ئەگەرچی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینە هەندێک نیگەرانیی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵی لە شەرعیبوونی بکات؛ چونکە پرۆسەکە لە ڕووی یاساییەوە تەواو دەستوری و یاسای بوو .
ئەگەر نا ، پێویستی بە هەڕەشە و لێدوانی بێبنەما نەدەکرد، بەڵکو دەکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکرێت.
کەواتە، ناکۆکییەکە لە بنەڕەتدا سیاسییە، نەک یاسایی، هەر بۆیە چارەسەرەکەشی هەر سیاسییە و تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە دێتەدی ، مەبەستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەرگیز پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو ئامانج گەڕاندنەوەی شەرعیەت بوو بۆ دامەزراوەیەکی نیشتمانی گرنگ کە ماوەی دوو ساڵە پەکخرا بوو .
هەر وەک لە پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک مسعود بارزانیدا جەختی لەسەر کرایەوە، کە داوا لە یەکێتی و لایەنەکان دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان . چونکە لە قۆناغی ئێستادا ، تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی قەیرانەکان. .
هەڵبەتە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتیژێکی نیشتمانی و هەمەلایەنە هەیە؛ نابێت لایەنەکان عەقڵی خۆیان بدەنە دەست سۆشیالمیدیا و ئەو دەنگە هەلپەرستانەی تەنها خەریکی ئاژاوە و تێکدانن ، بەڵکو پێویستە بەدوای عەقڵانییەت و بەرژەوەندیی گشتیدا بگەڕێین.
هەر لەم ڕوانگەشەوە پارتی وەک هێزی سەرەکی ، ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ هەنگاوی کرداری لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان و یەکگرتووی و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بەکورتی: کلیلی چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە.
- گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و نەرمونیانیی سیاسی لە ناوخۆ و وازهێنان لە ململانێی لاوەکی.
- ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە دامەزراوەکانی هەرێم .
- ڕێککەوتنی ستراتیژی و مەیدانی لەگەڵ بەغدا ، بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.