دواین هەواڵ

ئيسرائيل و سەپاندنی ئەو واقعەی کە خۆی دەيەوێت

‌رەنج نەوزاد

11/02/2024

ئيسرائيل هەر لە درووستبوونييەوە یەکێک لە خاسيەتەکانی ئەوەیە کە ئامانج و ويستەکانی خۆی دەکاتە واقع، سەرەڕای ئەوەی دەوروبەرەکەی و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيش زۆر کات قبوڵيان نييە. هەر ڕاگەياندنی دەوڵەتی ئيسرائيل لە ژينگەیەک کە هيچ لایەک قبوڵی نييە، سەپاندنی واقعێک بوو کە خۆی دەيويست. لە ١٩٤٨ عەرەب قبوڵی نەبوو دەوڵەتێک لەسەر ٥٤٪ی خاکی فەڵەستين بۆ ئيسرائيل درووست بێت، کەچی ئێستا قبوڵيانە و داوا دەکەن ئيسرائيل ڕازی بێت کە دەوڵەتەکەی لەسەر ڕووبەری ٧٨٪ی خاکی فەڵەستين بێت، کەچی ئيسرائيل قبوڵی نييە و مەرجی هەیە بۆ ئەوە!

لە ١٩٦٧ چەندين واقعی سەپاند کە پێشتر بە خەياڵی عەرەبدا نەدەهات. سەد لەسەدی خاکی فەڵەستينی گرت، سينای داگيرکرد کە بە تەنيا نزيکەی سێ ئەوەندەی هەموو خاکی فەڵەستين و ئيسرائيل گەورەترە. پرسی سينا وای لە ميسر کرد کە پێشتر ئامانجی سڕينەوەی ئيسرائيل بوو، ئامانجی بووە ئازادکردنی سينا. پاشان ئيسرائيل سينای گەڕاندەوە بۆ ميسر بەرامبەر بەوەی ميسر دان بە دەوڵەتی ئيسرائيل بنێت و ڕێککەوتنی ئاشتی مۆر بکات. مونەزەمی تەحرير کە وەک ميسر ئامانجی سڕينەوەی ئيسرائيلی هەبوو، لە ٩٤ ئيمزای کرد کە ئيسرائيل مافی دەوڵەتی هەیە لەسەر ٧٨٪ی خاکی فەڵەستين. کردنی قوودس بە پايتەختی ئيسرائيل، جگە لە عەرەب و دەوڵەتانی ئيسلامی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيش دژی بوو، تا ئەمرۆش زۆرينەی دژییەتی. بەڵام ئيسرائيل ئەو واقعەی سەپاند و بێ گوێدانە جيهان قوودسی بە هەردوو بەشەکەوە لە ١٩٨٠ەوە کردە پايتەختی خۆی، تا ئەو کاتەی ترەمپ هات و ئەمريکا بە فەرمی دانی نا بەو پرسەدا. مەسەلەی جۆلانی سووريا و ناوچەکانی لوبنان، کە تا ئەمرۆ ئيسرائيل داگيری کردوون، هەمان ستراتيژە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام بە واقعی ئەو ناوچانە سەر بە ئيسرائيلن.

لە حەوتی ئۆکتۆبەر، ئيسرائيل بڕياری دا واقعێکی تر لە غەززە بسەپێنێت، ئيتر بە کاولکردنی بێت، بە گرتنی بەشێکی بێت بە ناوی ديواری ئەمنی، بە لابردنی حەماس بێت... لە ئێستادا ئەو واقعەی سەپاندوە و لە ئايندەشدا زیاتر دەردەکەوێت. غەززەی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر کۆتایی هات و ناگەڕێتەوە. پێشتر تەنيا هەندێک دەنگۆی ناو ئيسرائيل و فەڵەستين هەبوو گوایە سوپای ئيسرائيل بە قووڵایی یەک کيلۆمەتر ناوچەیەکی ئەمنی درووست دەکات لە ناو غەززە، کە بە درێژایی هەموو باکور و رۆژهەڵاتی کەرتەکەیە. دەوترا بۆ ئەو مەبەستە هەموو خانوو و باڵەخانەکانی ناو غەززە دەروخێنێت کە لەو ناوچەیەدان. چەند رۆژێک پێش ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕايگەیاند ئەوەی سوپای ئيسرائيل دەيکات لە سڕينەوەی چەندين ناوچەی کەرتەکە بۆ مەبەستی ديواری ئەمنی، تاوانی جەنگە. کەواتە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو پلانە ڕاستە. ئەمەش دەبێتە مایەیی بچووکردنەوەی کەرتەکە بە ڕێژەی دەوروبەری ٢٠٪. واتە کەرتەکە گەمارۆ دەدرێت بە سوپا و سەربازگە و خاڵی چاودێری، هەر کات بيانەوێت ئۆپراسيۆن ئەنجامدەدەن لە هەموو شوێنێکی کەرتەکە. ئەگەر ئەم پلانەش ڕاست نەبێت، ئەوەی کە ئێستا هەیە واقعێکە تەواو جياوازە لە واقعی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر، واقعە کۆنەکە ئيتر کۆتایی هات.

لە ئێستادا هەواڵەکان زیاتر باس لە هێرشی زەمينی دەکەن بۆ سەر ڕەفەح. هەندێک دەڵێن تەنيا بۆ مەبەستی فشارە لەسەر حەماس بۆ مەبەستی سازشکردنی زیاتر لە دانوستانەکان و گۆڕينەوەی ديلەکان. هەندێک دەڵێن لەبەر تێکچوونی پەيوەندييەکانی لەگەڵ ميسر و ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەتانياهۆ ئەو بڕيارە نادات... هەموو ئەمانە خوێندنەوەی واقعیين و دەکرێت ڕاست بن، بەڵام ئەگەر نەتانياهۆ و ئەنجومەنی جەنگ بەجدی مەبەستيان بێت بچنە ناو ڕەفەحەوە و پێيانوابێت ئەو هەنگاوە پێويستە، بە دڵنياییەوە بێ گوێدانە ئەمريکا و نەتەو یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ميسر، دەچنە ناو ڕەفەح و واقێکی سەربازی دەسەپێنن و هەموو جيهانيش دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

لە سەرەتای جەنگەکە دەوترا، سوپای ئيسرائيل هێرشی زەمێنی ناکات، زیانەکان قوورس دەبن و حەماس ڕێ نادات و فشارە نێودەوڵەتييەکان قوورس دەبن و ئابووری و کۆمەڵگەی ئيسرائيل بەرگەی ئەو جۆرە هێرشە ناگرێت.... بينيمان لە بەرەبەيانييەکدا کە ميدياکانيش ئاگایان لێ نەبوو غەززەی کردە دوو بەشەوە. پاشان باکووری غەززەی گرت. ئينجا وترا نایەت بەرەو ناوەڕاست، ناوەراستيشی گرت. دەوترا پەلاماری خانيونس و باشوور نادات، ئەوە خەريکە ئەوێش بە تەواوی دەگرێت. بۆ پرسی ڕەفەحيش هەر وا دەبێت، ئەگەر ئيسرائيل ئەو مەبەستەی هەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP