دواین هەواڵ

بەرماڵەکە و کلیلەکە و هەندێک شتی دیکەش...

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

پێش 3 هەفتە

لەو رۆژانە، ڤیدیۆی رێبەرێکی سەلەفیم بینی، بەرماڵەکانی مزگەوت هەراج دەکات بۆ فرۆشتن. هەندێک ترش و خوێشی پێدا دەکات، بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵك و پەلەکردن لە کڕینی. زۆر نەبوو هەر 650 دۆلارێک بوو. ئینجا، ئاگاداریشی کردنەوە، بەر لە دەرچوون لە مزگەوت بڕیار بدەن، ئەگینا دوایی ژنەکانیان پەشیمانیان دەکەنەوە، وەک ئەوەی ژن لە بەرەی شەیتان بن. ئەها بیری نەچووە، بە مانگانە و قیستیش دەبێت، بە کەیفی خۆت لە مانگێکدا هەر چەندێک بدەیت کێشە نیە، وەکو دایکی خۆی کە تا ئێستا 300 دۆلاری داوە. خۆ دەوڵەمەندێک شەش بەرماڵی کڕیون، ئەگەر خێرا نەبن، هەمووی دەفرۆشرێت. لەهەمووش خۆشتر مزگەوتەکەش ناوی بەهەشتە.
بەو رووداوە، کلیلەکەی خومێنیم هاتەوە بیر. ئەویش لە جەنگی عێراق/ئێراندا، کلیلی بەهەشتی دەفرۆشتە سەربازەکان لە بەرامبەر رۆشتن بۆ بەرەکانی جەنگ و شەڕی بەعسییە کافرەکان. ئەم بازرگانییەش رۆڵێکی کاریگەری بینی لەوەی خەڵك بەهەموو توانایانەوە خۆیان بگەیەننە بەرەکانی جەنگ و بەهەشت بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

هەر لەناو هەمان پانتایی مەزهەبی شیعیی، لەو دواییانە، ئەوە دەنگۆیەش بڵاو بووەوە، کە چەکدارە یەمەنییەکان لە پارێزگای مەئریب بینیویانە کوژراوەکانی حوسییەکان کلیلییان کراوەتە مل و زانیویانەتەوە کە عەبدولمەلیک حوسی کلیلەکانی بەسەردا دابەش کردوون، هەروەها پاسپۆرتیشی بۆ کردوون بە واژۆی خۆی، بۆ ئەوەی بەبێ وەستان لە کۆنتڕۆڵ بڕۆنە بەهەشت.

ئەمە هەر پەیوەندی بە شیعە و سوننەی موسوڵمانەوە نیە، بەڵکو لە زەمانی دەستەڵاتی کڵێسای کاسۆلیکیش، قەشەکان چەکی لێخۆشبوونیان دەفرۆشت. ئەم چەکە وەکو بەڵگەنامەیەک وابوو بۆ کڕینی زەوی لە بەهەشت. ئیدی هەر کەسێک بەپێی توانای ماددی خۆی چەند مەترێکی لە بەهەشت دەکڕین. ئیدی خەڵك ساڵێک کەسابەتی دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن چەند مەترێک بکڕن. رۆژێکییان کابرایەکی جوو چووە بەردەم کڵێسا و گوتی: هەموویم دەوێ. گوتیان ئاخر بۆت ناکڕدرێت، گوتی حەقتان چییە من هەموویم دەوێت. کە چووە بەردەم قەشە گەورەکە، گوتی مەبەستم بەهەشت نیە، مەبەستم زەوییەکەی دۆزەخە، هەموویم دەوێت. نرخەکەشی چەندە دەتان دەمێ، بەڵام دەبێت هەمووتان لەسەر بەڵگەنامەکە واژۆ بکەن. گوتیان باشە، کۆبوونەوەیەک دەکەین و ئاگادارت دەکەینەوە. قەشەکان، خەنی بوون و گوتیان گەمژەیەکمان کەوتۆتە بەردەست و دۆزەخی دەوێت. بانگیان کرد و نرخەکەیان بۆ دیاری کرد و تەواوی زەوی دۆزەخیان بە جووەکە فرۆشت و بەڵگەنامەکە یا سەنەدەکەشیان بۆ ئامادە کردبوو و دایانە دەستی.

کابرای جوو رۆژی دواتر چووە ناو خەڵك گوتی، هێی خەڵکینە، پێویست ناکات بچن زەوی لە بەهەشت بکڕن، من هەموو زەوییەکەی دۆزەخم کڕیوە، ئەوەش سەنەدەکە، ئەگەر باوەڕ ناکەن. ناهێڵم یەک بەشەر پێ لەسەر خاکی من لە دۆزەخ دابنێت. بۆخۆم بەتەنها لەوێ دەبم.

زۆری نەبرد، کەس نەچوو بەهەشت لە قەشەکان بکڕێت. قەشەکان تەنگاو بوون. داوایان لە جووەکە کرد بەڵگەنامەکەیان بداتەوە و پەشیمان بوونەتەوە لە فرۆشتی هەموو زەوییەکەی دۆزەخ، چەندیش پارەی بوێت دەیدەنەوە. بەو جۆرە جووەکە دۆزەخی بە قەشەکان فرۆشتەوە بە دەقات قازانج. داواشیان لێکرد دەبێت لەبەردەم خەڵك رایبگەیەنێت کە زەوییەکەی دۆزەخی فرۆشتۆتەوە بە کڵێسا، هەڵبەت بۆ ئەوەی قەشەکان جارێکی دیکە بتوانن چەکی لێخۆشبوون بفرۆشن. ئەو ساختەچییاتییەی قەشەکان هەر بەردەوام بوو تا مارتن لۆثەر ئەو کێشەیەی دژ بە کڵێسای کاسۆلیک وڕوژاند  و دژی وەستایەوە، بۆ ئەوەی دواتر سەردەمی چاکسازی دەست پێ بکات.

یەکێک لەو مەلایانەی کە لە ئەوڕوپاش دادەنیشێت، ناوی کەسێک بە مولحید دەبات، چونکە گوتوویەتی کەی رەوایە لەبەرامبەر نوێژکردن موچە وەربگرن. مەلاکەش پێی دەڵێت، ئێوەی مولحید دەتانەوێت مەلا چاوی لەدەستی ئێوە بێت، یان بچێت تا ئێوارە لە پیتزا کار بکات، چۆن خاوەن کارەکە دێڵێت بچێت نوێژەکەی بکات؟!

ئەمانە هەمووی لەلایەک ئیستیغلالکردنی ئەو دەستەڵاتە رۆحییەیە کە ئەو مەلایانە کەوتۆتە دەستیان و بە دڵنیایی قەشەکانی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاست ئاسا، ئامادە نین ئاوا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو دەستەڵاتە ببن، کە لە بنەڕەتیشدا هەندێک لە بیرمەندە موسوڵمانەکان پێیان وایە ئیسلام وەکو مەسیحییەت پیاوی ئایینی نینە و ئەوەی ئێستا دەیبینین پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە.
لەڕاستیشدا، هەژموونی رۆحی بەسەر خەڵکدا، زۆر ترسناکترە لەو هەژموونە سیاسی و ئابوورییەی کە دەستەبژێری سیاسی و ئابووری هەیانە بەسەر خەڵکدا. دەستەبژێرە ئایینییەکە لەڕێی نوێنەرایەتیکردنی خواوە، هەوڵ دەدەن خۆیان دەوڵەمەند بکەن، یا هەر هیچ نەبێت پارێزگاری لەو دەستەڵاتە رۆحییە و موچە و جێگا و رێگاکانییان بکەن، لە هەمان کاتیشدا وەک ئەوەی لە کوردەواری دەڵێن (نانی گەوری بخۆن و سەڵەواتیش لە گەوری بدەن).

ئەو بازرگانییەی بەناوی ئایینەوە دەکرێت، بە فرۆشتنی بەرماڵیشەوە، بازرگانی کردنێکی رووت و ئابڕووبەرانەیە بەناوی ئایین. ئەگەر دەستەڵاتێکی نیشتمانیی لە هەرێم هەبێت، دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگرێت. ئەوە چش لەوەی کە ئەوانە هۆکاری سەرەکی هێنانی کولتورێکی نامۆن بە دینداری و خواناسیی کوردەواری، کە سەدان ساڵە پێڕەوی لێ دەکرێت و وردە وردە ئەو دیندارییەی بە مۆرکی کوردەواری لە ئاوابوون دایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP