دواین هەواڵ

چۆن لە نۆی نیسان تێبگەین؟

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

پێش 3 هەفتە

دەتوانین بڵێین هەندێک داڕمان زیانبەخشن؟ لەوانەیە لە دوو روانگەوە راست بێت. روانگەی یەکەم، بەو پێوەرەی کە دیکتاتۆرێکی شەکەت و ماندوو، تەنها ویست و داخوازی ئەوەیە وازی لێ بێنن، بمێنێتەوە. روانگەی دووەمیش ئەوەیە، تا خەڵك بەئاگا دێتەوە و بزووتنەوەیەکی سیاسی "مۆدێرن"، وەکو بەدیل بۆ ئەو سیستمە سیاسییە ئۆتۆریتێرە دروست دەکات. ئەوسا، گرنگ نیە دیکتاتۆر بەهێزە یا شەکەت و لاواز، ئەوسا جەماوەر، بە رێبەرێتی وەها بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز، بۆخۆی تێدەگات کە ئەو دیکتاتۆرە دەبێت بڕوات. بەدیلەکەشی ئامادە و سازە و بەدیلێکی مۆدێرن و پێشکەوتووە.

لە سەروبەندی راپەڕینەکەی ژینادا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، برادەێرک پێی گوتم ئێستا پێم خۆش نیە رژێمی ئاخوندەکان بڕوخێت. پێی وابوو، هێشتا نە بەدیلی ئەو رژێمە هەیە، بۆ ئەوەی نەتەوەکانی ئێران جارێکی دیکە دووچاری رژێمێکی هاوچەشن نەبنەوە و نەچنەوە ناو هەمان بۆشایی دەستەڵات، یا هەر هیچ نەبێت دووچاوی گەڕەلاوژێ و هەمووان دژی هەمووان نەبنەوە، وەک ئەوەی لە لیبیا و سوریا و یەمەن رووی دا. ئەو پێی وابوو، هەموو ئەو حیزب و گروپ و بزووتنەوانەی کە هەن، هەڵگری هیچ دونیابینییەک نین و ژیانی هاوڵاتیانی ئێران زیاتر دووچاری ماڵوێرانی و سەرگەردانی دەکەنەوە، ئەگەر ئێستا خەڵکی لەوە نەترسن لەسەر شەقام یەکێک بیانکوژێت، یاخود بەشەو دزەکان بەسەر ماڵەکانیاندا نەدەن، ئەوسا، ئەوەشی دەهاتە سەر.

لەڕاستیدا، ئەوە چش لەوەی کە عێراق لەماوەی ئەو هەشتا ساڵەی رابردووی پێش 2003 دا، نەتەوەکانی عێراقی نەک هەر پێش نەخستن، بەڵکو هەمووی سڕ کردبوون لەناو ژمارەیەک وەهمی ئایدیۆلۆجی و نەخوێندەواری و دواکەتوویی و خێڵگەرایی و ناوی گەورە و دەرگەی وێران. کە بەعسییەکانیش هاتنە سەر دەستەڵات، ژیانی خەڵکییان تەنگتر کرد. حیزبی بەعس بوو بە جێگرەوەی دەوڵەت و خەڵک و خوا. هەر ئەوەمابوو دیکتاتۆر داوامان لێبکات سەڵەواتی لەسەر لێبدەین. خۆهەر واش بوو، هەر کەس ناوی بهێنابایە دەبوایە لەگەڵی بڵێن (حفظە اللە ورعاە). بەڵام لە ئاکامدا یەک دیکتاتۆر بوو. خەڵکیش بە ئازادی خواز (ئەگەر هەبووبن) و بە رزگاریخوازیشەوە یەک دوژمنیان هەبوو، ئەویش ئەو تاکە دیکتاتۆرە بوو، لەگەڵ دارودەستە ستەمکارەکەی.

دیکتاتۆر، سیستمێکی سەقامگیری داهێنابوو لەرووی ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خۆی خاوەنی بوو، بەو مانایەی ئەو سیستمە لە دەوڵەتەوە نەدەهات، بەڵکو داڕێژەری سیاسەت و ئابووری و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەش لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دیکتاتۆرەوە درێژ دەبووەوە، نەک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی مۆدێرن. بەو مانایەی رەهەندی دونیای دیکتاتۆر، رەهەندێکی خێڵەکی خودسەر بوو بە ماکیاجێکی مۆدێرن. بۆکەس نەبوو بدزێت، یا گێرەشێوێنی بکات بێجگە لە خۆی و کوڕە سەرشێتەکانی و دارودەستە رێگەپێدراوەکەی. ئەوانەی لەو سیستمە تاریکە تێنەگەیشتوون، خۆزگەی پێدەخوازن، چونکە هەمان ئەقڵییەت دنەی هەموو ئەوانە دەدات کە سیستمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرنیان نەدیوە و لێشی تێناگەن.

بەو مانایەی سەرەوە، ئەوەی لە عێراق لە 9/4/2003 رووی دا، ئازادبوون نەبوو، بەڵکو رزگاربوون بوو لە مۆدێلێکی تاک دیکتاتۆر، بۆ مۆدێلێکی فرە دیکتاتۆر، گۆڕینەوەی دیکاتۆرێکی زەبەلاح بوو بە کۆمەڵێک وردە دیکتاتۆر. گۆڕینەوەی حزبێک بوو بە کۆمەڵێک حیزبی خورافەسازی و مەزهەبگەرای دواکەوتوو، گۆڕینەوەی دیوێکی شۆفێنیستی ستەمکار بوو، بە دیوێکی مەزهەبگەرای، خورافەساز و چاوچنۆک و بە سیستمێکی دەوڵەتی قوڵ و ناسەقامگیری درێژخایەن.

ناسیۆنالیزمی بەعس، هێندەی شۆفێنیست بوو، هێندەش هەڵگری هەندێک خەسڵەتی مۆدێرنێتە بوو، یەکێک لەو خەسڵەتانە ئیداری و رێکخراوەیی لە خێر و شەڕدا. رێکخراوەیی لە پاک و خاوێنی شارەکان و رێکخراوەیی لە سوپا و پۆلیس و بەرێوەبردندا، لەبەرامبەریشدا رێکخراوەیی لە قەڵاچۆکردن و جینۆسایدی نەتەوەیەکی وەکو کورد، سەرکوتکردنی هاوڵاتییانی خۆشی، لەڕێی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی دەوڵەت و لەو خەسڵەتە گرنگەی کە پێی دەڵێن رێکخراوەیی و ئیدارە.

ناسیۆنالیستە/ ئیسلامیستەکان کە هاتن، بەدیلی شۆفێنیزمی بەعس نەبوون، بەڵکو دیوی دووەمی بەعس بوون، درێژکراوەیەکی شێواوی نارێکخراوی ناهەشی بێ بەرنامە بوون. بەهیچ جۆرە سیستمێکی هاوچەرخ ئاشنا نەبوون. چاویان لەدەستی بابە گەورەی ئەمریکی بوو، بە فەزڵ و نیعمەتی خۆی، ئامۆژگارییەکییان بکات و دەستیان بگرێت بەرەو ئاییندەیەکی جیاواز، بەڵام نەیاندەزانی ئەو ئایندەیە چییە و چۆن دەبێت!. ئەمریکا، دەتوانێت دەستی مرۆڤێکی عاقڵ بگرێت تا سنوورێك، لەوێ بۆخی دەزانێت بۆکوێ بڕوات، بەڵام دەستی مرۆڤێکی گەمژە و نەخۆش ناگیرێت، چونکە نە بەرژەوەندی وڵات و نە بەرژەوەندی خەڵکەکەی دەزانێت، لەکوێ بەرەڵای بکات، دەچێتەوە هەمان ئاخووڕی بەعسییەکان.

داکانە بەرازە ستەمکارەکە رۆیشت، بەڵام بێچووە پەروەردەنەکراوەکانی دە ورد و درشتی ئەو وڵاتە بەربوون. نەک هەر رۆڵەی مۆدێرنێتە نەبوون، بەڵکو بوون بە دوژمنی سەرسەختی سیستمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرن. ئەو نوخبە سیاسییە دەستەڵاتدارەی ئەو سەردەمە، تا ئەوڕۆشی لەگەڵدا بێت؛ کە یادی 21 ساڵەی داڕمانی گەورە دیکتاتۆر دەکەینەوە، نوخبەیەکی بێ ناسنامەی، بێ کولتور و بێ کەسایەتین، لەژێر هەژموونی دەوڵەتێکی دراوسێدا، قەپاڵ لە منداڵی خۆشیان دەگرن. دۆخێکیی سیاسیی میلیشیایی میلیتاریزەی وەهایان دروست کردووە، ئایندەی ئەو وڵاتەیان خستۆتە سەر لەپی عیفریت، ئەگەر پێشتر زیاتر لە چل ساڵ لەناو خوڕافەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا هاواریان دەکرد، فەلەستین، ئەوڕۆ لەناو خورافەی (یا مەهدی)، هاواری فەلەستین دەکەن. ئەنجامەکەش یەک شتە، دارمانی دەوڵەوت و نەتەوەکانی ئەو وڵاتەن.

بەو مانایەش، ئەگەر دیکتاتۆر بمابوایە، لەوانەبوو ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی مۆدێرن لەناوخۆی وڵات دروست ببوایە، کە باوەری بە دیموکراسییەت/ سەکولاریزم و مافەکانی مرۆڤ هەبێت و وڵاتی بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتی ببردبایە. داوای بووردنی لە خەڵکی کوردستان بکردبوایە لەپای ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی کە دەوڵەتی عێراق دژ بە خەلكی کوردستان ئەنجامی دا. هەموو پابەندبوونە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەرامبەر کوردستانیی و عێراقییەکانیش ئەنجام بدابوایە.

ئایا، لە داهاتوودا وەها بزووتنەوەیەک بۆ رزگارکردنی ئەو نەتەوانەی عێراق دروست دەبێت، کە سیستمێکی مۆدێرن لە عێراق بونیات بنێت؟ تا ئێستا، لەسایەی ئەو سیستم و ئاڕاستە ناهەش و چەواشەکارییە میلیشیاییە نادروستەی کە هەیە، هیچ ئاسۆیەکیش بەو ئاڕاستەیە نابیندرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP