دواین هەواڵ

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەگەری جەنگی ئيسرائيل و ئێران

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

ئاشکرایە زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت زۆرێک لە بەلوچ و عەرەبەکانی ئەحوازيش، هيوایان بە ڕووخاندنی ڕژێمی ئاخوندەکانە ئەگەر جەنگی ئێران و ئيسرائيل هەڵبگيرسێت. لێرەدا چەند تێبينييەک گرنگە کە کوردانی ڕۆژهەڵات لەبەرچاوی بگرن.

وەک لە نووسينێکی پێشتر ئاماژەم پێکرد (لە یەکەم کۆمێنتە)، ئەگەر ئەو جەنگە ڕووبدات، ئەوا بە هۆی فاکتەری جوگرافييەوە، جەنگێک دەبێت لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکە و درۆنەوە، هێزی ئاسمانی ڕۆڵی سەرەکی تيا دەبينێت. واتە بۆردومانکردنی ئێران بە شێوەیەکی خەست و توند. بە گشتی هێزی ئاسمانی و بۆردومانکردن ڕژێم و حکومەتی دەوڵەتێک ناروخێنێت، بەڵکو تەنيا لاوازی دەکات و گورزی لێدەدات و زیانی گەورەی پێدەگەيەنێت.
ئەو دوو کتێبەی لە خوارەوە خراونەتە ڕوو، توێژينەوەیەکی ورد و گرنگن لەبارەی سنووردارێتی هێزی ئاسمانی و بۆردومانکردن لە جەنگدا. هێزی ئاسمانی کاتێک کاريگەرە و یەک لاکەرەوەیە، ئەگەر لە خوارەوە هێزێکی زەمينی بەشدار بێت لە جەنگەکەدا. بۆ نموونە ئەمريکا لە ٩١ تەنيا ويستی عيراق لاواز بکات و گورزی بەهێزی لێبدات، بۆیە زیاتر هێزی ئاسمانی و بۆردومانکردنی بەکارهێنا. لە ٢٠٠٣ ويستی عيراق داگيربکات و سەدام لاببات، هێزی زەمينی ڕۆڵی سەرەکييان بينی بە هاوکاريکردنی هێزی ئاسمانی. ئيسرائيل لەم شەڕەيدا لە غەززە، لەگەڵ ئەوەی غەززە شوێنێکی بچووکە و ئيسرائيليش خاوەن هێزێکی ئاسمانی بەهێزە، بەڵام هەر هێرشی زەمينی ئەنجامدا بۆ بەدەستهێنانی هەندێک ئامانجی وەک لابردنی حەماس لە حوکم و داگيرکردنی غەززە.

کەمترين ئەگەر هەیە لە جەنگی ئيسرائيل و ئێران هێزی زەمينی بەکاربهێنرێت؛ بەکارهێنانی هێزی زەمينی واتە داگيرکردنی ئێران و لابردنی حکومەتەکەی وەک ئەوەی لە عيراق و ئەفغانستان ڕوويدا. ئەم سيناريۆیە لە جيهاندا تەنيا سوپای یەک دەوڵەت لە توانايدا هەیە ئەنجامی بدات، ئەويش ئەمريکایە. ڕوونە ئەمريکا ئەستەمە جارێکی تر ئەو جۆرە چالاکييە ئەنجامبداتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمريکا بەشدار دەبێت لەو جەنگەدا، بەڵام بە دوو شێوە؛ بەرگریکردن لە ئيسرائيل بە خستنە خوارەوەی موشەک و درۆنەکانی ئێران وەک جاری پێشوو. هاوکات مووشەکبارانکردنی ئێران، ئەمەی دووەم ئەگەر ئيسرائيل بکەوێتە بەردەم مەترسی و زیانێکی گەورە، یان ئێران پەلاماری بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا بدات لە ناوچەکەدا.

بۆیە ئەگەر ئەو جەنگەش ڕووبدات ئەوا مانای ڕووخاندنی ڕژێم نييە، ئامانجی ئيسرائيل تەنيا لاوازکردنی ئێرانە و گورز وەشاندنە لە پێگە سەرەکييەکانی هێز و توانای. ئەمەش لە ئەنجامدا دەکرێت ئێران لاواز بکات لە دەرەوە، نەک لە ناوخۆ.

کەواتە ئەگەر خەڵک و هێزە سياسييەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان چاوەڕێی ئەو جەنگە بن بۆ لەناوچوونی ڕژێمی ئاخوندەکان، پێويستە لە ئیستاوە پلان و بەرنامەی خۆیان هەبێت. دەکرێت لە یەک تێگەيشتن و رێککەوتنێک بکرێت لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچەکان و عەرەبەکان. لە کاتی هەڵگيرساندنی ئەو جەنگە، ئەوان ڕۆڵی هێزە زەمينييەکە ببينن و ناوچەکانی خۆیان پاک بکەنەوە لە هێزەکانی داگيرکەر. دوور نييە هەندێک لە ئازەرەکانيش، بە هاوکاری تورکيا و ئازەربيجان بيانەوێت پەلاماری ڕژێم بدەن لە ناوخۆ. بۆ فارسە ئۆپۆزسيۆنەکان ئەمە ئەگەرێکی زۆر کەمە.

ئەمە تەنيا گريمانە و ئەگەرێکە، پێويستە سەرەتا ئەو جەنگە ڕووبدات، ئەو کات ئەم پلانە دەکرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام کارکردن بۆ ئەو پلانە پێويستە لە ئێستاوە کاری لەسەر بکرێت و ئامادە بکرێت. بە تايبەت هاتنەوەی ترەمپ، یان کۆمارييەکان، ئەگەری جەنگی ئێران و ئيسرائيل زیاتر دەکات، لە ئێستادا ديموکراتەکانی ئەمريکا ڕێگریی سەرەکين لەبەردەم ئەم جەنگە. ئەم پلانە بە دڵنياییەوە بەدەر نييە لە قوربانی و ريسک و شکست، هاوکات ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. چونکە لە دۆخێکی وادا کە ئێران گورزی بەهێزی بەردەکەوێت لە دەرەوە، هەموو جوڵەیەکی جدی و فراوان لە ناوخۆ، دەکرێت گورزێکی کووشندە بێت لە ڕژێم.

بە تايبەت ئەگەری دەستتێوەردانی سعوودييە و ئيمارات هەیە لە ڕیگەی عەرەبەکانی ئەحوازەوە، دەکرێت پاکستان، یان بەلوچەکانی پاکستان ڕۆڵ ببينن لە بەلوچستان. تورکيا و ئازەربیجان لە ڕێگەی ئازەرەکانەوە... لەگەڵ هەموو ئەوەدا، پێموایە لە کاتی ئەو جەنگە، کورد بە تەنيا دەستپێشخەری نەکات لە جوڵانەوە دژ بە ڕژێم. کارێکی باشە ئەگەر دەستپێشخەری بکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانانی پلان لەگەڵ نەتەوە و هێزەکانی تر، بەڵام جوڵانەوەی سەربازی و جەماوەری دژ بە ڕژێم، پێويستە لەگەڵ نەتەوەکانی تر هەمووان بە یەکەوە دەستپێبکەن. چونکە ڕژێم لە خەراپترين دۆخدا، دەکشێتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو کاتەی جەنگەکەی لەگەڵ ئيسرائيل تەواو دەبێت، پاشان دێتەوە دەيان قەسابخانە درووست دەکات لە شارەکانی ڕۆژهەڵات.

لەو سيناريۆیەدا، کوردانی رۆژهەڵات پێويستە چالاکييەکانيان تەنيا لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بێت، نەک بۆ دەرەوە. دەکرێت هەر یەک لەو نەتەوانە سنووری خۆیان دابنێن، نموونەی رۆژئاوای کوردستان سوودی دەبێت. هەر چەند سنوورەکان لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئازەرەکان و ئەوانی بەدەر نييە لە کێشە و تێکەڵاوی. گرنگترين خاڵ ئەوەیە هێزە کوردییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بە تەواوی دەستهەڵبگرن لە تەخوینی یەکتر و شەڕی براکووژی و بەرە لە یەک گرتن. تەنيا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت و کاتی!

گرنگە هێزە کوردييەکان لە دۆخێکی وادا واز لە چەمکی "گەلانی ئێران" و "تاران" و "ئێرانێکی ديموکرات و کەلاوەیەک بۆ کورد"... بهێنن، چونکە ڕووخاندنی ئاخوندەکان، ئێران بەرەو ئاقارێک دەبات زۆر خەراپتر لە سووريا و یەمەن و ليبيا، دەبێت هەر ناوچەیەک، گروپێکی نەتەوەیی حوکمی بکات، زۆر ئەستەمە جارێکی تر ئەو تاوانە گەورەیە ئەنجامبدرێتەوە کە پێی دەوترێت "ئێران"

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP