هەموو تیرۆركردنێكی كەسە چالاك و دیارەكان، هەوێن و ژێرخانی پەرچەكردارێكی تۆڵە ئامێز و چیرۆكێكی نوێیە بۆ بەردەوامی، بەتایبەت لەم ناوچەیە كە جگە لە پاڵنەرە نێوخۆییەكان گۆڕەپانێكی كراوەشە بۆ پاكتاوی حیساباتی زۆر لە هێزە كاریگەرەكانی دنیا.
لەم میانەیەشدا بەئامانجگرتنی سەركردەی هەرە ناسراوی حەماس (ئیسماعیل هەنیە) لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووداوێكی بێ پێشینەیە، پەیامێكی ئاگرین و ڕاستەوخۆشە بۆ وڵاتی خانەخوێ،
بەڵام وەك "نیویۆرك تایمز" جەختدەكاتەوە لە مەودای دووردا كاریگەریی گەورە لەسەر حەماس درووستناكات و تووشی لەرزینی ناكات، چونكە لە لایەك بزووتنەوەكە ئەزموونی تێپەڕاندنی كوژرانی لیستێك دامەزرێنەر و سەركردەی ڕیزی یەكەمی هەیە (ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز ڕەنتیسی، سەلاح شحادە، ئەحمەد جەعبەری و هتد..)، لە لایەكی دی هێزێكی عەقیدەیی هێشوییە و لەسەر كاریزماتیكی كەسەكان بەند نییە.
لە مەودای كورتتدا جێگرتنەوەی "ئیسماعیل هەنیە" ململانێ نێوخۆییەكانی حەماس لە نێو هێڵە نزیكەكان لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران و توركیا گەرمدەكات، باری سەرۆكە نوێیەكەی ئێرانیش (پزیشیكان) هێندەی دی قورس دەكات و ڕێساكانی پێكدادانیش لە ناوچەكە زۆر لە جاران ئاڵۆزتر دەكات، بەتایبەت كە ئێستا ئەمەریكا لەنێو هەراو زەنای هەڵبژاردن و پاشاگەردانی ململانێی نێوخۆییدا نوقمبووە و دەرفەتی ئەوەی نییە وەك جاران پارێزگاریی لە هێڵە كێشراوەكان بكات.