هەیئەی تەحریر شام، لەماوەیەكی كەمدا توانی تەواوی ئەو خاكەی لە دەستی رژێمی بەشار ئەسەد بوو كۆنتڕۆڵ بكات، دەنگی چەك لەو ناوچانە نەماوە، ئەوەی چاوی میدیاكانی جیهانی لەسەرە، رۆژئاوای كوردستانە، كە شەڕێكی زۆر سەخت لە نێوان هەسەدە و تەحریر شام و سوپای نیشتیمانی سووریادا هەیە. ئایە ئەمریكا سیاسەتی بەرامبەر بە هەسەدە چییە دوای ئەسەد؟ ئایە چاوپۆشی لە داگیركردنی تەواوی رۆژئاوا دەكات لەلایەن سوپای نیشتیمانی سووریاوە، كە توركیا پاڵپشتی سەربازی و ئابووریی ئەو سوپایە دەكات؟
سوپای نیشتیمانی سووریا، توانی تەلڕفعەت و مەنبەج لە دەستی هەسەدە دەربهێنێت، ئەمریكا تاوەكوو ئێستا بێدەنگە و هیچ ناڵێت.
هەسەدە، كورتكراوەی سوپای سووریای دیموكراتە، كە یەپەگە بەشێكی سەرەكی ئەو سوپایەیە، لەلای توركیا وەكوو تیرۆرست ناسراوە، بەڵام هاوپەیمانیی ئەمریكایە.
توركیا بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە هیچ دانوستاندن یان رێككەوتنێك لەگەڵ هەسەدەدا بكات، لە بەرامبەردا ئەمریكا، دەڵێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆرستی داعش، هەسەدە بەهێزترین هاوپەیمانمانە.
لە ٨ی١٢ی٢٠٢٤، جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گوتی: ”هەلێكی مێژووییە، بەڵام نادیارییەك و مەترسی بوونی هەیە.“
بایدن دوپاتی كردەوە، كە ٩٠٠ سەربازیان لە سنووری رۆژئاوای كوردستانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەردەوام دەبن و ناكشێنەوە.
وتەبێژی كۆنسەی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریكا، لە ١٠ی ١٢، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیدا، ئەوان لە نیگەرانییەكانی توركیا تێدەگەن لەبارەی تیرۆر، بەڵام واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە هاوپەیمانیی لەگەڵ هەسەدە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەوەی بووەتە مایەی مەترسی بۆ سەر رۆژئاوا، پەیامێ دۆناڵد تڕامپ بوو، كە مانگێكی تر دەبێتە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كاتێك گوتی: ”ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە“ ترس هەیە لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغاندا رێكبكەوێت بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە رۆژئاوا و ئیدی توركیا بە پاڵپشتی سوپای نیشتیمانی سووریا، تەواوی رۆژئاوا داگیر بكەن.
گولروو گەزەر، سەركونسولی پێشووی توركیا لە لویسئەنجلس، پێیوایە ئەوەی گرنگە بیزانن، ئایە دوای ئەوەی تڕامپ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، هیزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە یان بەردەوامی بە پاڵپشتی یەپەگە دەدات؟
بەڵام جێمس جێڤری، نوێنەری پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، دەڵێت ئەو پەیامەی تڕامپ بەو مانایە نییە كە هێزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە.
ئەو قسەی بۆ (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەمریكا بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكانی لە مەترسی داعش بپارێزێت، كە ئوردن و عێراق و توركیایە، پێویستە هێزەكانی لە سووریا بهێڵێتەوە.“
بەشێكی تر لە شارەزایان پێیانوایە، ئەمریكا ١٠ ساڵە سیاسەتێكی باشی بۆ سووریا نەبووە، بۆیە ئێران و حیزبوڵا توانیان ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە.
بەڵام كۆنگرێسی ئەمریكا، زۆر گرنگی بە هەسەدە دەدات، ئەوان داوا دەكەن ئەمریكا لەسەریەتی هەسەدە لە گروپە تیرۆرستەكان بپارێزێت.
لیندسەی گراهام، سیناتۆری بەناوبانگی ئەمریكا، لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیبووی: ”پێویستە ئەمریكا، پارێزگاری لە هێزە كوردییەكان بكات، لە دەستی ئەو گروپە ئیسلامییە رادیكاڵانەی توركیا پاڵپشتیان دەكات و نابێت رێگە بدرێت پەلاماری كورد بدەن.“
گراهام، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر پێویست بكات وەكوو جاری پێشوو، پڕۆژەیاسایەك بۆ سزای ئابووریی بۆ سەر توركیا ئامادە دەكەین.
جێمس جێڤری، باس لە رێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا دەكات لە ٢٠١٩، كە ئەردۆغان و مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئیمزایان كردبوو، ئەویش دەبێت یەپەگە، لە رۆژئاوای فورات و مەنبەج و تەلڕفعەت بكشێتەوە، بەڵام جێبەجێ نەكرا.
جێڤری دەڵێت: ”واشنتۆن، هیچ دەنگێكی لێوە نەهات كاتێك مەنبەج و تەلڕفعەت لەلایەن سوپای نیشتیمانی سووریاوە داگیر كرا، چونكە ئەو دوو شوێنە هیچ كاتێك هیچ هەسەدە نەبووە.“
بەڵام پێیوایە، ئەگەر توركیا بەپاڵپشتی ئەو هێزە روو لە كۆبانێ بكات، ئەوكات ئەمریكا بێدەنگ نابێت و قبوڵی ناكات.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، ئەمریكا لەماوەیەكی كەمدا و بەئاسانی دەستبەرداری یەپەگە نابێت، بەڵام عومەر ئۆنهۆن، سەركونسوڵی پێشووی توركیا لە شام دەڵێت: ”هێزێكی زۆری دەوێت تا بزانین لە داهاتوو یەپەگە لە سووریا دەبێتە خاوەن چی ستاتۆیەك. ئەوەی ئەو دیاری دەكات، فاكتەری زۆر هەن كە رۆڵیان دەبێت، بەڵام توركیا داكۆكیكارە لەوەی نابێت یەپەگە هیچ مافێكی لە داهاتووی سووریادا هەبێت.“