دواین هەواڵ

کاریگەریی ململانێی ئیسرائیل – تورکیا لەسەر سووریاى نوێ و داهاتووى کورد لەو نێوەندەدا

‌د. سەردار قادر

5 رۆژ پێش ئێستا

“هیچ ئاشتییەک بێ سووریا سەر ناگرێ و جەنگیش بێ میسر ڕوو نادات.”

ئەمە وتەى “هێنری کێسینجر”ە (١٩٢٣-٢٠٢٣)، کە چەندان ساڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بوو؛ كاتێک کە توانیی “حافز ئەسەد”ی سەرۆکی پێشووترى سووریا بە ئاگربەستى سووریا لەگەڵ ئیسرائیل ڕازی بكات، ئەویش دواى جەنگى 7ی ئۆکتۆبەرى ساڵی 1973 کە لەلایەن سووریا و میسرەوە کرایە سەر ئیسرائیل بۆ گێڕانەوەى ئەو زەوییانەى کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لەو دوو وڵاتەى داگیر کردبوو؛ بەڵام بەهۆى هەوڵەکانى کێسینجر، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، توانرا لە ڕۆژى 31 ئایارى 1974 ئاگربەستى هەمیشەیی لە نێوان سووریا و میسر لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیەنرا. ئیسرائیل لەو جەنگەدا شارى “قنەیترە”ى سووریا و تەواوى زنجیرە بەرزایییەکانى جۆلانی داگیر کرد. بەپێی ئەو ڕێکكەوتنە، ئیسرائیل لە شارى قنەیترە و هەندێ لە بەرزایییەکانى جۆلان کشایەوە، بەڵام لە ساڵی 1981 بەفەرمى بەرزایییەکانى جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە خرانە سەر خاکی ئیسرائیل. ئیدی لەو ساتەوە پێکدادان لە نێوان سووریا و ئسیرائیل ڕووی نەداوەتەوە.

کەواتە بە لۆژیکی کێسینجر بێت، تەواوى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەقەکانیان سووریا و میسرە؛ جەنگ و ئاشتییش بەبێ ئەو دوو وڵاتە سەر ناگرن. بەڵام نەتانیاهۆ دواى ڕووخانى ئەسەد زوو جووڵەى بەرەو ئەو ناوچانە دەست پێ کرد، پشتێنەى ئەمنیی نێوان سووریا و ئیسرائیلی داگیر کرد و پەلى بۆ شوێنانى تریش هاویشت، تا دەگاتە بەرزایییەکانى چیاى شێخ. ئەو مەودایەیش بە زیاتر لە 500 میل چوارگۆشە زیاتر دەخەمڵێنرێ کە ئێستا بەدەست ئیسرائیلەوەیە و بە نیازی کشانەوەیش نییە. لەو ڕوانگەیەیشەوە توانیویەتى هەرسێ دەوڵەتى سووریا و ئوردن و لوبنان لەیەکدی داببڕێ؛ لەوەیش زیاتر هەر لە ڕێگەی بەرزایییەکانى چیاى شێخەوە دەتوانێ کۆنترۆڵی هەرسێ پایتەختەکەیش بکات. هەر بۆیە نەتانیاهۆ دواى کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچانە ڕای گەیاند، کە ڕێکكەوتننامەى ئاگربەستى 31ی ئایاری 1974 هەڵوەشاوەتەوە و ئێمە کارى پێ ناکەین.

لە ڕوانگەى ئەو گوتەیەى کێسینجرەوە دەتوانین بڵێین:

دواى کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچە نوێیانە لە خاکی سووریا، ئیسرائیل لەژێر گوشارێکی زۆردا نەبێ، ناکشێـتەوە؛ لەم قۆناغەیشدا ئەو گوشارە توند و کاریگەرە نییە. ئەوەى کە ئیسرائیل پێش پەنجا ساڵ هەوڵی بۆ دەدا، ئێستا لە چنگیدایە. هیچ هێزێکی هاوتەریبیش نییە لەو ناوچانە وەدەری بێنێ، بەتایبەت وڵاتانى عەرەبی.

سووریاى نوێ، دەبێ ببێتە پانتایییەکی ئارام بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.

هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی لە سووریا ڕۆشنایی نابینێ، ئەگەر شوێنکەوتەى ستراتیژییەتى ئیسرائیل نەبێ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.

هیچ سەقامگیرییەک بۆ سووریا و ئیسرائیل لە بەرەى باکوورى ئیسرائیل، بەبێ سووریا لە ئارادا نییە؛ هەر بۆیە پرۆسەى ئاشتیی سووریا و ئیسرائیل هێڵی سوورە بۆ ئیسرائیل و لە ئەجێنداى ئەمریکا و ئیسرائیلدایە.

ئیسرائیل هیچ هاوبەشێکى دژبەر، یان ڕکابەر لە دۆخى سووریا قبووڵ ناکات، بەتایبەت تورکیا و ئێران.

کەواتە ململانێ توندەکە لە سووریا لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدایە

بەڵێ وایە؛ ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی ناکۆکی فرەچەشن، کە بە لاى هەر یەکەیانەوە لەمەڕ ئاسایشی نەتەوەییدایە بۆیان و قابیلی سازش نین. هەر یەک لەوانیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنى دەسەڵاتى سیاسیی سووریای نوێیە. کۆنترۆڵکردنى سیستەم و دامەزراوە ئاسایشییەکانى سووریا، ئاڕاستەکردنى پرۆسەى سیاسیی سووریا بەو شێوەیەى کە لەگەڵ ستراتیژییەتیاندا هاوتەریبە، سیستەمى بەڕێوەبردنى دەسەڵات بەوەى ئایا لامەرکەزیى سیاسی بێت یان تەنیا کارگێڕی- چونکە تورکیا مەبەستیەتى بژاردەى دووەم پەیڕەو بکرێ، بەڵام ئیسرائیل خوازیارى بژاردەى یەکەمە-، جۆرى سیستەمە سیاسییەکەیش جێی نیگەرانیى ئیسرائیلە، چونکە مەترسی هەیە لەوەی کە دەسەڵات فۆرمی ئیسلامییە جیهادییەکەى بەرنەدات و دواتر ببێتە مۆڵگە بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکان و جارێکی دی حەماس پێگەى خۆى تێدا ببینێتەوە.

 لە لایەکی تریشەوە تورکیا لە هەوڵدایە لە ڕووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەى هەبێ، چونکە ئێستا سووریا زیاتر لە 11 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیى هەیە و ڕۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل نەوتیش بەرهەم دێنێ. پێگەى پێکهاتەکانى سووریا خاڵێکی ترى ناکۆکییە؛ تورکیا خوازیارە تەنیا لە ڕووی یاساى هاووڵاتیبوون و مافە مەدەنییەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بەڵام ئیسرائیل خوازیارە لامەرکەزیی سیاسی جێگیر بکرێ و پێکهاتەکان تایبەتمەندیى خۆیان بپارێزرێ، بەتایبەت نەتەوەى کورد و دروز و مەسیحییەکان. ئیسرائیل وڵاتى تورکیا لە ئاییندەدا بە مەترسییەکى گەورە دەبینێ لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەى؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە ئەوانەى لە سووریاى نوێ لە دەسەڵاتدان، هەموویان هەڵگرى ڕەگەزنامەى تورکیان و ستراتیژییەت و سیاسەتى ئەو پیادە دەکەن.

هەر بۆیە لە ڕۆژانى داهاتوودا ململانێی تورکیا و ئیسرائیل توندتر دەبێ، چونکە تورکیا بەنیازە تەواوى بونیادی دەسەڵات لە ڕوانگەى ستراتیژییەتى خۆیەوە دابنێ و شوێنپێگەى ئێران لە سووریا بگرێتەوە.

ئاستى پێکدادانى نێوانیان لە سووریا لە چ ئاستێکدایە؟

دەکرێ پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە بێ: ئایا پێ دەچێت ئەو دوو وڵاتە ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی یەکدی ببنەوە؟ بێ گومان وەڵامەکە تا ڕاددەیەکی زۆر “نەخێر”ە، چونکە:

تورکیا ئەوەندە دەوڵەتێکی سادە و بێتوانا نییە کە ڕووبەڕووبوونەوەکەى قورسایی نەخاتە سەر ئیسرائیل.

هەر ململانێیەکى ڕاستەوخۆ و توندى نێوانیان، جیهانی ئیسلامی دابەشی سەر دوو بەرە دەکات. لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ، ڕای گشتیى جیهانی ئیسلامی لایەنگیریى تورکیا دەکات. ئەمەیش ئەو هەڵوێستە نییە کە ئەمریکا و ئیسرائیل خوازیارى بن.

تا هەنووکە ئەمریکا هاوپەیمانی هەردوو وڵاتە؛ ئەمریکاش جۆرێک لە ئاسانکارى بۆ سیاسەتى تورکیا لە سووریا دەکات.

تورکیا ئەندامى “پەیمانى ناتۆ”یە و پێگەى جیۆپۆلیتیکی بۆ ئەوروپا زۆر گرنگە.

ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازیی نێوانیان هاوکێشەى ململانێ قورستر دەکات. ئەو بەرەیەى کە دژ بە ئیسرائیلە بەهێزتر دەبێتەوە، لە سووریا و لوبنان و یەمەن و عێراق سەرلەنوێ پێگەى ئێران بەهێزتر دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لەو حاڵەتەدا دژوارییەک بۆ پەیمانى ناتۆ و ئەمریکا دێتە ئاراوە و تورکیا بۆ بەهێزبوونى پێگەى خۆى، زیاتر لە ڕووسیا و چین نزیکتر دەبێتەوە.
ئەی ململانێ سەختەکە لە کام ئاستدا دەبێت؟

ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردن و ناسەقامگیریی دەسەڵاتى سیاسی لە سووریا دەدات، تا بەو شێوەیە نەکەوێتەوە کە ستراتیژییەتى تورکیا لە سووریا دەیخوازێ. بەگەڕخستنى ناکۆکییە تائیفەگەرى و نەتەوەیییەکانى وڵات، وەک کورد و عەلەوی و دروز و مەسیحییەکان، کارتێکی گوشارى بەهێزە. ئەو وڵاتە لە 7 ئیتنی جیاوازى ناکۆک پێک هاتووە.

ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنى باشوورى سووریا دەدات بە قووڵایی 65کلم؛ تەنانەت لە هەوڵی لامەرکەزیی سیاسیدایە بۆ پارێزگاى سوەیدا بەرامبەر بە کۆنترۆڵکردنى باکوورى سووریا لەلایەن تورکیاوە، کە هەوڵی دروستکردنى سێ بنکەى سەربازی لە سووریا دەدات.

جەنگی پرۆکسی لە سووریا لە نێوان پێکهاتەکان وەک بەرەیەک و دەسەڵاتى ناوەندى لە لایەکی ترەوە، کە لە توانیاندایە دەرچەکانى دەسەڵات بەرەو جیهانى دەرەوە دابخەن، کورد و مەسیحییەکان لە باکوور، دروز لە باشوور، عەلەوییەکانیش لە ڕۆژاوا کە بە هەموو کەناراوەکانى وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە؛ ئەمەیش دەسەڵات تووشی جۆرێک لە خنکانى ئابوورى و سیاسی دەکات، بێجگە لەوەى کە کۆمەڵگەى سیاسیی سووریا تووشی دابەشبوونى ڕاستەقینە دەکاتەوە؛ چونکە کورد و عەلەوی و مەسیحی و دروز و ئیسماعیلییەکان زیاتر لە 40- 50%ی سووریا پێک دەهێنن.

کاریگەریى ئەو ململانێیە لەسەر ڕەوشی سیاسیی سووریا

گومان لەوەدا نییە ئەگەر بەردەوام بێت، کاریگەرییەکى نەرێنی لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت و بەرەو دەوڵەتانى ناوچەکەیش تەشەنە دەکات، چونکە تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە جۆرێک لە قووڵاییی ستراتیژیی خۆیان لە سووریا دەبیننەوە و دەبنە لایەن لە ململانێکە. بەو جۆرەیش ناسەقامگیری، ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و بوارەکانى بژێوی و گەشەسەندن و پەرەپێدان و وەبەرهێنان دووچارى ئیفلیجبوون دەکات و، پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنى لایەنەکان مەحاڵ دەبێ. بەمەیش ململانێکان توند دەبنەوە و جەنگە پرۆکسییەکان برەو پەیدا دەکەن. لە ئاکامیشدا وابەستەبوون و ئینتما بۆ ئەو وڵاتە لەوپەڕی لاوازیدا دەبێت. دەسەڵاتى سیاسییش ستراتیژییەتێکی ڕۆشنی بۆ وڵات نییە و تا هەنووکە نەیتوانیوە لە ڕیتم و کەلتوورى دەسەڵاتى پێش خۆى قوتاری ببێت. ئەوەیش بەئاشکرا لە جاڕنامە دەستوورییەکە بۆ قۆناغی ڕاگوزەرى ئەو وڵاتەدا دیارە.

ئەوانەى دەسەڵاتى سیاسییش بەڕێوە دەبەن، هیچ زەمینە و بونیادێکی جەماوەرى و سیاسییان لەو وڵاتەدا نییە و خاوەن ئەزموونیش نین؛ ئەوەندە نەبێ کە چەند ساڵێکی کەم شارێکی وەک ئیدلیبیان بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە بردووە. لە 70%ی کاربەدەستانى دەسەڵات لەدایکبووى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوون و هەموویان هەڵگرى ڕەگەزنامەى تورکییشن. گرفتێکی گەورەیشیان لە بونیادی سەربازیدا هەیە. ئەوەى کە ئەوان دەپارێزێ جەماوەرى وڵاتەکە نین، بەڵکوو ئەوانەى کە ئێستا دەسەڵات و ئاسایشی وڵاتیان بەدەستە، زۆربەیان بیانین و هەڵگرى ناسنامەى سووریا نین؛ ئەوان لە 33 دەوڵەتەوە هاتوون و ژمارەیان نزیکەى 27 هەزار کەس دەبێ.

هەر ئەو ترسەیە کە واى لە دەسەڵات کردووە، پێویستیى بە ماوەیەکی زەمەنیى هەبێت تا خۆی تێدا بونیاد بنێت، چونکە لە جیاتی ئەوەى کە لەلایەن جەماوەرەوە پشتیوانی بکرێ و هەڵبژێردرێ، دەیەوێ لە ماوەى ئەو  پێنج ساڵەى کە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە جاڕنامە دەستوورییەکەدا هاتووە، ئەو کەموکورتییانەى دەسەڵاتەکەیان پڕ بکەنەوە؛ دەنا لە هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنى پێشوەختە، ئەوانەى کە ئێستا لە دەسەڵاتن، دوورخستنەوەیان زۆر ئاسانە. هەر بۆیە پێ دەچێ دەسەڵاتدارانی نوێ و تورکیا بە هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنى پێشوەختە ڕازی نەبن. هەرچەندە ئەو ماوە زۆرەى بۆ قۆناغی ڕاگوزەر دیاری کراوە، وەک بۆمبێکی کاتى وایە و دەسەڵاتیش بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبات، چونکە دەسەڵاتداران تا ئەم قۆناغە هیچ هەنگاوێکی کردەیییان بەرەو دیموکراسییەت نەناوە. هەر بۆیە لەو بارەیەوە دەوڵەتانى دونیا بەرچاویان ڕۆشن نییە و پەلە لە هەنگاوەکانیان بەرەو سووریا ناکەن.

ئایا ئەو ململانێیە چەند هەڕەشەیە بۆ سەر پرسی کورد؟

یەکێک لە خاڵە دژوارەکانى پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هاوکێشەکانى ململانێی نێوان بکەرە سیاسییەکانى ناوچەکەیە؛ بەوەى کە کورد دەکەوێتە ناو جەرگەى ئەو هاوکێشانەوە، کە هەڵوێستێکی دژوار تووشی کورد دەبێ؛ بەوەى کە ئایا تاچەند پارسەنگی ئەو هاوکێشانە لە بەرژەوەندیى ئەو دەکەونەوە.

ململانێی تورکیا و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر پرسی کورد لە سووریا هەیە و ناڕاستەوخۆش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە پرس و پێگەى کورد لە سووریا بە یەکێک لەو خاڵە ستراتیژییانەى ئیسرائیل دادەنرێ کە جێی بایەخە و دەیەوێ لە بەرژەوەندیى خۆى بەکاری بێنێت. هەر بۆیە لاى هەندێ چاودێری سیاسی، ڕێکكەوتننامەکەى نێوان سەرکردە مەزڵووم عەبدى و شەرع بە دوورخستنەوەى کورد لە ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە ئەژمار دەکرێ و لاوازکردنى هەژموونى ئیسرائیلە لەو وڵاتە؛ لێدانیشە لەو تەوەرەى کە ئیسرائیل کارى لەسەر دەکات، ئەویش جوداخوازى و تایبەتمەندیى پێکهاتەکانە؛ چونکە بەندەکانى ڕێکكەوتننامەکە لە ڕووی تەکتیکییەوە ئەوەندەى لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە و دیمەشق کەوتۆتەوە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیى کورد نین. دواتریش جاڕنامە دەستوورییەکەیش هیچ بەهایەکی بۆ ڕێکكەوتنەکە نەهێشتەوە؛ هەرچەندە بە چاودێریی ئەمریکا کراوە.

کەواتە یەکێک لە پارسەنگەکانى ململانێکە بەسەر کوردا شکایەوە. خۆ ئەگەر پرۆسەى بەرەو ئاشتى لە تورکیا هیچ بەرەنجامێکى ئەرێنیی لێ نەکەوێتەوە، هەڕەشەکان زۆرتر دەبن و، دەبێت کورد خۆى بکاتە جێی بایەخى ئەمریکا تا لە هەڕەشەکانى تورکیا پارێزراو بێت. لە لایەکی دیكەیشەوە ئەگەر سووریا تووشی شەڕی ناوخۆش ببێتەوە، ئەویش هەر هەڕەشەیەکی تر دەبێت بۆ کورد، چونکە دەکەوێتە نێوان بەرداشی دەسەڵات کە سەر بە تورکیایە و تورکیاش خۆى کە لەسەر سنووریەتى.

کەواتە دەتوانین هەڕەشەکان لەمانەدا پوخت بکەینەوە: نەگەیشتنە ڕێکكەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ دیمەشق (لەو حاڵەتەدا کورد دەبێت بڕیار بدات بەوەى ئایا دەبێتە دۆستی تورکیا یان ئیسرائیل)، ڕێکنەکەوتن لەگەڵ تورکیا، شەڕی ناوخۆ، پەراوێزخستنى کورد و پێنەدانى مافە نەتەوەیییەکان، نەبوونى لامەرکەزیى سیاسی لە سووریا، کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، ڕێکنەکەوتنى لایەنە کوردییەکان لەنێو خۆیاندا و نەبوونى یەک ئەجێنداى نەتەوەییی هاوبەش، گوشارى نەرێنی بۆ سەر لایەنە کوردییەکان تا ناچار بکرێن لە پێناو مانەوە، ببنە دۆست و هاوپەیمانى ئێران؛ کە ئەمەیش دەبێ هێڵی سوور بێ لاى  لایەنە کوردییەکانى سووریا.

ئەی دەرفەتەکان دەبێت چی بن بۆ کورد؟

گۆڕان لەسەر ئاستى دەسەڵات لە سووریا، لە بەرژەوەندیى کورد بوو لەسەر ئاستى نەتەوەیی. ئەگەرچی تورکیا و دەسەڵاتى نوێ خۆیان لە لامەرکەزیی سیاسی بۆ کورد بدزنەوە، بەڵام ناتوانن دان بە مافەکانى نەتەوەى کورد لەسەر ئاستى مافە مەدەنییەکان نەنێن.

پرۆسەى بەرەو ئاشتى لە تورکیا چەند لە بەرژەوەندیى کوردى باکوورە، ئەوەندەیش لە بەرژەوەندیى کوردى ڕۆژاوایە.

هەرچەندە ململانێکە توند بێت، بەڵام جۆرێک لە پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ مافى پێکهاتەکان لە سووریا هەیە و، دەبێت حکوومەتى نوێی سووریا ڕەنگدانەوەى هەموو پێکهاتەکانى سووریا بێت.
ململانێکە وا لە کورد دەکات بەهۆى پێگەى گرنگی خۆیەوە وەک بکەرێکی سیاسیی سەرەکی بمێنێـتەوە. ئەمەیش، دەبێت سەرکردایەتیى کورد لە سووریا لەبەرچاوی بگرێ.

ئەو دابەشبوون و ناسەقامگیری و پەرتبوونە سیاسییەى کە لە سووریا هەیە، لە بەرژەوەندیى کوردە.

نەبوونى پەیوەندییەکى باشی ئاساییی حکوومەتى نوێی سووریا لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە، وای کردووە کە بایەخدان بە کورد تا هەنووکەیش هەر بایەخی بمێنێت. کوردیش لەو بارەیەوە، دەبێت جووڵەى دیپلۆماسیی تایبەت بە خۆى هەبێت. بەڵام سەرکردایەتیى کوردى سووریا، پێ ناچێ هیچ هەنگاوێکی دیپلۆماسیی بۆ ئەو مەبەستە لە ناوەوە و دەرەوەى سووریا هاوێشتبێت، بەتایبەت بۆ وڵاتانى کەنداو و ئەوروپا و ئەمریکا.

پێگەى سیاسەتى ئەمریکا و ڕووسیا لەو ململانێیە

گەرچی ڕووسیا ئەو مەبەستەى بۆى هاتبووە سووریا، کاتى تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا نە دەسەڵاتى نوێی سووریا و نە ئەمریکا و ئەوروپاش داواى کشانەوەى هێزەکانى ڕووسیایان لە سووریا نەکردووە. بەڵام ئەو کاریگەرییەى جارانى سەردەمى ئەسەدی نەماوە، بەڵکوو بکەرێکى شوێنکەوتەى ستراتیژییەتى ئەمریکا و تورکیایە. لەوەیش زیاتر، ئیسرائیل مەبەستیەتى ئەو بنکە سەربازییانەى ڕووسیا لە سووریا بمێننەوە، تا بەر بە هەژموونى تورکیا بگرن و شوێنیان لەلایەن تورکیاوە پڕ نەکرێتەوە. ئەمەیش بە جۆرێک لە ڕێکكەوتن و سازش لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا دادەنرێ؛ لە لایەکی تریشەوە دابڕینی ڕووسیایە لە چین و ئێران. هەر بۆیە پێگەى ئەو دوو وڵاتە، ئەمریکا و ڕووسیا پێ دەچێ زیاتر لایەنگرانە بێ بۆ ئیسرائیل، بەڵام مەترسییەکانى تورکیاش بەهەند وەردەگیرێن؛ بۆ نموونە مەترسییەکانى تورکیا سەبارەت بە کورد لە ڕێگەى ڕێکكەوتنەکەى نێوان مەزڵووم عەبدی و شەرعەوە تا ڕاددەیەکی زۆر ڕەوینەوە، بەتایبەت ئەو خاڵەى کە باس لە پشتگیرینەکردنى هەردوو لا بوو بۆ هەر هەوڵێکی جوداخوازی لە سووریا، کە مەبەست لێى کورد بوو؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هیچ جۆرە لامەرکەزییەکى سیاسی بۆ کورد نە لە ڕێکكەوتنەکە و، نە لە جاڕنامە دەستوورییەکەدا نییە.
ئەمریکا لە چ حاڵەتێکدا لە سووریا دەکشێتەوە؟

ئێمە لەو بارەیەوە پرسیارە کلاسیکییەکەمان تێ پەڕاند، بەوەى ئایا ئەمریکا لە سووریا دەکشێتەوە؟ بۆ ئەم قۆناغە وا باشترە پرسیارێکی دی بکەین: ئاخۆ ئەمریکا لە چ حاڵەتێکدا دەکشێتەوە؟
نەمانى مەترسیی داعش؛ ئەویش بە دوو ڕێگە: تەسلیمکردنەوەى بەندکراوانى داعش بە دەوڵەتەکانیان؛ بوونى هێزێکی دی لە شوێنی ئەمریکا بۆ دژایەتیى داعش، کە لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسیی دیمەشق هەماهەنگیی دەبێت، وەک: دەوڵەتانى ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و ڕووسیا و پێدانی ڕۆڵ بە وڵاتانى کەنداو، وەک عەرەبستانى سعوودی و ئیمارات.

تۆکمەکردنى ڕێکكەوتنى کوردى سووریا لەگەڵ تورکیا و دیمەشق؛ بەو شێوەیەى کە گەرەنتیى زۆرترى بۆ کورد و تورکیا تێدا بێـت. ئەمەیش پێ دەچێت هەموارکردنەوەى جاڕنامە دەستوورییەکەى لێ بکەوێتەوە؛ بەڵام دەکەوێتە دواى پرۆسەى ئاشتیى تورکیا نەک ئێستا، چونکە ئێستا تورکیا پێی هەرس ناکرێ.

دەسەڵاتى سیاسیی سووریا تەواو لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکا و ئیسرائیل بخولێتەوە؛ کە بەدوور نازانرێ ڕێکكەوتننامەى ئیبراهیمیش لەگەڵ ئیسرائیل مۆر بکات.

بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە لوبنان و ئوردن و عێراق، جۆرێک لە هەژموونى بەسەر سووریاشدا هەر دەمێنێتەوە و بوارى هێزەکانى ئاسمانى دەتوانن ئەو بۆشایی هەبوونە لەسەر زەوى پڕ بکەنەوە.
کورد و پشتیوانیی ئیسرائیل

ئەوەى لەو نێوەندەدا دەگوزەرێ تا ئێستا تەنیا لێدوانى پشتیوانییە؛ نە ئیسرائیل لە ناوەندەکانى بڕیارى نێودەوڵەتى کردوویەتییە کردار و نە کوردیش هیچ ئەجێندایەکی هەیە بۆ سوودبینین لەو پشتیوانییانە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە پایتەختەکانى ئەوروپا و ئەمریکا، کە پەیوەندیی ئاسایی و پشتیوانییان هەیە بۆ سیاسەتەکانى ئیسرائیل و، پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى نێودەوڵەتییش هەر لەوانەوە سەرچاوە دەگرێ. هەر بۆیە پێویستە لەسەر کورد ئەجێندایەکی تایبەتى بۆ ئیسرائیل هەبێت، تا بۆ ئەو مەبەستە گوشارى زیاتر بخاتە سەر ئەمریکا، بۆ ئەوەى زیاتر بە کردار پشتیوانی لە کورد بکرێت و مافە سیاسییەکانى بەدی بێن. لەوەیش زیاتر، دەکرێ ئەجێندایەکی کورد هەبێ بۆ زیاتر کۆمەکیکردنى ئەمریکا بۆ پرسی کورد لە بوارى سەربازی و سیاسی و ئابوورى.
سەبارەت بە کوردانى ڕۆژاواش، پێویستە زۆر نزیکبوونەوەیان لە تورکیا  بەهەستیارییەوە وەربگرن، چونکە لە بەرامبەردا پشتیوانییەکانى ئیسرائیل ئەرێنی نابن و دوژمنیشیان لەسەر ئاستى ناوخۆ زۆرتر دەبن. کەواتە قۆستنەوەى پشتیوانیى ئیسرائیل بۆ کورد، دەبێ بکرێتە ئەجێندا تا لەسەر ئاستى ئەمریکا و دەوڵەتانى کاریگەرى ئەوروپی بکرێنە کردار. گومان لەوەدا نییە کە ئەو کارە لە تواناى ئیسرائیلدایە.

ململانێى ئیسرائیل و تورکیا و کاریگەریى لەسەر وڵاتانى عەرەبی

ئەوەى کە لە سووریا ڕووی دا، لە بەرژوەندیى دەوڵەتانى سوننیى کەنداو کەوتەوە بەتایبەت و، جیهانى ئیسلامی سوننییش بەگشتى، چونکە دواى 61 ساڵ و 7 مانگ لە حوکمى بەعسى عەلەوی، جارێکی تر دەسەڵات بۆ سوننە گەڕایەوە. ئەمەیش خاڵێکی ئەرێنی بوو بۆیان، هەر بۆیە زۆر بەزوویی کاریان لەسەر ئەوە کرد جارێکى دی دواى دابڕانی سووریا، بیگەڕێننەوە بۆ ژینگەى عەرەبی و سوننى. یەکێک لەو ئامانجانە لەگەڵ ستراتیژییەتى تورکیادا هاوتەریبە، ئەویش گەڕانەوەى سووریایە بۆ جیهانی سوننە؛ بەڵام گەڕانەوە بۆ پانتاییی وڵاتانى عەرەبی، جێی هەستیاریى تورکیایە. هەر بۆیە ئەردۆغان ڕای گەیاند کە: هەموو پشتیوانییەکى دەسەڵاتى سووریا دەکەین تا لەسەر پێی خۆى بوەستێت. بەڵام ئایا سیماى سیاسەتى وڵاتانى عەرەبی لەو نێوەندەدا دەرهەق بە سووریا لە چیدایە؟
گێڕانەوەى سەقامگیری و دەسەڵات، کە مۆرکی عەرەبی و سوننى لەخۆ بگرێ.

سووریا ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کۆمپانیاکانى وڵاتانى کەنداو لە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان.

هەڵوێستیان لەمەڕ ململانێی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا، پارسەنگەکەى لە بەرژەوەندیى ئیسرائیلە، چونکە ڕکابەرییان لەگەڵ تورکیا هەیە لە لایەک؛ لە لایەکی تریشەوە تەواوى دەوڵەتانى کەنداو لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکادان، کە ناتوانن بەپێچەوانە ڕۆڵ ببینن. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هەندێک لە دەوڵەتانى کەنداو خۆیان ڕێکكەوتننامەى ئیبراهیمیان لەگەڵ ئیسرائیل مۆر کردووە؛ ئەوانەى تریش بەناڕاستەوخۆیی هەڕەشە نین بۆ سەر ئیسرائیل و ژێربەژێریش پەیوەندیی بازرگانى و دیپلۆماسییان هەیە.

سیناریۆکان لە ڕوانگەى ململانێی تورکیا و ئیسرائیل بۆ داهاتووى سووریا

بەکورتى، پێ دەچێت سێ سیناریۆ لە مەوداى ململانێکانى سووریا برەویان زیاتر بێت:

ئەگەر ململانێکان بەو توندییە بەردەوام بن، ئەگەرى تێوەگلاندنى پێکهاتەکان هەیە، بۆ نموونە عەلەوییەکان و کورد و دروزییەکان. گەرچی عەلەوییەکان ساڵانێكی زۆر لە دەسەڵات بوون و دەستەبژێرەکەیان لە ڕێگەى دەسەڵاتەوە ستەمی زۆریان لە خەڵکی سووریا کرد، بەڵام لە ڕووداوەکەى لازقیە و قنەیترە، بوون بە کەمینەیەک کە بەرەو کۆمەڵکوژى دەچن. 100 شێخی دروزییەکانیش بە مەبەستى پشتیوانی و پاراستنیان هانایان بۆ ئیسرائیل برد و سەردانێکی فەرمییان بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دا؛ تەنیا کورد ماوە کە ئەو کارتە بەکار بێنێ؛ مەسیحییەکانیش لەلایەن ڤاتیکان و دەوڵەتانى ئەوروپا و ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن. ئاکامى ئەو پرۆسەیەیش کەوتنەوەى شەڕی ناوخۆیە، چونکە بۆ سەودایەکی نیشتمانى، دەسەڵاتى سیاسی هیچ هەنگاوێکی لەو بارەیەوە نەناوە.

ئەگەر هات و لایەنە سوورییەکان لەسەر دەستوورێک و دەسەڵاتێکی دیموکراسی و مەدەنی کۆک بوون و ڕەنگدانەوەى هەموویان بوو و لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییشەوە پشتیوانی کران، ئەوا سووریا دەچێتە قۆناغێکی سەقامگیریی دەستوورییەوە. بەڵام تا ئێستا ڕوخسارى ئەو سیناریۆیە بەدەرنەکەوتووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەسەڵات بە دواى خۆسەپاندندا دەگەڕێ و لەو بارەیەوە دەستوورێکی کاتیی ڕاگەیاندووە، کە هەمان دەستوورەکەى سەردەمی ئەسەدە؛ تۆزێک بە تامێكی دیموکراسی. بەڵام لە ئەرزى کرداردا تاقی نەبۆتەوە، بەڵکوو سەرۆک لە هەموو شوێنێکە و دەسەڵاتى زۆرە و لە بەردەم هیچ دامەزراوەیەکیش لێپرسینەوەى لێ ناکرێ. ئەمەیش بۆ پێنج ساڵی قۆناغی ڕاگوزەر جێی مەترسییە و بەرەو دیکتاتۆرییەت سەر دەنێ. بەڵام لە بەرامبەردا دەبێتە هۆکارى شەڕى ناوخۆ و ناڕەزایەتى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە.

ئەگەرى سێیەم، دیکتاتۆرییەتێکی نوێیە ک هەندێ کرانەوەى لەگەڵدایە و هەندێ لایەنیش بەشدارییان پێ دەکا لە دەسەڵات و، جاڕنامە دەستوورییەکەیش لەوانەیە هەموار بکرێتەوە، چونکە تا ئێستا پشتیوانیى نێودەوڵەتیى ڕاستەقینە بۆ دەستوورە کاتییەکە نییە. دەسەڵاتى سیاسی بۆ ئەو سیناریۆیە هەندێ هەنگاوى ناوە، بەڵام جێی متمانە و بەدەمەهاتنى لایەنەکان نەبووە، چونکە لایەنەکان پێگە و داخوازییەکانى خۆیان لە دەسەڵاتى نوێدا نابینن. هەر بۆیە قۆناغەکەى ئێستاى سووریا بەو جۆرە دەمێنێـتەوە، تا هاوکێشەکانى ترى لوبنان و غەززە و یەمەن و عێراق یەکلایی دەکرێنەوە. کەواتە ئەو نیمچەسەقامگیرییە بەردەوامیى دەبێت و ئەمریکا و ئیسرائیلیش تا هەنووکە ڕایان لەسەرە؛ بەڵام کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتى نوێی سووریا لە مەوداى ستراتیژییەتى ئەواندا بێت، نەک تورکیا و ئێران.

کاریگەریى ململانێکەى سووریا لەسەر هەرێمی کوردستان

تا ململانێکە بەو شێوازە بمێنێتەوە لە بەرژوەندیى هەرێمی کوردستانە؛ پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و بەناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئیسرائیل پتەوتر دەبێت. ئەمەیش واى لێ دەکات بە بکەرێکی سیاسیی نادەوڵەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بمێنێتەوە.

بەرەوپێشچوونى پرسی کورد لە سووریا، گەرەنتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر دەکات.

لە ئەگەرى تێکچوونى بارودۆخى سووریا بەرەو شەڕی ناوخۆ، لە بەرژەوەندیی هەرێمى کوردستان ناکەوێـتەوە، چونکە تورکیا و عێراق و ئێران کە دەبنە لایەن لەو جەنگە، گوشار دەکەنە سەر هەرێم بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانى.

ئەگەر لە پارسەنگی ململانێکە کورد وەک بکەرێکی کاریگەر مامەڵەى لەگەڵ کرا و پشتیوانیى ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپاى هەبوو، ئەوا دەبێ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاریى بۆ بکرێ؛ چونکە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، تاکە دەرچەى دەرەکی بۆ ئەوان هەرێمی کوردستان دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP