دەبێ باشترین زەمینەی بۆ بسازێ، بەڵکو چاودێری رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی چاودێر بەسەر ئازادی کاری میدیاییشەوە بەھەمان شێوە دەبێ بە چاوی رێز و پەرۆشی تەماشا بکرێن نەک گومان .. ئەو دەڵی: راپۆرتی ئەو رێکخراوانەی بە ئەمانەت و راستگۆییەوە لەسەر دۆخی ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەریی لە کوردستان دەنووسرێن، دەبێ بە یارمەتیدەر و رێنیشاندەر و ھەلسەنگێنەری خۆمان بزانین و لەبەر رۆشناییاندا ھەم دەسەڵات و ھەم میدیاکاران سوود وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچی و پێشێلکاری لە کایەی میدیادا. ئەو سەرپێچییانەی کە بە باوەڕی ئەو، جگە لە یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان، نابێ بە ھیچ یاسا و رێسایەکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. 

ئازادی و لەنێویشیاندا ئازادیی میدیایی، نەک ھەر پێوەرێکە بۆ ھەڵسەنگاندنی شایستەیی ھەرێم و گەلی کوردستان لە چاوی دەرەوەدا، بەڵکو لەناوخۆشدا ئازادی دەسکەوتێکی میللییە و خەڵکی کوردستان بە خەباتی خۆیان بەدەستیان ھێناوە.. ماف و دەسکەوتی بەدەستھاتووش، ھەرگیز لێی کەمناکرێتەوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP