دواین هەواڵ

ڕووسیا، تورکیا و ئورووپا دۆڕاوە سەرەکییەکانی ئەم شەڕەن و ئەمریکا براوەی یەکەمە

‌جەماڵ پوورکەریم

04/03/2022

نزیکەی یەک حەوتوویە کە ڕووسیە هێرشێکی چڕی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات و حکوومەتی ئۆکرانیا دەستپێکردووە و ئەو ئەنجامەی کە چاوەڕوانی دەکرد نەیتوانیوە مسۆگەری بکا و وەدەستی بێنێ. پووتین لەو باوەڕە دابوو کە ئۆکرانیا نە وڵاتە و نە نەتەوەیەکی جیاواز، ئەو باوەڕی وابوو کە خەڵکی ئۆکرانیا هۆگر و عاشقی ڕووسیەن و زیاتر خۆیان بە ڕووسی پێناسە دەکەن نەک هۆویەت و ناسنامەیەکی تر.

کاتێک پووتین لە ساڵی ٢٠١٤ دا زۆر بە سانایی و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی خەڵکی کریمە ، دەستی بە سەر ئەو ناوچەیە داگرت و ناڕەزایەتیی ئەوتۆی لێ دروست نەبوو، کەوتە خەیاڵی ئەوەی کە ئەگەر لە ٢٠٢٢ ش دا هەمان هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ، ئەوە بە بێ ئاستەنگ و لەمپەر سەرکەوتوو دەبێ، بە تایبەت کاتێک لاوازیی ئەمریکای بایدێنی لە چوونە دەرەوە لە ئەفغانستان و ڕادەستکردنی دەسەڵات بە تاڵیبان بینی، زیاتر لە هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا مکووڕ بوو. پووتین وای دانابوو کە لە ماوەی یەک دوو ڕۆژ دا و پێش ئەوەی ئورووپا وەخەبەر بێ و دەنگ هەڵبڕێ، ئۆکرانیا داگیر دەکا.

لێکدانەوەی پووتین و بەراورد کردنی کریمە لە گەڵ ئۆکرانیا هەڵە دەرچوو و هەر وەک بینیمان کە خەڵک و گەلی ئۆکرانیا بە هەموو هێز و توانایانەوە خەریکی بەرگریکردن لە خاک و نیشتمانی خۆیانن بەرانبەر بە داگیرکاریی ڕووسیە و لە ڕاستیدا زۆر قارەمانانە خەریکی بەرگری و شەڕ لە گەڵ زلهێزێکی جیهانیی وەک ڕووسیەن.

پووتین هەر وەک چۆن توانی کریمە داگیر بکا، هەر بەم شێوازە نەرمە و بە بێ شەڕ و کوشتار بەرە بەرە ڕەنگە توانیبای بەشێکی تر لە خاکی ئۆکرانیا داگیر بکا، بەڵام شێوازی ئەم جارەی هەڵەیەکی قەرەبوو نەکراوەیە بۆ خۆی و وڵاتەکەی و ئەم جارە بە باشی نەیتوانی یاری بە مۆرەکانی شەترەنج بکا و ئەو یارییەی بۆ خۆی دەستپێکەری بوو، خەریکە تێیدا کش و مات دەبێ. ئەگەر پێشووتر بە هۆی مێژوو و زمان و فەرهەنگێکی لێک نزیک و تا ڕادەیەک هاوبەش، نزیکایەتی و هەستی برایەتیی هاوبەش لە نێوان ڕووسەکان و ئۆکرانیایەکان دا هەبوو، هەڵە مێژووییەکەی پووتین ئەو هەستی لێکنزیکبوونەوەی کردە ڕق و قین و بوو بە دوژمنایەتی و برایەتی بە تەواویەتی کاڵ و کەمڕەنگ کردەوە.

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بە دژی هێرش و شەڕەنگێزیەکانی پووتین لە ناوخۆی ڕووسیەش لە پەرە سەندن دایە و هاوکات ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئاستی جیهانیدا پەرواێز دەخرێ و ئابڵۆقە سیاسی و ئابووریەکان، کە سەرخان و ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەیان کردۆتە ئامانج، رووسیە بەرەو شکست و لاوازی لە ئاستی جیهانیدا دەبەن.

شەڕی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیە جیا لە تێچووی کەرەستە و چەکی شەڕ بە نرخی ملیاردەها دۆلار، بۆتە هۆی نەمان و لە دەستدانی بازاڕی گازی سروشتی و بە گشتی داڕمانی بازرگانی، ئابووریی لاوازی ئەو وڵاتەی لاوازتر و بەرەو ئیفلیجی کشاندووە. هەروەها لەو نێوە دا تورکیە یەکێکی دیکەیە لە زەرەرمەندانی ئەو شەڕە و ڕاوەستانی هەناردەکردنی گازی سروشتی،بوارەکانی وەرزێڕی، توریسم و تەنانەت ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی تووشی قەیران کردووە و ئابووریی لاوازی تورکیەش بەرەو ذاڕمان دەبا.

دوو وڵاتی تورکیە و ڕووسیە کە هەر دووکیان خەون بە زیندوو کردنەوەی ئیمپڕاتووریەتەوە، یەکێان لە ژێر ناوی زیندوو کردنەوەی تێزاری رووس و ئەوەی تریان دروستکردنەوەی عوسمانیەوە دەبینن ، لە بواری ئابووریەوە زەرەرمەندی یەکەم دەبن و هاوکات پێوەندییەکانی هەر دوولاش لەم شەڕە دا تووشی لێکترازان و ئاڵۆزییەک هاتووە کە ئەستەمە خۆ بگرێتەوە. لەو نێوەندەدا ئەمریکا بە بێ ئەوەی تێچوویەکی ئەوتۆ بدا، هەوڵیدا شەڕی ڕووسیە و ئەمریکا بە ئورووپا بکا و بەم چەشنە هەم ڕووسیە لاواز بکا و هەم ئورووپا بە دەستەمۆیی بۆ خۆی بێڵێتەوە، ئورووپاش تا ئێستا بە کردەوە نەچۆتە ناو شەڕەکە و شەڕەکەی بە ئۆکرانیا کردووە و تەنیا لە ئاستێکی لاواز دا داکۆکی و پشتیوانی لێکردووە.

ئورووپا پێش شەڕەکە ئامادە نەبوو ئۆکرانیا بخاتە ناو چوارچێوەی یەکێتیی ئورووپاوە و ناتۆش تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونی بە داواکارییەکی ولادێمیر زلنێسکی نەداوەتەوە.

ئێستا پاش چەندین ڕۆژ شەڕ ، ئۆکرانیا کراوە بە ئەندامی یەکێتیی ئورووپا، تاکوو خەڵکانێک کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزیەوە وڵاتەکەیان بەجێدێڵن، لە ئورووپا داوای پەنابەری نەکەن و تەنیا بۆ ڕزگاریی گیانیان بچن و لە ئورووپا نیشتەجێ بن.

چەندین ئەگەری تریش لە ئارا دایە :

- شەڕی ڕووسیە بۆ خۆسپاندنە وەک هێزی یەکەمی جیهانی و جێگە لێژکردنە بە ئەمریکای لاوازی بایدێن ئەگەر پووتین لەو شەڕە دا براوە بێ، ئەو ئەگەرە لە ئارا دایە کە چینیش هێرشێکی هاوشێوە بکاتە سەر تایوانی هاوپەیمانی ئەمریکا، بۆیە نە ئەمریکا و نە ئورووپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا وەها ئیزنێک بە ڕووسیە نادەن.

- ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا، ئورووپا،چین و رووسیە کرابێ کە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر خۆیاندا دابەش بکەن: تایوان و بەشێک لە ئەفغانستان بۆ چین، ئۆکرانیا و بەشێک لە ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆ ڕووسیە، ئێران، سووریە و عێراق و ... بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

جیهان لە قۆناغی تاک جەمسەری هاتۆتە دەر و بەرەو قۆناغی چەند جەمسەری هەنگاوی ناوە، هەر بۆیە شەڕی ئەمڕۆی وڵاتانی زلهێز، بە مەبەستی خۆسەپاندنە وەک هێزی یەکەمی جیهانی، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەو هێزە جیهانییە لە دەست بریتانیا هاتە دەر و کەوتە دەست ئەمریکا و تا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا ڕووسیە هاتۆتە ناو مەیدانەکە تاکوو ئەم هێزە جیهانییە بە دەستەوە بگرێ و دوور نییە لاوازیی ئەمریکا لەو ماوەیە دا پووتین و هەندێک وڵاتی دیکەی لە سەر ئەو خواستە سوورتر و پێداگرتر کردبێ.

ڕەنگە پووتین بتوانێ هەموو خاکی ئۆکرانیا داگیربکا، بەڵام لەو شەڕە دا هەر ڕووسیەی پووتینە کە دەیدۆڕێنێ، چونکە لە هەر دوو حاڵەتدا واتە چ بگەڕێتەوە و چ بمێنێتەوە، تێچوویەکی زۆر دەدا.

پووتین توانای مانەوەی نییە و ناتوانێ تا سەر وەک داگیرکەر خاکی ئۆکرانیا داگیر بکا و شەڕەکە تا زیاتر بخایەنێ، ڕووسیە لاوازتر و ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئورووپا و ناتۆش بۆ ناو شەڕەکە بە هێزتر دەبێ و ئەوەش تێچوویەکی چاوەڕواننەکراوی دیکەی بۆ ڕووسیە دەبێ، هەروەها لە ئەگەری گەڕانەوەی هێزکەی پووتین دا، ڕووسیە ناچارە بە بێ دەستکەوت و بە هێزێکی ماندوو و خەساردیتوو و لاوازەوە بگەڕێتەوە.

بە باوەڕی من ڕاگەیاندن و بە فەرمی ناسینی سەربەخۆیی بۆ دوو ناوچەی لۆهانسک و دۆنتسک کە لە ڕاستیدا مافی خۆیان بوو ، دەستکەوتێکی باش بوو بۆ ڕووسیە کە دەبوو پووتین بەوە ڕازی بایە و جارێ کارێکی نەکردبایە کە پەلکێشی ناو ئەو شەڕە کە وەک داوێک بۆی دانرابۆوە بکرێ، پووتین هەمان هەڵەی دووبارە کردەوە کە لێئۆنید برژێنف لە سەردەمی سۆڤیەت دا لە ئەفغانستان ئەنجامی دا و سەدام حوسێن لە هێرش بۆ سەر کوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP