دواین هەواڵ

کورد و عەرەب و عێراق

‌ئەکرەم ساڵح

24/07/2025

لەوەتەی عێراق کراوەتە دەوڵەت، بێ خواستی خۆی کوردی پێوەلکاوە، کورد و عەرەب لە کێشەدان، بۆیە دەڵێم کورد و عەرەب؛ ناڵێم کورد و عێراق چونکە فەرمانڕەوای عێراق عەرەبە، بۆیە کێشە عێراق نییە وەک دەوڵەت، بەڵکو عەرەبە وەک نەتەوەی فەرمانڕەوا، ئەگینا دەیان دەوڵەتی فرەپێکهاتە هەیە، کە بە ئازادی و یەکسانی پێکەوە دەژین.

باشە ئەوە گریمان کورد میلەتێکی ناتەبا و بۆخۆنەشیاوە، باجی ئەوە دەدات کە وڵاتەکەی دابەش کراوە و بووەتە کەمینەی چوار دەوڵەت، ئەی ئەم عەرەبە کە وەک دەڵێن خواپێداون و  22 دەوڵەتیان بۆ دروست کراوە، بۆ دەبێت لە 100 ساڵی تەمەنى عێراقدا فەرمانڕەوایەکی مەدەنییان تێدا هەڵنەکەوێت، کە بۆ یەک جار دەمارگیر و ڕەگەزپەرست نەبێت و وەک مرۆڤ بیر بکاتەوە و ئەزموون لەو ڕابردووە پڕکارەساتە وەربگرێت؟.
ئەم زڕبرایانە، لەبری ئەوەی بیر لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان بکەنەوە، سوود لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وەربگرن، کەچی هێشتا لە بیری ئەوەدان چۆن کورد بچەوسێننەوە و چۆن هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشە بسڕنەوە.
جاران دەمانگوت ڕژێم دیکتاتۆرییە، ئەوەی ڕوو دەدات گوزارشت لە ڕای گەلی عەرەبی عێراق ناکات، ئێ ئەوە نزیکەی چارەگە سەدەیەکە ڕژێمی بەناو دیموکراسی و تایفەی زاڵمیش گۆڕاوە بۆ تایفەی مەزڵووم، کەچی کە دێتە سەر پرسی کورد هەمووی هەر وەک یەکە و  بۆ جارێکیش فەرمانڕەوایەکمان نەبینی لەوەی پێش خۆی باشتر بکات، بەڵکو بەپێی هەلومەرج و بەرژەوەندی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، لەناکاو لە "برا"وە  دەبن بە دوژمن یان بەپێچەوانەوە، بۆیە دوای ئەو هەموو ساڵە کێشەکان هەر وەک خۆی ماونەتەوە، تەنیا شێوازەکەی گۆڕاوە، بگرە هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و برسیکردنیشی هاتووەتە سەر.
کێشەی گەورە ئەوەیە، ئێمەی کوردیش لەم هەلومەرجەدا دەروویەکی ترمان نییە و هەر دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تاڵەدا بکەین .
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی قووڵە، هەر کات ئەوان کاریان بە ئێمە بێت بە ئاسانی فریومان دەدەن و ڕازیمان دەکەن، بەڵام کاتێک ئێمە کارمان بە ئەوان دەبێت، دەچنە سەر کەلی شەیتان و بە هەزار نزا و ناوبژیوان نایەنە خوارەوە.
ئەوەی لە پرسی مووچەدا ئەم جارە کردیان، ئەوپەڕی سووکایەتی و ئازاردانی دەروونی تاک و کۆمەڵگەی کوردستانی بوو، بۆیە هەر کوردێک لایەنگیری ئەو سیاسەتە چەوتەی بەغدا بکات، یان ئەمە لەبیر بکات ئەوە داشۆراوە لە کوردبوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP