دواین هەواڵ

هێرشەکەی ئێران و چەند سەرنجێک

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

١. بەدەر لە ئەنجام و زيان و کاريگەری هێرشەکە، ئەمە یەکەم جارە ئێران لە خاکی خۆیەوە بە فەرمی هێرش دەکاتە سەر ئيسرائيل. ئەمە ڕووداوێکی گرنگ و لەوانەیە وەچەرخانێک بێت لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و ڕووداوی تری بەدواوە بێت. گۆڕانکارييەکی گرنگە لە ململانێی بەرەکان، چ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ لەسەر ئاستی سيستەمی جيهانی.

٢. ئێران هەر دەبوو وەڵام بداتەوە، چونکە ئەو زیانانەی بەريکەوتووە لەم شەش مانگەی شەڕی ئيسرائيل و حەماس، ناچاری کرد بە وەڵامدانەوە، لە لایەن بەرەی مقاوەمەشەوە گلەیی و ڕەخنە درووست ببوو.

٣. ئێران ڕايگەياند ئەمە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئيسرائيلە بۆ سەر باڵيۆزخانەکەمان. لە ڕاستيدا وەڵامەکە لە ڕووی کاريگەرييەوە، نەگەيشتە نيوەی ئەو ئاستە. ئيسرائيل چەندين فەرماندەی سەرەکی پاسدارانی کووشت، ئێران هيچ ئيسرائيلييەکی نەکووشت، هيچ بنکە و سەربازگەیەکی گرنگی ئيسرائيل نەڕوخاند.

٤. وەڵامەکە تەواو ڕەمزی بوو، بۆ ميدياکان و پەيامێک بوو بۆ ناوخۆ و بەرەی مقاوەمە. پەيامێکيش بوو بۆ ئيسرائيل ئيتر بێ دەنگ نابم لەو هەموو هێرش و گورزەی لێم دەدەيت.

٥. دەوترێت ئێران پێشتر ئيسرائيل و ئەمريکای ئاگادارکردەتەوە، هەر بۆیە ئيسرائيل و ئەمريکا دڵنيابوون کە هێرشەکە دەکرێت. بەڵام ئەو ئاگادارکردنەوەیەش نەبوایە، هێرشەکەی ئێران کە بە درۆن دەستی پێکرد، پێش چەند سەعاتێک هەموو جيهان ئاگادارکرانەوە.

٦. جگە لەوەی سيستەمی بەرگری ئيسرائيل پێشکەوتووە، بەڵام خودی ئێرانيش نەيدەويست ئيسرائيلی بکووژێت. لایەنی کەم، زۆر مەبەستی بوو کە ئەو هێرشە ئەگەر زیانی مرۆيشی هەبێت، زۆر کەم و سنووردار بێت. چونکە ئێران نايەوێت جەنگی ڕاستەوخۆ بەرپا بکات. سيستەمی بەرگری ئيسرائيل و ئەو نيەتەی ئێران وای کرد ئەو هەموو موشەک و درۆنە هيچ زیانێکی مرۆیی نەبێت. سەبارەت بە زیانی ماددی، ئەويش هەر مایەیی باس نەبوو.

ئەگەر ئێران مەبەستی گەياندنی زیانی مرۆیی و ماددی گەورە بوایە بە ئيسرائيل، ئەوا دەبوو ئەو درۆن و مووشەکانە لە لوبنان و سوورياوە ئاڕاستە بکات، چونکە ڕاستەوخۆ دوای چەند خولەکێک دەگەنە ناو ئيسرائيل، نەک لە ئێرانەوە کە چەندين سەعاتی دەوێت. بۆیە هێرشەکە ڕەمزی بوو و تەنيا مەبەستی گەياندنی چەند پەيامێک بوو، پێش هەمووان بۆ هێزەکانی سەر بە ئێران، هەر وەها مەبەستی هەڵایەکی ميديایی بوو.

٧. ئایا هێرشەکە گەيشتە ئاستی ردع (deterrence)، بەو مانایەیی ئيتر وا لە ئيسرائيل بکات بترسێت یان دوو دڵ بێت لە هێرشکردنە سەر ئێران و کووشتنی فەرماندەکانی؟ بێ گومان نەخێر، لەو ڕووەوە هێرشەکە زۆر شکستخواردوو بوو. چونکە دەرکەوت سەدان مووشەک و درۆنی ئێرانی ناتوانن زيانی گەورە بە ئيسرائيل بگەيەنن، هەر وەها ئاستی سيستەمی بەرگری ئيسرائيل و هاوپەيمانەکانی لە ناوچەکە، زۆر زاڵە بەسەر مووشەک و درۆنەکانی ئێران. پێش ئەم هێرشە، لە لایەن ئێران و بەرەی مقاوەمەوە کە باس لەو رۆژە دەکرا کە تيایدا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئيسرائيل، دەوترا تەل ئەڤيڤ لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە.

بەڵام ئەو ڕۆژە هات کەسێک نەکووژرا و باڵەخانەیەکی تەل ئەڤيڤ نەڕووخا. ئەسڵەن لەوانەیە پێش هێرشەکە رەدعی ئێرانی زیاتر بێت، چونکە تەنيا بە قسە هەڕەشەیەک هەبوو کە تەل ئەڤيڤ لەناودەچێت ئەگەر ئێران هێرش دەستپێبکات، هێرشەکەی دوێنێ ئەو قسەیەشی پوچەڵ کردەوە.
٨. ئایا ئەگەر جەنگيش ڕووبدات، هێرشەکانی ئێران هەر ئاوا بێ زيان و کەم کاريگەر دەبن؟ بێ گومان نەخێر. جەنگی فراوان و ڕاستەوخۆ ڕووبدات و ئێران ئيتر بزانێت دەرەفەتی خۆ دزينەوە نەماوە، ژمارەی ئەو موشەک و درۆنانە دە هێندە زیاد دەکرێن. لە سووريا و لوبنانيشەوە سەدان لەو درۆن و مووشەکانە ئاڕاستەی ئيسرائيل دەکەن. ئەو کات زیان بەر ئيسرائيل دەکەوێت.

٩. هێرشەکە ئەوەی پێشاندا کە هێزی سەربازی و بەرگری و تەکنەلۆژی ئيسرائيل چەندين قۆناغ لە پێش هێزی ئێرانەوەیە. لە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ، ئيسرائيل گورزی زۆر گەورە و کاريگەر لە ئێران دەدات. دەرکەوت ١٠٠٪ی درۆنەکانی ئێران خرانە خوارەوە تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە ئاسمانی ئيسرائيل. ئيسرائيل بە هاوکاری هاوپەيمانەکانی بە ڕێژەی ٩٩٪ سەرکەوتوو بوو لە ڕێگرتن لە مووشەک و درۆنەکانی ئێران. لە کاتێکدا ئيسرائيل تەنيا لە دۆخی بەرگری بوو، ئەگەر هێرش بکات، ئەوا ئاسمان بە دەست ئيسرائيلە و ئێران فرۆکە جەنگييەکانی ناگەنە ئيسرائيل.

١٠. لە ڕووی چەندایەتييەوە، ئێران ئەوەی پێشاندا کە توانای هەیە سەدان مووشەک و درۆن لە کاتێکی کەمدا ئاڕاستە بکات، بەدەر لە نزمی کواڵێتی، لە کاتی جەنگی ڕاستەوخۆدا، ئێران دەتوانێت بە هەزاران مووشەک و درۆن ئاڕاستە بکات. ئەمە زیاتر پەيامێکە بۆ وڵاتانی کەنداو، نەک ئيسرائيل. چونکە سيستەمی بەرگری ئيسرائيل توانای مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ هەزاران مووشەک و درۆن، بێ گومان ڕێژەی ٩٩٪ کەمتر دەبێت لەو سيناريۆیە. بە گشتی چەندایەتی گرنگە، ڕاستە ١٠ مووشەک و درۆنی کوالێتی نزم کاريگەر نيين، بەڵام کە بوونە ٥٠٠ دانە، کاريگەر دەبن. گۆڕانکاری لە چەندایەتی، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە چۆنایەتی.

١١. هێرشەکان لە ئێران و عيراق و لوبنان و یەمەنەوە کران، ئەمەش پەيامێکی ئێران بوو کە دەتوانێت کۆی ناوچەکە بخاتە دۆخی جەنگەوە. ئيسرائيل بەو ڕێژەی ٩٩٪یە ئەوەی پێشاندا توانای هەیە لە یەک کاتتدا مامەڵە لەگەڵ چەندين بەرە بکات و سەرکەوتووش بێت لە بەرگری.

١٢. پرسی ئوردن؟ ئێران ساڵانێکە هەموو هەوڵێک دەدات هەژموونی خۆی بگەيەنێتە ئوردن و کێشە درووست بکات بۆ ئەو دەوڵەتە. لەبەر چەندين هۆکار؛ فشارکردن لە سعوودييە، فراوانکردنی پڕۆژەی هيلالی شيعی، فشارکردن لە ئيسرائيل لە ئوردنەوە، کردنەوەی بازارێکی گرنگ بۆ ماددەی هۆشبەر بە تايبەت لە ئوردنەوە دەکرێت بگەيتە بازاڕی سعوودييە... لە هێرشەکەدا ئوردن زۆرترين دەوڵەتی عەرەبی بوو کە تەرکيزی لەسەر بوو. پاسداران هەڕەشیان لێ کرد، ئوردنيش پەيامێکی دا بە ئێران بەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک و درۆنەکانی پاسداران لە ئاسمانی ئوردن خرانە خوارەوە.

١٣. ئەو فشار و گلەیی ئەمريکا ئەوروپا لە ئيسرائيل هەبوو بە هۆی شێوەی شەڕەکەی لە غەززە، بەو هێرشە بەرەو کەمی دەچێتەوە و ئيسرائيل دووبارە ئەو وێنەیی درووست کرد کە لەبەردەم هێرش و مەترسييە و ئەو بەرگری دەکات.

١٤. بەرگری کردنی ئەمريکا وەک ستراتيژ و دەوڵەت، لە ئيسرائيل سنووری نييە. ئەمەش پەيامێکە بۆ هەموو نەيارانی ئيسرائيل کە خەون دەبينن بيسڕنەوە.

١٥. ئایا ئيسرائيل وەڵام دەداتەوە؟ بە ئەگەری زۆرەوە بەڵێ. بەڵام بەشێوەیەکی زۆر توندتر و کاريگەرتر. نەتانياهۆ دەمێکە بە دوای ئەم دەرەفەتە دەگەڕا کە ئێران دوێنێ ئەنجاميدا بە ناچاری. ئيسرائيل پاساوێکی باشی دەستکەوت بۆ هەر هێرش و گورزێک لە ناوخۆی ئێران. چونکە ئەمجارە بە ئاسانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت ئێران بە فەرمی لە خاکی خۆیەوە هێرشی کردوەتە سەرم، ئەگەر سيستەمی بەرگریم بەهێز نەبوایە دەکرا سەدان هاووڵاتيم بکووژرێت. ئەمەش بە پێی یاسا ماف بە ئيسرائل دەدات وەڵام بداتەوە. لە ئێستادا بايدن بە هۆی هەڵبژاردنەکانەوە ڕازی نييە ئيسرائيل وەڵامبداتەوە. ئيسرائيل ئێستاش وەڵام نەداتەوە، لە ئايندەدا وەڵامی توندی دەبێت.

١٦. وەڵامەکەی ئيسرائيل و کاردانەوەی ئێران بۆ ئەو وەڵامە، دەريدەخات بەرەو جەنگی ئيسرائيل و ئێران دەچين یاخود نا؟ بە گشتی ململانێی بەرەکان لە ناوچەکەدا گەيشتە قۆناغێکی تر.

١٧. پرسی غەززە؟ تەرکيزی جيهان لەسەر غەززەوە هاتە سەر ئێران و ئيسرائيل. ئەمەش دەرەفەتی زیاتر دەدات بە ئيسرائيل کە پڕۆژەکەی لە غەززە بەرەو تەواو بوون ببات بێ ئەوەی فشارێکی زۆری لەسەر بێت. پڕۆژەکەشی کاولکردنی غەززەیە بە شێوەیەکی زیاتر، لەسەر ئاستی سەربازی و ژێرخان و کۆمەڵایەتی و ژیان بە گشتی و درووستکردنی ئايندەیەکی خەراپ و نا ڕوون لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ کەرتەکە. واتە کۆتایی هاتن بە غەززە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، ڕەنگە بۆ دەيان ساڵ. بەڵام ئەگەر جەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئيسرائيل درووست ببێت، دەکرێت تەرکيزی ئيسرائيل لەسەر غەززە کەم ببێتەوە.

١٨. جەنگی نێوان ئيسرائيل و ئێران ئەگەر ڕووبدات، دەرەفەتێکی مێژووی و گرنگە بۆ کورد. تەنانەت ئەگەر کورد ئەو دەرەفەتە نەقۆزێتەوەش، هەر سوودی بۆی دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP