دواین هەواڵ

ئەنفال، پەیوەندیی کورد و عەرەب!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

پێش 2 هەفتە

لەبەردەم یادەوەری 35 ساڵەی تارماییەکانی جینۆسایددا

جەوهەری پەیوەندی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ناوچەکە و دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بەتایبەتیش لە کەیسی، دەوڵەتی عێراق دا، “جینۆسایدە”. ئەم دەستنیشان کردنە، لە بابەتێکی کورتدا لە لایەن ئەمیری حەسەن پوورەوە ئاماژەی پێکراوە و شڕۆڤەیەکی کورتی کردووە، منیش لێرەدا بە گرنگم زانی بەرهەمی بێنمەوە.

تا ئەو چرکەساتەش، خواست و ئیرادەی نەتەوەکانی ناوچەکە، کە هەژموونیان بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا هەیە و وەکو کابووسێک وان بەسەر خاک و خەڵكی کوردستانەوە، درێژەدانە بە داگیرکاریی و زەوتکردنی مافەکانی خەڵكی کوردستان، زەوتکردنی سادەترینی ئەو مافانەش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا خوێندن و فێربوون و پەروەردەن بە زمانی دایک. ئەو پەیوەندییەی کە تا ئەمڕۆش کورد و دەوڵەتی عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، پڕە لە ئەزموونی تاڵ و کۆمەڵکوژی و جینۆساید. یەکێک لەو تاوانە گەورانەش “شاڵاوەکانی ئەنفال”ـە، وەک فۆرمێکی جینۆساید. تا ئەمڕۆش دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری و کلتوریی نەتەوەی عەرەب لە عێراق ئامادە نییە بوێرانە دان بەو تاوانانەدا بنێن و داوای لێبوردن بکەن، قەرەبووی قوربانییەکان بکەنەوە؛ لەو پێناوەشدا، پەیوەندییەکی مرۆڤدۆستانە و یاسایی، بۆ ئایندەیەکی گەشتر لەناوچەکەدا بینا بکرێت.
ئەوەی لای من ڕۆشنە، تا ئەو چرکەساتەش، ئەو خواستە لای عەرەبی شیعە خۆبوواردنە لەو بەرپرسیارێتییە. ئەوان خۆیان بە میراتگری دەوڵەتی عێراقی دوای ڕژێمی سەدام/بەعس دەزانن، بەڵام خۆیان لە هەموو بەرپرسیارییەتێکی ئەخلاقی و یاسایی ئەو دەوڵەتە دەدزنەوە. توزخورماتوو “ڕاوەدوونانی کورد بەهۆی کوردبوون”، لەسەردەمی عەببادی و تەعریبی بەردەوام لەسەر پارێزگای کەرکووک دا، شایەتی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگە دوژمنکارەیە.

عەرەبی سوننە، لە دەستەڵاتیش نەماون، بەڵام لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ کورد هەرگیز نەک هەر بەو لایەدا ناچن، بەڵکو تا ئەمڕۆش بێ ئەوەی ڕێز لە هەستی برینداری کورد بگرن، شانازی بە “سەدام حوسێن”ـەوە دەکەن. ئەگەر خۆیان لە کورد بە قوربانیتر دانەنێن، خۆیان بە کەمتر دانانێن، لەکاتێکدا ئەوان لەو پەیوەندییەدا بەرپرسیاری یەکەمن، ئێستاش عەرەبی شیعە. ئەگەر بیانویستبایە ئەو پەیوەندییە بگۆڕن، بۆ نموونە وەک “ڕواندا”، کە سەردەمێکی نوێیان دەست پێکرد، سەردەمێک بە سڕینەوەی هەموو ئاسەوارەکانی جینۆساید، دەبوایە لە “عێراق”یش بە ڕەسمیی داوای لێبوردن لە کورد بکەن و هەموو ئاسەوارەکانی جینۆسایدیان بسڕیبانەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا عێراق وڵاتی کوردە، یان داگیرکەر؟

تا ئەو چرکەساتەش، ئەو پەیوەندییەی کە کورد و دەوڵەتی عێراق بە یەکەوە دەبەستێتەوە، پەیوەندییەکی ئیشکالئامێزە. زۆرینەی عەرەب خۆیان بە تاکە خاوەنی بنەڕەتی عێراق دەزانن. متمانەشیان بە کورد نییە و پێیان وایە کورد خۆی بە عێراق دا شۆڕکردۆتەوە، تەنها بارگرانییە. هەروەها لەڕووی تیۆرییەوە، زۆرینەی کوردیش خۆی بە داگیرکراو دەزانێت، بەڵام لە پڕاکتیکدا بەو زیهنییەتە ڕەفتار ناکات. بۆیە کورد بە قەد ئەوەی خۆی بە عێراقی دانانێت، بەهەمان ڕێژەش “ئەگەر دانیشی پێدا نەنێت، عێراقییە”. ئەمەش مانای وایە کورد لە نێوان هاووڵاتیبوون و بێگانەبوون لە عێراق، گیریی خواردووە و لەماوەی ئەو نەوەد ساڵەدا نەیتوانیوە لەو زۆلکاوە دەرباز بێت یا خۆی دەرباز بکات.

ئەگەر کورد لە ڕووی وشیارییەوە، لە دووڕیانی ئەو تێگەیشتنەی ئەمیری حەسەن پوور هەیەتی، هەنگاوی بنابوایە، دەبوایە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای پەیوەندیی جینۆساید دابمەزرێتەوە، ئەوسا، خودی دەستوری عێراقیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕەنگڕێژ دەکرا و دەنوسرایەوە.

تا ئەمڕۆش عەرەبی عێراق بە سوننە و شیعەوە، تێگەیشتنیان وەهایە کە “سەدام لەهیچ شتێک دادوەر نەبووبێت لە دابەشکردنی زوڵمدا دادوەر بووە”، ئەم تێگەیشتن و دەربڕینە جگە لەوەی کە ڕاستیی تێدا نییە، بۆ دیزەبەدەرخونەکردنی تاوانی جینۆسایدە، بیزانن یا نەیزانن، بە ئەنقەست وا بڵێن یا بە نەشارەزایی، کە کاتی خۆی سەرکردە کوردەکانیش وەکو بەبەغا هەمان قسەیان دەکردەوە. بەڵام ئەوە ڕوونە کە جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە و جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە ڕژێمی بەعس کێشەی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی شیعە و کەمێک لە عەرەبی سوننەدا هەبووە، تا ئەو ئاستەی خودی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، تاوانی دوجێلی بە جینۆساید هەژمار نەکرد، کە قوڕسترین تاوان بوو بۆ ئەوان، بەڵام دەبینین کە هەموو عێراقیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی شیعەوە. بە زیادەوە قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووەکانی شیعەی عەرەبیان کردۆتەوە، بەڵام کوردە فەیلییەکان، لەگەڵ ئەوەی کە شیعەشن، تا ئەوڕۆ دەستەڵات ئامادە نییە وەکو پێویست قەربۆی کوردە فەیلییەکان بکاتەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، چونکە کوردن.

کێشەی زۆرینەی کورد و کڵۆلییەکەی لە عێراق و “هەڵبەت لە پارچەکانی دیکەشدا” لەوەدایە کە تا ئێستاش لەو پەیوەندییە “توندوتیژە” تێناگات کە لەگەڵ بەغدا یان پێتەختەکانی دیکەدا کۆی دەکاتەوە. پەیوەندییەکە هێندە سادەیە، لەبەر سادەیی لێی حاڵی نابن. لە هەر کوردێک بپرسی دەڵێت سوپای عێراق داگیرکەر بوو، ئەمەش مانای وایە کە بەغدا پێتەختی داگیرکەرە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش جینۆساید دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام درا.

لە ئاماژەکردندا بۆ کوردستانی عێراق، زۆربەی هەرە زۆری کورد دەڵێت “باشووری کوردستان” لە ١٩٢٦ بە عێراق لکێندرا، یاخود لە “پەیماننامەی سیڤەر”دا دان بە مافەکانی کورد دا نرا”، یاخود “ئێمە میللەتێکی داگیرکراوین”، سەرنج لەو دێڕانە بدەن، هەموومان دەستخۆشی لە ئیسماعیل بێشکچی دەکەین کە کتێبی “کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتیی” نووسیوە، بەڵام هیچ ڕەفتارێک و کردارێک کورد بەو ئاقارەدا نابات. لەهەمان کاتیشدا دەچنەوە بەغدا و بە پێتەختی عێراقی فیدڕاڵ ناوزەدی دەکەن و دەستەبژێری سیاسی بە پێتەختی خۆیانی دەزانن. لەتەک دەیان و سەدان سیاسی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە حیزبی بەعسدا، لە دەوڵەت، لە سوپا و لە دامەزراوەکاندا بەشدار بوون، دادەنیشن و سمێڵیان دەپەشتن. لەو چەند ساڵەی دواییش، هەر بەهۆی ئەو ناهەشییە و شکستی نوخبەی دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی نیشتمانسازییدا، بە هەزاران کورد دەستخۆشی لە دادگای فیدڕاڵی و سەرۆک وەزیرانی ئەو پێتەختە دەکەن. کەواتە، چۆن ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای جینۆساید ڕێکبخرێتەوە؟

دەبوایە، پەرلەمانی کوردستان لە ڕابردوو یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکانی داڕشتنی قانونێک بوایە بریتی بێت لە بەتاوانکردنی نکوڵیکردن (تەجریمکردنی ئینکارکردنی) لە جینۆسایدی کورد لە عێراق. لە داهاتووشدا ئەگەر ئەو پەرلەمانە دامەزرایەوە، هەمان قانون یەکێکە لە پێویستییەکان. لەهەمان قانوندا، دەبێت ئەو پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا ڕێک بخرێتەوە، ئەو ڕێکخستنەوەیە خزمەت بە چەندین تەوەری جیاواز دەکات:

یەکێکیان؛ ئەگەر بڕیار بێت بەغدا پێتەختی دەوڵەتی فیدڕال بێت، پێویستە ئەم بەتاوانکردنە (تەجریمکردنە) لە بەغداش بە قانونیی بکرێت، پێویستە کارێک بکرێت چۆن ئەڵمانەکان ئارەقەی شەرمەزاری دەیانگرێت کە باس لە هۆلۆکۆست دەکرێت، ئاواش عەرەبەکان شەرمەزاری بیانگرێت کە باس لە شاڵاوەکانی ئەنفال، قڕکردن و لە ڕیشەدەرهێنانی کوردانی فەیلی و بارزانییەکان و کیمیاباران دەکرێت.

دووەمیان: ئەگەر خواستێک، ئیرادەیەک دروستبێت، ئەو پەیوەندییەی جینۆسایدی نێوان کورد و عەرەب بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی ئاسایی، مرۆیی و یاسایی، دەبێت سەرەتا قانونی بەتاوانکردنی نکوڵیکردن لە جینۆسایدی کورد لە عێراق تەواوی پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە عێراق بگۆڕدرێت، لە پەرلەمانی عێراق وەها یاسایەک دەربچێت. ئەمەش وەکو سەرەتایەکی ئەرێنی بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییە. ئەوکات، هاوڵاتی عێراقی ئاسایی، بە هەموو پێکهاتەکانەوە لەوە تێدەگەن کە کورد میللەتێکی جینۆسایدکراوە و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت. بەشێکیش لە ڕێوشوێنەکان، قەدەغەکردنی ناوی سەدام و سڕینەوەی هەموو ئەو بۆرد و ناوانەش کە پەیوەندییان بە ئەنفالەوە هەیە، لەوانەش ناوی ئەو قوتابخانە و دائیرە و ڕێکخراوانەی کە بەناوی ئەنفالەوە کراون. ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەگەری دووبارە بوونەوەی جینۆساید لە عێراق، هەمیشە ئەگەرێکی کراوە دەبێت و عێراقیش وەکو دەوڵەتێکی داگیرکەر دەمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP