بەشی دووەم و سێیەم
پڕۆژەی مانهاتن و چۆنیەتی دروستکردنی یەکەم چەکی ئەتۆمی...
ئینگلیزەکان دەستیانپێکردبوو، بەڵام ئەمریکییەکان بە خێرایی هەوڵەکانیان زیادتر کرد و پێش ئینگلیزەکان کەوتنەوە.
ماوەیەکیش بوو لە نێوان ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەبوو، بۆ بەرچاوڕوونی چەندین زانای بەرجەستەی بەریتانیا لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٢ سەردانی ئەمریکایان کردبو ودەستیان بە تەواوی ئەو زانیاریانە گەیشت کە ئەمریکا هەیبوو. ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی هاوتەریب سێ پرۆسەی کەڵەکەکردنیان بەدوای یەکدا پەرە پێدا، هەر ئەم پەرە پێدانەبوو، ئێستە هەڕەشەمان لێدەکات.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٢ سوپای ئەمریکا دەستی بەسەر پەرەپێدانی پرۆسەکەدا گرت،لەوانەش لە دیزاینی ئەندازیاری بگرە تا دابینکردنی کەرەستە و هەڵبژاردنی شوێن بۆ کارگەی تاقیکاری کە ئامانجی ئەو کاتە چوار شێوازی دروستکردنی مادەی دابەشکراو بوو (چونکە هیچ کام لەو چوارە لەو کاتەدا بە ڕوونی دەرنەکەوتبوو کە باڵاتر بن، بەتایبەتی ئاوی قورس) جێگەی سەرنجە ئیتر لەوەودوا زانیارییەکان نەدەچوونە بریتانیا. ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورە بوو بۆ هەردوولایەنی بەریتانی و کەنەدیەکان کە هاوکاری بەرهەمهێنانی ئاوی قورس بوون ولە چەندین لایەنی بەرنامەی توێژینەوەکەدا ڕۆڵیان هەبوو.
دوای چەندین مانگ لە دانوستان، دواجار لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن چەرچڵ و سەرۆک ڕۆزڤێڵتەوە لە کیوبیک ڕێککەوتنێک واژۆ کرا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەریتانییەکان هەموو ڕاپۆرتەکانیان ڕادەستی ئەمریکییەکان کرد و لە بەرامبەردا کۆپی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە پەرەسەندنەکەیان دایە ژەنەڕاڵ گرۆڤس، تا ئەویش بداتە سەرۆک.\
(لێسلی ڕیچارد گرۆڤس جونیۆر (١٧ی ئابی ١٨٩٦ – ١٣ی تەمموزی ١٩٧٠) ئەفسەرێکی فەیلەقی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا بوو کە سەرپەرشتی دروستکردنی پێنتاگۆنی کرد و پڕۆژەی مانهاتنی بەڕێوەبرد، ئەو پڕۆژە توێژینەوە نهێنییە سەرەکییەی کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بۆمبی ئەتۆمی پەرەپێدا) .
لەوکاتەدا دەرکەوت کە تەواوی بەرنامەکەی ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەمووی تەنها بۆ بۆمبەکە، چونکە هیچ کارێک لەسەر بەکارهێنانی دیکەی وزەی ئەتۆمی نەکرابوو.
لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا پێشکەوتنی بەرچاو لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیدا بەدەست هات. کارگەی جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکانی یۆرانیۆم بە بەکارهێنانی جیاکردنەوەی کارۆموگناتیسی (کالوترۆن) و بڵاوبوونەوەی (گاز)ی دروست دەکرا. تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢، زانایان بە سەرۆکایەتی ئەنریکۆ فێرمی کە فیزیازانێکی ئیتاڵی و ئەمریکی بوو، دواتر بە دروستکردنی یەکەم ڕیاکتۆری ئەتۆمی ناوبانگی دەرکرد، یەکێک بوو لەو فیزیازانە دەگمەنانەی کە لە هەردوو فیزیای تیۆری و فیزیای تاقیکاریدا سەرکەوتوو بوو. فێرمی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٣٨ی پێبەخشرا چونکە کارەکانی لەسەر تیشکدەرەوەی هاندەری بەهۆی نیوتڕۆن و دۆزینەوەی توخمەکانی ترانس یۆرانیۆم بێوێنە بوون.
بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم، ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمی گەورە لە ئارگۆن دروستکرا، دواتر ڕیاکتۆری زیادە لە ئۆک ڕیج لە ویلایەتی تێنسی و هانفۆرد لە واشنتۆن دروستکران. دامەزراوەی تایبەت بۆ دەرهێنانی پلۆتۆنیۆم لەم ڕیاکتۆرانە دروستکرا. هەروەها چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس دامەزران، یەکێکیان لە کەنەدا و سێ وێستگەی ئەمریکا، هەمویان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئەتۆمی بوون.
لەم نێوەندەدا تیمێک بە سەرۆکایەتی جەی ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر ( ٢٢ی نیسانی ١٩٠٤ – ١٨ی شوباتی ١٩٦٧) فیزیازانێکی تیۆری ئەمریکی بووە و وەک بەڕێوەبەری لۆس ئەلامۆسی پڕۆژەی مانهاتن کاری کردووە. زۆرجار بەهۆی ڕۆڵی لە سەرپەرشتیکردنی پەرەپێدانی یەکەم چەکی ئەتۆمیدا بە "باوکی بۆمبی ئەتۆمی" ناودەبرێت.
لە لایەکی دیکەوە لە لۆس ئەلامۆس لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ خەریکی دیزاینکردن و دروستکردنی دوو جۆر بۆمبی ئەتۆمی بوون- یەکێکیان یۆرانیۆم-٢٣٥ و ئەوی دیکەیان پلۆتۆنیۆم-٢٣٩ بەکاردەهێنا.
بە بەشداری زانایانی بەریتانی، هەوڵی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم-٢٣٥ و پلۆتۆنیۆم-٢٣٩ی پیتێنراوی پێویست تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٥ بۆ دروستکردنی ئەم بۆمبانە سەرکەوتوو بوون.
بۆمبی ڕوسیای سۆڤیەتی و سەرەتای پێشبڕکێی ئەتۆمی
لە سەرەتادا ستالین زۆر بەجۆش و خرۆشەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدەدا، کاتێک ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی لەو شێوەیە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا لەئارادایەو بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەوجا ستالین بەخۆ کەوت وڕاوێژی چڕی لەگەڵ ئەکادیمیستەکانی بواری فیزیاو جێۆلۆجی وەک ئیۆفێ، کاپیتسا، کلۆپین و ڤێرنادسکی دەستپێکرد وقەناعەتی کرد کە دەتوانرێت بەخێرایی پەرە بە بەرهەمهێنانی بۆمبێک بدرێت.
ئەبرام ئیۆف، بە باوکی فیزیای سۆڤیەت ناسراوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێشخستنی فیزیای ئەزموونی لە یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو.
پیۆتر کاپیتسا، فیزیازانێکی (پسپۆڕی فیزیای پلەی گەرمی نزم)بوو، ڕێکارە پێشکەوتووەکانی بۆ بەدەستهێنانی هیلیۆمی شل پەرەپێدا و دیاردەی شلەی سەرووی دۆزیەوە. بەم بەدەستهێنانە نەک هەر خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٧٨ی بەدەستهێنا بەڵکو شۆڕشێکی گەورەی لە لێکۆڵینەوەی میکانیکی کوانتەم و تایبەتمەندییە مادییەکان لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا بەرپاکرد.
ڤلادیمێر ڤێرنادسکی، زانای جیۆکیمیا و بایۆلۆجی بوو، سەبارەت بە بایۆسفێر و چەمکی "نۆسفێر" کە لێکۆڵینەوە لە یەکتربڕینی چالاکییەکانی مرۆڤ و سیستەمەکانی زەوی دەکات ستایشێکی زۆری کراوە.
ئەمانەبوون لە ساڵی ١٩٤٢ بەپشتیوانی ستالین( ولە تاقیگەی ژمارە ٢ ی سنوری مۆسکۆ کە دواتر ناوەکەی بۆ LIPAN گۆڕدرا٫ دواجار ناوی ئەو شوێنە بووبە پەیمانگای کورچاتۆڤ بۆ وزەی ئەتۆمی)کارەکانیان ئەنجامدا.
توێژینەوەکە سێ ئامانجی سەرەکی هەبوو؛ یەکەم: بەدەستهێنانی کارلێکی زنجیرەیی کۆنترۆڵکراو؛ دووەم: بۆ لێکۆڵینەوە لە شێوازەکانی جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکان؛ سێیەم: بۆ دیزاینەکانی هەردوو بۆمبی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پلۆتۆنیۆم.
دوای شکستی ئەڵمانیای نازی لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٥، ڕووسەکان بۆ بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی و بۆ ئەوەیش کە بەتایبەتی کار لەسەر جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکان بکەن بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو سودیان لە زانایانی ئەڵمانی وەرگرت، ئەمەش توێژینەوەی تەکنەلۆژیای سانتریفیوژی غازی لەخۆگرتبوو.
کاتێک ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی لە تەمموزی ساڵی ١٩٤٥ تاقیکردەوە، ڕوسەکان وایان پیشاندا کە زۆر پێی هەستیارنین وکاریگەرییەکی کەمیشی لەسەر هەوڵەکانی سۆڤیەت هەبوو، بەڵام تا ئەم کاتە کورچاتۆڤ ( ١٩٠٣- ١٩٦٠کە فیزیکزانی سۆڤیەت بوو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی سۆڤیەتی پێشوو)
کارکردنی لەسەر هەردوو بۆمبی یۆرانێۆم وپلۆتۆنێۆمی باش بۆ پێشەوە بردبوو، تەنانەت کورچاتۆڤ دەستی کردبوو بە دیزاینکردنی ڕیاکتۆرێکی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم.
کاتێک ڕوسیایی سۆڤییەتی بۆردومانکردنی هیرۆشیما و ناگاساکی بینی، مانگێک لە دوای بۆردومانەکەوە هەوڵەکانیان خێراو چڕتر کردنەوەو لە تشرینی دووەمی ١٩٤٥ دەستیان بە دروستکردنی شارێکی نوێ لە ئۆرال کرد کە یەکەم ڕیاکتۆری بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی تێدابوو.
سەرەنجام ڕووسیای سۆڤیەتی لە ساڵی ١٩٤٩ بۆمبی ئەتۆمی بەدەستهێنا، یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی خۆی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ لە شوێنی سێمیپالاتینسک لە کازاخستان ئەنجامدا.
ڕوسەکان ناوی بۆمبەکەیان نابوو کۆدی "RDS-1" یان (یەکەم ڕەشەبا)و تاڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە بووە کە لەڕێگەی سیخوڕییەوە سەبارەت بە پڕۆژەی مانهاتنی ئەمریکی بەدەستیان هێنابوو. ئەم ڕووداوە سەرەتای پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی بوو لە سەردەمی جەنگی سارددا.