پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و نیشتمانیەکانی کابینەی نۆیەمی حکوموتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە شاری هەولێر و سلێمانی لە بواری جێبەجێ کردندایە، وابڕیارە تاکو ساڵی (٢٠٢٦) کارەبای ٢٤ کاتژمێری بگەیەندرێتە تەواوی هەرێمی کوردستان، بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار دوای ٣٣ ساڵ حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) لە کابینەی ٩ دا دەبنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، هەر لە دەسپێکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بووە مایەی خۆشحاڵی هاوڵاتیان، بەڵام ئەم پڕۆژەیەش وەکو هەموو پڕۆژە ستراتیژی و نیشتمانیەکانی دیکە بەدەرنەبووە لە دژایەتی کردن و چەواشەکردنی ڕای گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ناشرین کردنی ئەم پڕۆژە گرنگە.
کێن ئەوانەی دژایەتی پڕۆژەی ڕووناکی دەکەن؟
١- پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و کەسانی بەناو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی پۆپۆلیست کە هەر لە دەست پێکی کابینەی ٩ یەمەوە ئیشیان تەنیا ناشرین کردنی حکومەت و چەواشەکردنی ڕای گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر هەر پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی و نیشتمانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات.
٢- خاوەن مۆلیدەکان و کەسانی هەلپەرست کە ساڵانێکی زۆرە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەروتێننەوە لە بەرامبەر پێدانی کارەبایەکی کەم پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگرن، بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی ئیتر ئیشیان نامێنێت و دەبێت دەرگای مۆلیدەکانیان دابخەن، بۆیە بە هەر جۆرێک بێت مەبەستیانە ئەم پڕۆژە نیشتمانیە لە بەرچاوی هاوڵاتیان ناشرین بکەن.
٣- نەبوونی زانیاری پێویست لە لایەن هاوڵاتیان بە گشتی دەربارەی پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای ٢٤ کاتژمێری)، پێویستە لەسەر لایەنی جێبەجێ کاری پڕۆژەی ڕووناکی بەرچاو ڕوونی پێویست بخاتە بەردەست هاونیشتمانیان تاکو ئەو نیگەرانیانەی کە هەیانە سەبارەت بە نرخی کارەبا بڕەوێتەوە.
بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی یەک کارەبای ٢٤ کاتژمێری، هەروەها لە ڕووی تێچووشەوە لە چاو پارەی کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی پێشووتر تێچووی کەمتر دەکەوێت لەسەر هاوڵاتیان، بۆیە پێویستە هەموو هاوڵاتیان پشتگیری ئەم پڕۆژە گرنگ و نیشتمانیە بکەن.