دواین هەواڵ

چی دەبارەی کۆبوونەوەی G7 دەزانی؟

‌کوردۆ شێرکۆ

پێش 2 هەفتە

گروپی G7 بەو حەوت دەوڵەتە گەورەیە دەوترێت کە لەڕووی ئابووری و پیشەسازیەوە بە پێشکەوتووترین و بەهێزترین دەوڵەتانی جیهان دەناسرێت، ئەوانیش بریتین لە ووڵاتانی (وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا،ئیتاڵیا، ژاپۆن، کەنەدا) کە بە هەر حەوت ووڵات ٦٢٪ ی تەواوی سەروەت و سامانی جیهانیان لەبەردەست دایە، گروپی G7 هەر ساڵە و لەلایەن ووڵاتێکی ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و میوانداری کۆبوونەوەی لوتکەی ساڵانە دەکات کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، جگە لەو حەوت ووڵاتی ئەندامی هەمیشەی هەریەکە لە (سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا) و (سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا) هەروەها ساڵانە نوێنەرانی ووڵاتانی دیکە و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بانگێشت دەکرێن و بەشداری دەکەن، گرنگترین بنەما سەرەکیەکانی گروپی G7 بریتییە لە (بەهاکانی ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسیەت، حوکمی یاسا، خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی بەردەوام). مێژووی گروپی G7 لەساڵی ١٩٧٣ کاتێک کە کێشەی نەوت بەرزی نرخی نەوت هاتەکایەوە هەریەک لە ووڵاتانی( وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا،فەرەنسا،ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە ساڵی ١٩٧٥ گروپی G6 یان دروست کرد بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابووریەکان، ساڵی دواتر ووڵاتی کەنەداش هاتە ناو گروپەکە و ناوی گروپەکە گۆردرا بۆ G7.

هۆکاری ئەندام نەبوونی ڕوسیا و چین لە گروپی G7؟ یەکەم: هەرچەندە ڕووسیا ساڵی ١٩٩٨ بوو بە ئەندام و ناوی گروپەکە گۆڕدرا بۆ گروپی G8 بەڵام ساڵی ٢٠١٤ دوایی ئەوەی ڕوسیا دورگەی کریمیای کۆنتڕۆڵ کرد و لکاندی بە ووڵاتەکەیەوە بووە هۆی ئەوەی ئەندامێتی ڕووسیا لە گروپەکە هەڵپەسێردرێت.

دووەم: سەبارەت بە ووڵاتی چین هەرچەندە گەورەترین دەوڵەتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە و دووەم گەورەترین ئابووری هەیە لە جیهاندا بەڵام سامانەکانی ئەو ووڵاتە بە کەمتر لە ووڵاتانی ئەندامی گروپی G7 هەژماردەکرێت. گرنگترین دەستکەوتەکانی گروپی G7 یەکەم: ساڵی ٢٠٠٢ سندوقی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی نەخۆشیەکانی (ئایدز،سیل،مەلاریا،کۆکە ڕەشە) دامەزراند کە بووە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی (٢٧) ملیۆن کەس. دووەم: ڕێکەوتنامەی کەشو هەوا کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە پاریسی فەرەنسا واژوو کرا.

سێیەم: پشتیوانیکردن لە (٤٢) ووڵاتی هەژار لە ساڵی ١٩٩٦ کە کەوتبوونە ژێر باری قەرزەوە. کۆبوونەوەی گروپی G7 ی ٢٠٢٥ لە کەنەدا کۆبوونەوەی گروپی G7 ی ئەم ساڵ بە میوانداری ووڵاتی کەنەدا لەڕۆژانی ١٥ تا ١٧ حوزەیران لە کاناناسکیسی هەرێمی ئالبیرتا بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردەکانی هەریەکە لە ووڵاتانی (وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا،بەریتانیا،فەرەنسا،ژاپۆن،ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، کەنەدا) و هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، هەروەها وابڕیارە زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وەکو ووڵاتی میوان بەشداربێت، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش ئەو بابەتانە لەخۆ دەگرێت کە پەیوەندیان هەیە بە ئاسایشی گشتی جیهانەوە وەک(جەنگ، جەنگی بازرگانی، ئاسایشی ووزە، پەرەسەندنی گرژیەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران)، هەر لە سەرەتاوە کەنەدا ئاشکرایکرد کە کە لووتکەکە بەیاننامەی هاوبەشی کۆتایی نابێت، تەنیا بەیاننامەی سەرۆکایەتی لوتکە بڵاودەکرێتەوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP