دواین هەواڵ

یەکبوون نەک کەرتبوون

‌ڕابوون مەعروف

21 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەم: دەبوایە، یان پەڕلەمان کۆبێتەوە و کارا بکرێتەوە، یان بە فەرمی هەڵوەشێتەوە. ناکرێت دوای دو ساڵ لە هەڵبژاردنەکان، دژی کۆبونەوە و کارا کردنەوەی پەڕلەمان بیت، لە هەمان کات، دژیی هەڵوەشانەوەیشی بیت. ئەوە ئاماژەی سەرلێشێوان و نەبونی دیدەگایە.

دوەم: بژاردەی دروست ئەوەبو، پارتی و یەکێتی، بە رێکەوتن و پێکەوە، کۆبونەوەی پەڕلەمان بکەن و پەڕلەمان کارا بکەنەوە و کابینەی ئایندەی حکومەتی هەرێم پێکبهێنن. بەڵام، کە ئەوە نەکراوە و پارتی بە تەنها پەڕلەمانی کارا کردۆتەوە، هێشتا، رێگەی پێکەوە کار کردن و کوردستانی یەکگرتو، دانەخراوە. 

سێهەم: هیوادارم یەکێتی بە حیکمەت و لە گۆشەنیگای نەتەوەیی و کوردستانییەوە، وەڵام و هەڵوێستەکان دیاریبکات. هەروەها دەبێت، پارتی تا رادەیەکی زۆر زیاتر لە یەکێتی نەرمیی و پشو درێژیی بنوێنێت. لە ئێستاوە، نابێت، پارتی، بە بنەمای، ‘ددان بە ددان و چاو بە چاو’ تەعامول لەگەڵ یەکێتی بکات. بەڵکو، ‘ئەگەر یەکێتی زلەیەکی لە رومەتی راستی پارتی دا، دەبێت پارتی رومەتی چەپی بۆ بسوڕێنێت’.

چوارەم: لە هەمو کوردستان و ناو جوڵانەوە کوردییەکان، ماڵی مام جەلال، نزیکترین ناوەند و رەوتی سیاسیی نزیك لە پارتی و ماڵی بارزانین. پاڵنان بە ماڵی مام جەلال، بۆ ریزبەندیی دژە خۆرئاوا، دەبێت بە موغامەرەیەکی لێڵ و ناڕۆشن و قڵشت و زیانێکی گەورە لە جەستەی کورد. 

پێنجەم: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، لەبەردەم زریان و گەردەلولێکی سیاسیی گەورە و ئاڵۆزدایە. نابێت کورد بە گشتیی و باشور بە تایبەتی، بە دو پارچە و دو ئاراستەی پێچەوانە و دژ بە یەك، بچنە ناو جەنگ و ململانێی و کێبڕکێکانەوە. دەبێت، کورد پێکەوە، ئامادەی ئەو تەحەدیانە بن، کە هاتونە بەر دەرگا. 

ئم کێشە و گرفتانە بەرهەمی نەخەمڵێنی نەتەوە و نەبونی دیدیی نەتەوەیین. کەرتبونی باشور، پرۆسەی سازکرنیی نەتەوە پەک دەخات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP