دواین هەواڵ

هێرشەکەی سەر ئێران

‌رەنج نەوزاد

29/01/2023

ئەوەی دوێنێ شەو لە ئێران ڕوويدا تا ئێستا زیان و شێوەی هێرشەکە و زۆر وردەکاری تر ئاشکرا نەبووە. بەڵام ئەوەی ڕوونە هێرشێکی ئاسمانی فراوان کراوەتە سەر ئێران و چەندين شوێنی هەستياری کردوەتە ئامانج. ئەگەری نزيک ئەوەیە کە ئيسرائيل ئەنجامی دابێت و بە ڕەزامەندی ئەمريکا. ئەوەی شارەزای پرسی ڕۆڵی ئەمريکا لە پەيوەندی نێوان ئيسرائيل و ئێران بێت، دەزانێت ئەگەر ئەمريکا ڕەزامەندی نەدابێت، ئەوا ئەستەمە ئيسرائيل ئەو جۆرە هێرشانە بکات.

زۆربەی کات ئەوەی ڕێ لە ئيسرائيل دەگرێت هێرشی فراوان و توند بۆ ناوخۆی ئێران ئەنجامبدات، ئەمريکایە. وا ديارە ئەمريکا گلۆپی سەوزی هەڵکردوە بۆ ئيسرائيل بۆ هێرشەکەی دوێنێ شەو.
هێرشەکە پەيوەندی بە ڕۆڵی ئێران هەیە لە جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا، هەر وەها پەيوەندی بە ڕۆڵی ئێران هەیە لەو ڕووداوانەی نێوان ئيسرائل و فەلستينيەکان ڕوودەدات لەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ چەندين فاکتەری تر. بۆیە پەيامێکی توند بوو، کە بە ئەگەری زۆرەوە پەيامێکی ئەمريکا بوو، پێش پەيامەکەی ئيسرائيل. ئەو جۆرە سووکایەتييە بە سەرەوەری ئێران و مووشەکبارانکردنی بەو ئەندازەیە، پەيامێکە بۆ ئێران کە دەکرێت بە چەند هێرشێکی لەو شێوەیە، زۆربەی توانا سەربازييەکانی ئێران لەناوببرێت، بێ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەشی هەبێت.

بە دڵنياییەوە ئێران لە دۆخێکدایە، توانای سازش و هێمن کردنەوەی دۆخەکەی نەماوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی ببات. چونکە لە ئێستادا سياسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، بە ئەندازەیەکی زۆر زیاتر لە جاران، لە لایەن پاسدارانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. لە بەرژەوەندی پاسدارانە کە ئێران هەميشە لە دۆخێکی ئاوا سەربازی و قەلەقی و پەشێوی بێت. چونکە ئەمە وا دەکات پاسداران تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەوەی باسدەکرێت ماوەی هێرشەکە درێژ بووە و ئەو ڕووبەڕەی هێرشەکەی کراوەتە سەر فراوان بووە دەوترێت پێنج شار یا زیاتری گرتوەتەوە. هێرشەکە بە ئەندازەیەک ئاشکرا بوو، ئاخوندەکانيش نەيانتوانی بيشارنەوە و ناچار بوون ڕايبگەيەنن کە هێرش ئەنجامدراوە. ئەو هێرشە بۆ سەر چەندين شار و چەندين شوێنی هەستيار لەو ماوە درێژەدا، ئەوە دەردەخات یا ئێران توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی تەواو لاواز و دواکەوتووە، یا ئەوەتا بە ئەندازەیەک لە کاردانەوەی ئيسرائيل دەترسێت، تەماشاکەر بووە و نەيويستووە هيچ وەڵامێکی ئەو مووشەک و فرۆکانە بداتەوە. تەنانەت گومان دەکرێت بەشێک لەو هێرشانە هەر لەناو خاکی ئێرانەوە ئەنجامدرابێت. بە هەموو پێوەرێک شکستێکی هەواڵگری و سەربازی و سياسی ئێرانە ئەو جۆرە هێرشانە و ئەو جۆرە وەڵام نەدانەوە و تەماشاکردنەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئيسرائيل.

لەوانەیە ئێران چەند بۆيلەر و فڕن و گيزەرێک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان بکات وەک وەڵامدانەوەیەکی توند و کەمەر شکێن بۆ ئيسرائيل.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP