كاراكردنەوەی پەرلەمان بە زۆرینەیەكی سادە لەپاش بە بنبەست گەیشتنی رێككەوتن هەر زۆر بە خراپیشی دابنێین دەبێ بە (شر لابد منه)ی بزانین
چونكە ئێمە لە پاش هەڵبژاردنی 2024 (دوساڵ لەمەوبەر!) ئیتر لەبەردەم دۆخی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2024 دا بوین.
ئەمەش یانی چی؟ یانی دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن
ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا یانی خولانەوە لە بازنەدا، هەمان هەڵبژاردن و هەمان نەتیجە و هەمان رەتكردنەوەو هەمان سەرئێشەو هەمان شەقام پیسكردن و هەمان سەرێشە و ..هەمان هەمان هەمان..هتد بەكورتی بازنەی داخراو
بێگومان ئەمە لە باشترین حاڵەتدا بەڵام لە خراپترین حاڵەتیشدا گەڕانەوەبو نەك بۆ دۆخی هەڵبژاردن بەڵكو بۆ دۆخی رێكنەكەتن لەسەر ئەنجامدانی خودی هەڵبژاردنەكەش.
ئەی دو حزب لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنێك و واقیعێكی پەرلەمانی رون و ئاشكرا رێكنەكەون ئەی پێم ناڵێیت لەسەر میكانیزمی دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن چۆن رێكدەكەوتن!
ئیتر ئالێرەوە ئەبێ ئێمە خەیاڵی ئەو واقیعە سەیر و ئاڵۆزە بكەین كە لە ئەگەری كارانەكردنەوەی پەرلەماندا لە كوردستان دروست دەبو، ئەو كات نەك فەراغی دەستوری بەڵكو فەراغی سیاسی و بەستەڵەكی سیاسی تا ساڵی 2030 كوردستانی دادەپۆشی.
بۆیە ئەوەی ئێستە ئێمەو دڵسۆزان لێی دەترسین لە ئەنجامی كاراكردنەوەی پەرلەمان روبدات گوایە بۆی هەیە كوردستان ببێت بە دو لەتەوە، ئەوا لەدۆخی كارانەكردنەوەی پەرلەمانیشدا هەردیسانەوە ئیحتیمال و ئەگەرێكی ئامادبو، بەڵكو زۆر بە بەهێزتریش بو.
بەڵكو تەنانەت ئەگەر كاراكردنەوەی پەرلەمان مەترسیەكەی ئەوەبێت هەرێمێك دەكات بە دوان! دەی لەو دۆخەی دیكەدا -دۆخی نەرێككەوتن نە كاراكردنەوەی پەرلەمان- نەك دو هەرێم بەڵكو یەك هەرێمەكەشمان لە دەستدەچو ، لە هیچ شوێنێك ئێمە پارلەمانێك، نەدەما گوزارشت لە بونی سیاسی و قانونیمان بكات. ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ئیجابیاتی دۆخێك تێبگات دەبێ ئیماجنی ئەو دۆخە بكات كە دەكرا روبدات ئەگەر ئەمەی ئێستە نەبوایە..بۆیە لە راستیا كاراكردنەوەی پەرلەمان ( لابد منه) بو یان بە قەولی مامۆسا عەلی باپیر باشی ناوخراپان بو..باوەڕتان بێت رزگاركردنی هەموان بو بەو حزبانەشەوە كە بە هەر پاساوێك و لێكدانەوەیەك بێت نەچونەتەوە بۆ پەرلەمان لە راستیا ئەوە فەرزی كفایە بو، جەماعەتێك كردیان و رزگارمان بو لە فەراغی دەستوری و سیاسی و كەوتنە ناوگێژاوێكی گەورەوە.
ئێستاش نەچوە بچێ پەرلەمان هەر وەك خۆیەتی، ئەو پارلەمانتارانەی بە سەربەخۆیی چونەتە پەرلەمان و پەرلەمانیان كارا كردەوە. دەكرێ فراكسیۆنێكی نوێ پێكبهێنن و بەم شێوەیە هیچ كەس نابێتە زۆرینە تا ئەوانی تر لێی بترسن (هەرچەندە لە هەمو دنیا زۆرینەی پەرلەمانیی چارەسەرە نەك كێشە بەڵام ئیدی دیارە دۆخی كوردستان ئاوایە)و با هەر ئاوا و ئاوەدان بێ.