جینۆسایدکار، دەوڵەت بێت یا گروپێک، ئەگەر نکوڵیش بکەن لە جینۆساید، تێیدەگەین بۆ نکوڵی دەکەن. بەڵام چۆن لەوە تێبگەین؛ کاتێک سیاسییەکانی سەر بە نەتەوەی جینۆسایدکراو بکەونە هەمان داوی جینۆسایدکاران؟
زۆربەی سیاسییە عەرەبەکان، کە تا ئەورۆش بە زۆر شێوە دووبارەی دەکەنەوە، بەتایبەتیش کاتێک یەکێک دەڵێت کورد جینۆساید کراوە، ڕێک ئەو قسەیە دەڵێن کە دکتۆر بەرهەم لەو ڕاگەیاندنەدا بۆ جەزیرەی عەرەبی جەختی لەسەر کردۆتەوە و دەڵێت:
"سەددام حوسێن تاوانی دژ بە هەموو عێراقییەکان ئەنجام دا. تەنها لە یەک شت دادوەر بوو، ئەویش زوڵم بوو، هەموو عێراقییەکان دووچاری زوڵمی ئەو بوونەوە، بە چاوپۆشین لە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی".
ئەو قسەیە، نەک هەر دکتۆر بەرهەم، بەڵکو زۆربەی سیاسییەکانی کورد وەکو بەبەغا دووبارەیان کردۆتەوە، داوێکی گەورەیە کە سیاسییە کوردەکان تێی دەکەوتن و تا ئەوڕۆش بۆی هەیە هەر تێنەگەیشتبن.
ئەوە ڕاستە کە سەددام دژی هەموو ئەوانە بوو کە دژی ڕادەوەستان. هەموو دەستەڵاتێکی ستەمکار دژ بە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن دەکەوێتە جموجۆڵ. دەستگیریان دەکات و لە سێدارەیان دەدات. ئەوە لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان ڕووی داوە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، ڕژێمی سەددام لە ماوەی دەستەڵاتی خۆیدا 40 هەزار کوردی دەستگیر کردووە و زۆربەیان لە سێدارە دراون بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بوون، ئەندامی حیزبە جیاوازەکان بوون.
هەمان شتیش بەرامبەر شیعە کراوە، هەندێک لە سوننەکانیش کە دژی وەستاونەتەوە، لە سێدارە دراون. ئەگەر هەر ئەوەندە بوایە، قسەکەی دکتۆر بەرهەمیش ڕاست دەردەچوو.
بەڵام، ئەوەی بەرامبەر کورد کرا لە عێراق، لەماوەی دەستەڵاتی حکومەتی بەعسدا، 4 بڕیاری جینۆساید دەرکراون. بریاری جینۆسایدی فەیلییەکان. بڕیاری جینۆسایدی بارزانییەکان، بڕیاری شاڵاوەکانی ئەنفال و لێدانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی. لەپاڵ ئەوەش پڕۆسەی تەعریب و تەرحیل.
ئەوە بەرامبەر شیعەکان کراوە؟ نەخێر. تاکە تاوان کە نەیانتوانی لە دادگای باڵای تاوانەکان بیسەلمێنن وەکو جینۆساید (دوجەیل) بوو کە وەکو تاوانی جەنگ ناسێندرا. بۆ ئەوەش (سەددام)یان لە سێدارە دا و نەیانهێشت لەسەر تاوانەکانی جینۆسایدیش دادگایی بکرێت. بۆخۆیان لە سێدارەیان دا و ڕق و کەفی خۆیان پێدا ڕشت.
ئینجا هەموو زیانلێکەوتووانی دوجەیل قەرەبوو کرانەوە. هەروەکو زۆربەی ئەوانەی کە لە دەست زوڵمی سەددام ڕایان کرد بۆ سعودییە، قەرەبوو کرانەوە و باشترین موچەیان بۆ بڕدرایەوە. بەڵام کورد لەو گۆرە بە هەتیوی بەجێ هێڵدران و تا ئەوڕۆش نەک هەر قەرەبوو نەکرانەوە، بەڵکو وادەبینن چۆن دەستوپێی سیاسییەکانی کوردییان بەستوون.
کە ڕوئیا و دونیابینیی نەبوو، ئاوایە.