ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی بیرمەند، سیاسەتمەدار و سەرکردەی هەڵکەوتوو، عەلی عیززەت بیگۆڤیچە.
پیاوێک کە لە پێناو ئازادی و بیروباوەڕەکانی، بەشێک لە ژیانی خۆی لە زیندانی کۆمۆنیستەکانی یوگسلاڤیادا بەسەر برد. لە ساڵی (١٩٩٢)دا، دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بووە یەکەم سەرۆککۆماری بۆسنە و هێرزەگۆڤینا.
بیگۆڤیچ، بە گیانێکی بەرز، ورەیەکی بەرز و دووربینییەکی سەرکردانەوە، لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٥، بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە لەسەخترین هەل ومەرجەکاندا ڕێبەرایەتی گەلەکەی کرد؛ لە کاتێکدا بۆسنە ڕووبەڕووی هەوڵی قڕکردنی نەتەوەیی و لەناوبردنی بوون و سەربەخۆیی بووەوە. ئەو لە دژی هێزەدەستدرێژیکارەکانی سربییەکانی ئەو سەردەم و هاوپەیمانەکانیان، لە قۆناغێکی زۆر سەختی مێژووییدا، خۆڕاگرییەکی کەم وێنەی نیشاندا، تاکو سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر دوژمنانی گەلەکەیدا تۆمارکردو وڵاتەکەی لە دووبارە ژێردەست بوون وپارچەپارچەبوون پاراست.
یەکێک لە ڕەهەندە جوانەکانی کەسایەتیی بیگۆڤیچ، سادەیی و خۆبەزلنەزانییەکەی بوو. هەربۆیە وەسیەتی کرد دوای مردنی، لە گۆڕستانی هاوڕێ و سەربازە شەهیدەکانیدا بنێژرێت، هیچ گومەزێکی بۆ دروست نەکرێت و لەسەر گۆڕەکەی بە جێی ناونیشان و پلە و پایە، تەنها بنووسرێت: «بەندەیەکی خوا».
بیگۆڤیچ ئەودیدە سیاسییە پشت ڕاست دەکاتەوە کەپێی وایە، کاتێک وڵاتێک دەکەوێتە قەیرانەوە، پێویستی بە سەرکردەیەکی دووربین، مونەزیر و خاوەن ویست و خۆنەویست هەیە بۆ دووبارە سەرپێخستنەوەو دەرهێنانی لەودۆخەو گەیاندنی بەکەنارای ئارامی و دووبارە چوونەوە سەر رەوتی گەشەکردنی خۆی.
ئەو شانازی بە موسوڵمانبوونی خۆی و ئیسلامەوە دەکرد؛ لە هەمان کاتدا، نیشتیمانپەروەرێکی سەرسەخت و دیموکراسیخوازێکی ڕاستەقینە بوو. کۆکردنەوەی ئەم ڕەهەندانەی ناسنامەش لە کەسایەتیی ئەودا، کردوویەتی بە سەرمەشقێکی گەورە بۆ ئیسلامییە نیشتیمانپەروەرەکان و ئازادیخوازانی جیهان بە گشتی لەسەرتاسەری دنیادا.
بیگۆڤیچ یەکێکە لەو کەسایەتییە ئیسلامی و جیهانییانەی کە لێیانەوە فێر بووم و بە یەکێک لە سەرمەشقەکانی ژیانی خۆمی دادەنێم؛ چونکە نیشانی دا دەکرێت مرۆڤ لە هەمان کاتدا موسوڵمانێکی باوەڕدار، نیشتیمانپەروەرێکی دڵسۆز و ئازادیخوازێکی ڕاستەقینە بێت.
یادی بەخێر و سەربەرزی لای پەروەردگار