لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی سەر کوردستانی سوریا (رۆژاڤا)، چوار هێزی گەورەی ڕۆژئاوا، شانشینی یەکگرتوو، ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە هاوبەشی و بەتووندی داوای ئاگربەستی هەنوکەیی و هەمیشەیی ییان کردووە.
هەڵوێستی ئەم چوار دەوڵەتە مەزنە پێمان دەڵێت: ئەگەر کورد بەردەوام بێت لە بەرگری و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت و لەسەرجادە بمێنێتەوەو سۆشیاڵ مێدیاش سیاسەتی قڕکردن بگەێنێتە جیهان و دیپلۆماسییەتیشمان هەبێت، ئەوا سەردەمی بەقوربانی کردن وپەراوێزخستنی پرسی کورد کۆتایی دێت و دەبێتە کەیسی سەرمێزی ناوەندی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی. بەیاننامە هاوبەشەکەی 27ی جەنیوەری 2026، نەک تەنیا دڵەڕاوکێ لە ئاستی کۆکوژی مرۆیی بەڵکو دانپێدانانی جیۆ- سیاسیش نیشان دەدات. دیارە ئیتر کورد مەڕی قوربانی نییە و فەرامۆشکردنی جەهەنەم دەخۆڵقێنێ.
وەڵامی یاسایی نێودەوڵەتی، لە واشنتۆنەوە تا ئەدینبۆرگ، گووتی، پرسی کورد نەک تەنیا لە دیپلۆماسیەتی پڕاکتیکی دۆخێکی پەرەسەندوودا بەڵکو لە گۆڕەپانەکانی یاسادانان لە دەرەوەی وڵاتیش مایەیی سەرنجە.
لە ئەمریکا، سیناتۆر لیندسی گراهامLindsey Grahamڕەچەشکێنی کردووە لە داڕشتنی ئەوەی کە کەسانێک بە "یاسای ڕزگارکردنی کورد" دەیناسێنن، بە ئامانجی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنانەی کە خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگەی شەڕڤانی کورد لە سوریا دەکەنە ئامانج. ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنگدانەوەی فراژووبوونی تێگەیشتنێکی دوولایەنەیە لە کۆنگرێسدا کە گەلی کورد زیاتر لە دە ساڵە هاوبەشی سەرەکین لە جەنگی دژی داعشدا.
لە بەرامبەر زەریای ئەتڵەسی لە بەریتانیا، لە 22ی جەنیوەری 2026 پەرلەمانی سکۆتلەندا پێشنیاری S6M-20528ی پەسەند کرد،
کە دەربڕینێکی فەرمی نیگەرانییە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی سکۆتلەندا (MSPs). بە ڕوونی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هەمبەر پەرەسەندنەکانی دژواری دۆخی کوردستانی سوریا دەربڕی و داوای پشتیوانی مرۆیی و بەشداریکردنی دیپلۆماسی دەکات. ئەم پێشنیازە هەرچەندە پابەندکەر نییە، بەڵام ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکی جددی لەنێو یاسادانەرانی سکۆتلەندا و فشار دەخاتە سەر حکومەتی بەریتانیا بۆ بەرزکردنەوەی بژاردەی پاراستنی کورد لە حیساباتی سیاسەتی دەرەوەدا. سەرەڕای ئەوەش، پارتی سەوزی ئینگلتەرا و وێڵز بە ئاشکرا داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کردووە کە لە پێناوی پاراستنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەڵوێستیان هەبێت، هێرشەکان ئیدانە دەکات و جەخت لە دێموکراسی و مافە مەدەنییەکان دەکاتەوە.
دوو هێزی یەکتر تەواوکەر لە جەنگی چارەنوسدا ڕۆڵیان هەیە، دەوڵەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دان بە خواستی کورد لە ئاشتی و ئاسایشدا دەنێن. بانگەوازی ئاگربەستی چوار وڵات و پرسە یاساییەکان، لە پارتە سیاسییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەوروپا ئەوە زەڵاڵ دەکات کە ئێستا دۆزی کورد بە چڕ و پڕی و قوڵی لە مشتومڕەکانی سیاسەتی جیهانیدا دەکوڵێت، ئەوەی وەک شەڕێکی لۆکاڵی دژ بە داعش دەستی پێکرد، فراوانتر بوو بۆ خواستێکی ستراتیژی بۆ ماف و نوێنەرایەتی گەلێک.
ئەم دەستکەوتە خێرایە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە پێچەوانەی خواستی زۆرێک لە میدیایی تاریک پەرستی عەرەبییە، کە نەک ڕووماڵی ئازارەکان ناکات هانی کۆمەڵکوژی کوردان دەدات. ئەجێندەی میدیای عەرەبی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەنزیمەکانی عەرەبی هاوتەریب بووە کەبوونی کورد وەک هەڕەشەیەک دەبینن.
سەرەنجام
ئەگەر سەنگەری چەک هێندە پتەو بێت و گەلیش بەیەکگرتویی لەسەرجادە بێت و دیپلۆماسییەتیش ئاوا چالاک بێت، ئیتر چیتر و سەت ساڵ جارێک چەقۆ لە ملمان ناسون.