دواین هەواڵ

باشاك دەمیرتاش بۆچی لە بەربژێربوونی ئیستانبۆڵ كشایەوە؟

‌كارزان گلی

11/02/2024

باشاك دەمیرتاش، بە گڕوتینەوە هاتە ناو كایەی سیاسی و ویستی هەبوو، بە بەربژێربوونی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لەسەر بازنەی ئیستانبۆڵ، هێز بداتەوە بەر دەم پارتی و زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت، بەڵام لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، لە بەربژێربوون كشایەوە و دەم پارتیش گوتی، بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هەردوولا ئەو بڕیارە دراوە. بەڵام پرسیارە جیدییەكە ئەوەیە، بۆچی كشایەوە؟ ئایە هیچ فشارێكی لەسەر بووە؟

باشاك، بەهێزترین بەربژێری دەم پارتی دەبوو لە ئیستانبۆڵ، وەكوو ئەوەی دەزگاكانی راپرسی باسیان لێوە كرد، ئەگەر زۆربوو زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت، بەمەش هاوكێشەی ئەنجامی ئیستانبۆڵی دەگۆڕی و بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، بە ئاسانی دەیتوانی لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بباتەوە.

دەنگۆیەكی زۆر لەناو میدیای توركیا و هاووڵاتیان بڵاوببووەوە، كە هۆكاری بەربژێربوونی باشاك بۆ ئەوەیە، ئاكەپە دوای هەڵبژاردن، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە زیندان ئازاد دەكات، ئەمەش سەلاحەدین دەمیرتاشی نیگەران كردبوو.

ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەمیرتاش زۆر نیگەران ببوو بەو دەنگۆیە، بۆیە ئەگەر زۆرە ئەو داوای لە باشاكی هاوسەری كردبێت، كە لە بەربژێربوون بكشێتەوە.

بەگوێرەی هەندێك دەنگۆی تر، سەركردایەتی دەم پارتی، زۆر نیگەران بوون لەوەی باشاك بەربژێر بێت، چونكە ئەوان پێیانوابووە كە باشاك، هیچ بەرپرسیارییەتێكی لەناو دەم پارتیدا نییە و بۆچی دەبێت ئەو لە كەسانی تری ناو پارت لەپێشتر بێت، رەنگە فشاری سەركردایەتی دەم پارتیش یەكێكی تر بێت لە هۆكارەكانی كشانەوەی باشاك.

بەرپرسانی دەم پارتی، دان بەوەدا دەنێن كاتێك باشاك گوتوویەتی دەبمە بەربژێر لە ئیستانبۆڵ، پارتەكەیان زۆر بەهێز بووە و گڕوتینی زۆری داوەتە دەنگدەر و لایەنگرانیان، بۆیە بەربژێربوونی باشاك، كاریگەریی زۆر لەسەر ئەوە دەبوو كە ئیمامئۆغڵو شكست بهێنێت. بۆیە ئەوان وەكوو دەم پارتی، بەربژێریان نابێت تا شكست بە لایەنێك بهێنن، بەڵكوو ئەوان بەربژێریان دەبێت وەكوو پارت و نایانەوێت ببنە هۆی شكستی هیچ بەربژێرێك.

ئیمامئۆغڵو رۆڵی هەبووە لە كشانەوەی باشاك؟

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی میدیایی، ئیمامئۆغڵو كاتێك هەستی بەوە كردووە بەربژێربوونی باشاك مەترسییە بۆ سەر ئەو و موراد كوڕووم بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە شانسی سەركەوتنیان زۆر دەبێت، بۆیە خۆی گەیاندووەتە لای باشاك و دەم پارتی و داوای رێككەوتنی لێكردوون.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئیمامئۆغڵو گوتویەتی، باشاك نەبێتە بەربژێر، لە ناوچەی ئەسەنیورت و دوورگەكانی ئیستانبۆڵ، ئەوان وەكوو جەهەپە بەربژێرێكی لاوازیان دەبێت تا بەربژێری دەم پارتی سەركەوتوو بێت، واتە باشاك بكشێتەوە، شارەوانیی ئەو دوو ناوچەیەی ئیستانبۆڵ بۆ دەم پارتی دەبێت.

وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، تەنیا باشاك دەبێتە كێشەیەكی گەورە بۆ ئیمامئۆغڵو، ئەگەر دەم پارتی هەر بەربژێرێكی تر دیاری بكات، بۆ ئیمامئۆغڵو كێشەیەكی گەورە نابێت و لایەنگرانی دەم پارتی هەر دەنگ بەو دەدەن.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هەر لە سەرەتاوە پێی باش نەبووە باشاك بەربژێر بێت، چونكە لە قورسایی ئەو دێتە خوارەوە، بەوەی جەهەپە، پروپاگندەی ئەوەی دەكرد، كە سەلاحەدین و ئاكەپە، بەنهێنی رێككەوتوون تا سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە بێت و لە بەرامبەردا ئەوانیش دەمیرتاش ئازاد بكەن، بەڵام باشاك تاكلایەنە ئەو بڕیارەی داوە.

دەكرێت بڵێین، كشانەوەی باشاك لە بەرژەوەندی ئیمامئۆغڵووە و شانسی بردنەوەی موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە كەم دەكاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP