دواین هەواڵ

یادیی ڕۆژنامەگەری کوردی و چەند قسەیەک

‌ سەردەشت محەمەد

21/04/2021

١٢٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی ڕۆژنامەی " کوردستان" لەقاهیرە، کەلەلایەن "میقداد مەدحەت بەدرخان"ەوە بەزاراوەی کرمانجی ژورو دەرچوو، کە ئاشکرایە مەبەست لەدەرچونی ئەو ڕۆژنامەیەش گرنگیدان بوو، بەخوێندن و فێربونی زمانی کوردی و کێشەی نەتەوەی کورد لە دونیادا ،

ئێستاو پاش تێپەڕبونی ١٢٣ ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا و دوایی دەرچونی سەدان ڕۆژنامەو گۆڤار و دامەزراندنی دەیان میدیای بینراو بیستراو لەباشوری کوردستان، کەچی ڕەخنەو گلەیی بینەران و بیسەران و خوێنەرانی کورد گەیشتۆتە ئاستێک کە داوایی داخستن و نەمانی بەشێک لەم دەزگایانە بکرێت و زۆرێک هۆکاری تێک چونی شیرازەی کۆمەڵگاو پچڕاندنی پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت زۆر بونی گرفتە کۆمەڵایەتیانیش بۆ نابەرپرسیارێتی بەشێک لەم دەزگایانە دەگەڕێننەوە .

تەنانەت بەشێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانیش ڕەخنەی توند ئاراستای زۆرێک لە میدیاکان لەباشوری کوردستان دەکەن و پێیان وایە نەک نەیان توانیەوە بواری ڕاگەیاندن لەکوردستاندا هەنگاوێک بەرەو پێش بەرن، بەڵکو بە هۆکاری ئەو پاشەکشێیانەیان دەزانن کەماوەی ساڵانێکە میدییا بەخۆیوە بینوێتی، لەتازەترین ناڕەزایەتیشدا کەلەنێو شەقامی کوردیدا سەری هەڵداوە ناڕەزایەتی خەڵکە بەرامبەر گواستنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆکوشتنی هاوڵاتیان و بەتایبەت لەم چەندڕۆژەدا کەدەتوانین بڵێین خوێناویترین ڕۆژبوو لەماوەی ئەم ساڵدا لەکوردستان،

کە هاوڵاتیان پێیان وابوو میدیا لەباشور زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ گواستنەوەی ئەوڕداوانەدا کردوە و هەندێکیش دەزگاکانی ڕاگەیاندنیا بەوە تۆمەتباردەکرد کە لەڕێگەی گواستنەوەی ئەو ڕوداوانەوە کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکەن کەچۆن خۆیان بکوژن یاخود هەوڵی کوشتنی کەسانی دیکە بدەن، ئەمەجگە لەوڕەخنانەی کە لەماوەی ڕابردودا ئاراستەی بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن گیراو بەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیەکان گەیشت بەو ڕادەیەیی کە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم بڕیاری ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەک لەبەشێک لە کەناڵەکانەوە بدات،

نیگەرانییەکانی بەشێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان تەنها لەچوارچێوەی کێشەکۆمەڵاتیەکاندا نییە، بەڵکو وایی بۆدەچن کە بەشێک لەم میدیایانە لەکوردستان هێندە بەئاراستەی خزمەت کردنی ئەجیندای داگیرکاری وڵاتانی دوژمن بەگەلی کورد کاردەکەن نیوهێندە بۆ خزمەت کردنی گەلی کورد و مافەڕەواکانی کورد لە چوارپارچەی کوردستان کاریان نەکردووە و نایکەن،

بەڵکو ئەوان پێیان وایە دامەزراندنی بەشێک لەم دەزگا ڕاگەیاندنانە بەهاندانی ئەو وڵاتانە دامەزراون و ئەوان لەپشت دامەزراندیانەوەن، ئەمە جگە لەدامەزراندنی ئەو هەمو دەزگایانەیە کەهەریەکەو بەئاشکرا سەربەحیزب و لایەنێکن یاخود بەمیدیایی سێبەر ناویاندەبرێت و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ئەجندایی هێزێکی سیاسیی دەکەن و بەشێکی زۆریان بون بەبەشێک لە قوڵبونەوەی ناکۆکییە نێوخۆیەکانی نێو ماڵی کورد و حیزب چۆنی بوێت بەوجۆرەئاراستەیان دەکات،

هەربۆیە ئەم جۆرە لەڕەخنەو نیگەرانیەکانی خەڵک دەمانگەیەنن بەو بڕوایەیی کە بەداخەوە دوایی تێپەڕبونی زیاتر لە سەدساڵ بەسەر دامەزراندی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی و ئەو ئامانجەی کە لەپێناویدا دامەزرا لەبری ئەوەی میدیا بتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی تاڕدەیەکی باش بەدونیای دەرەوە بناسێنێت و ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنیاندا کەچی بەپێجەوانە میدییا خۆی بووە بەبەشێک لەزیادبونی ئەو گرفتانە و کێشەی میدیاش هاوشێوەی کێشەکانی دیکە پێویستی بەوەیە ڕێگاچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP