دواین هەواڵ

سەربەخۆخوازی؛ فەزیلەتێکی ڕۆحی و ئەخلاقی و ئامرازێکی ڕەخنەی سیاسی

‌ئەبوبەكر كاروانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ڕێفراندۆمی کوردستاندا، کەپەیوەندی بە باسی سەربەخۆییەوە هەیە، هەموو ساڵێک بە ئاراستەی جیاواز قسە و باسی جۆراوجۆر  دەکرێت. من لەم نووسینەدا ناچمە ناو ئەو بێنەوبەرانەوە کە زۆربەیان سەرپێیی و مۆرکی کاردانەوە و دروشمیان بەسەردا زاڵە؛ بەڵکوو دەخوازم لە گۆشەیەکی ترەوە، نزیکبوونەوەیەک لە چەمك وفەزیلەتی سەربەخۆخوازی دروست بکەم؛ لە پەیوەندی بە گەورەبوونی ڕۆح و ڕەخنەی سیاسی و ئەخلاقی لە واقیعی ئێستای هەرێم و تەنانەت کۆی پارچەکانی کوردستان و ئێستای ناسۆنالیزمی کوردی.

بە واتایەکی تر، من تەنها لە ڕوانگەی بوون یان نەبوونی دەوڵەت لەئێستادا ناڕوانمە پرس وفەزیلەتی سەربەخۆخوازی. واتە وا دادەنێم کە پرۆژەی دەوڵەت، پرۆژەیەکی دواخراوە بۆ ئایندەیەکی نادیار. هەروەها سەربەخۆخوازیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ڕێفراندۆمەوە نابەستمەوە، مەگەر لە ئاستێکی زۆر کاڵدا؛ چونکە ڕێفراندۆم تەنها میکانیزم و ڕێکارێکە لە نێوان چەندین ڕێکار و میکانیزمی تردا  لە سەرەڕێی هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت.

بە واتایەکی تر، دەخوازم ئێمەی کوردستانییان و کوردانی جەزرەبە چەشتووی دەستی مێژووی ستەمکاری و زۆرداری ناوچەکە، ڕیفراندۆم و بەرئەنجامەکانی نەکەینە بیانووی کردنەوەی دەرگایەک بۆ چوونە دەرەوەی کۆرپەی مەعنەوی سەربەخۆخوازیی لەبوون وبیرکردنەوەو ڕۆحماندا.

چوونکە سەربەخۆخوازی پەیوەستەبە و ویژدانی مرۆڤایەتیمانەوە پێش ویژدانی نەتەوەییمان؛ لەبەرئەوەی سەربەخۆخوازی لە دنیای ئەمڕۆدا، کە بەسەر دەوڵەت ـ نەتەوەکاندا دابەش کراوە، پەیوەندی بە کەینونەی بوونمانەوە هەیە وەک مرۆڤ.

ئەگەر هەندێک کەس ئەم بۆچوونە بە زیادەڕەوی بزانن، بە حوکمی ئەوەی ڕیشەیەکی میتافیزیکی قووڵ بە پرسێکی سیاسی دەدات، دەخوازم بڵێم: ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئازادی، هایدگەر گووتەنی، پەیوەندی بە کەینونە و بوونی مرۆڤەوە هەیە،ئەوا بۆ گەلێکی بندەست و بێ‌دەوڵەت، بە تایبەتیش لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و پێکداداندا، ئازادیی بێ‌سەربەخۆیی و لەسایەی هەستکردن بە نایەکسانی و پلە دووییی دەستەبەرکردنی قورس دەبێت، ئەگەرچی لە هەندێ ڕووشەوە و لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئەوانی  دیدا، دەستەبەرکرابێت.

 لەڕوویەکی ترەوە، پرسی سەربەخۆیی لەنزیکەوە پەیوەندی بەکەرامەتی ئینسانیمانەوە هەیە، لەبەرئەوەی ئەگەر بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتیی ئێمە لە کەرامەتماندا خۆی دەرببڕێت، ئەوا پاراستنی کەرامەت، لانی کەم لە بواری نەتەوەییدا، پێویستی بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی هەیە یاخود لانی کەم فۆرمێك لەسەرەوەری نەتەوەیی؛ چونکە کەرامەتی نەتەوەییمان، کە گوزارشتێکی تری کەرامەتی مرۆڤایەتیمانە، بەوە تا ڕادەیەکی زۆر پارێزراوتر دەبێت، ئاسانیش نییە لەکاتێکدا کەرامەتی نەتەوەییمان پێشێلبکرێت پێمان وابێت وەك مرۆڤ کەرامەتمان پارێزراوە، چوونکە لەم سەردەمەدا ناتوانرێت لەیەکدی داببڕێنرێن..

 ئەگەر لە زینداندا بین، یاخود لەبەردەم پەلاماری دوژمن و ڕەشەبا و زریانی نائومێدیدا شەو و ڕۆژ بەسەر ببەین،سەربەخۆخوازیی قووڵ و ڕاستەقینە وامان لێ دەکات، لە ڕووی ئەخلاقییەوە جەلادەکانمان لەبەر چاوماندا بچووک ببنەوە، متمانەیەکی گەورەمان بە خۆمان هەبێت، ئیحساسێکی قووڵترمان بە کەرامەتمان لە خۆماندا درووست بکەین و خۆمان لە ڕۆڵەی هیچ نەتەوە و گەلێکی خاوەن‌دەوڵەت لەو دنیایەدا بە کەمتر نەزانین.

بە کورتی، فەزیلەتی سەربەخۆخوازی وادەکات ڕۆحمان، واتە ناوەوەمان گەورە ببێت، شوێن قەرەباڵغی و هاتوهاواری کاتی نەکەوین، ڕێز لە قوربانییانی گەلەکەمان بگرین و باوەڕیشمان هەرگیز بەوە لە دەست نەدەین کە ڕۆڵەی نەتەوەیەکی گەورەو ڕەسەنی ناوچەکەین. مافی چارەنووس مافێکی ڕەوا و عادیلانه و دواخراوی خۆمانە و لەسایەی هیچ هەل ومەرجێکدا لانی کەم لەڕووی فیکری و قەناعەتی ناوەکییەوە، دەستی لێ هەڵناگرین و دەستبەرداری نابین و تێکەڵ بەتاکتیکی سیاسی ناچاریی ناکەین.

کەدەشڵێین ڕۆحی گەورە، مەبەستمان ڕۆحێکە، لەگەڵ بەها بەرزەکاندا مامەڵە دەکات؛ بە ڕووداو و هەڵکشان و داکشانی سیاسی و ڕۆژانە لێڵ نابێت، ئەگەر هەندێک جاریش لێڵ بوو، هەر زوو ڕوون دەبێتەوە. ڕۆحێکی عەدالەتخواز و لێبووردە و بەخشندە و میهرەبان و بوێر و ئازا و قوربانیدەرە.

 بەم جۆرە سەربەخۆخوازی، لە پاڵ ئیمان و ئاسماندا، دەبێتە سەرچاوەیەکیتری گەورەی مانادان بە ژیان و خەم و خەون و ئازار و ئومێد و هەوڵەکانمان. لە ڕوانگەی دوژمن و جەنگی دەروونییەوە سەیری خۆمان و مێژوو و ئایندە و شایستەیی و مافەکانمان ناکەین؛ بەڵکوو لە ڕوانگەی ڕەسەنایەتی نەتەوەکەمان،  ڕووباری خوێنی ڕژاو، قەبارەی قوربانی و شایستەیی ئەخلاقییەوە دەڕوانینە خۆمان و دوژمن و بەرامبەرەکانمان.

 بەم تێگەیشتنەش لە فەزیلەتی سەربەخۆخوازی ، مرۆڤی سەربەخۆخواز هەست بە چێژێکی  ڕۆحی گەورەدەکات! چێژبردن لە ساتەوەختی سەربەخۆییش دوا ناخات بۆ ئەو کاتەی دەوڵەتی کوردستان دادەمەزرێت؛ بەڵکوو لە هەر ئێستادا و لە قووڵایی دڵیدا سەربەخۆیانە دەژیت و چێژی لێ وەردەگرێت، پێش ئەوەی دەوڵەت لەسەر زەوی واقیع دابمەزرێت، ئەم لە دڵ و دەروونی خۆیدا دایدەمەزرێنێت. هەست بە کەمی لای نامێنێت،  چێژ لە ژیانی مەعنەوی واتادارو نورانی لە سایەی هەستی سەوزی  سەربەخۆییدا دەبینێت .

ئەم ئاست و جۆرەش لە هەست بە کەرامەت و سەربەخۆیی، پەیوەندی بە هاوسەنگیی هێزو ئاڵۆزیی دابەشکردنی نەتەوەکەمانەوە نییە،  بەڵکوو پەیوەستە بە هاوسەنگیی بیرکردنەوە، ڕوونبینی، دووربینانە‌ڕوانین و ڕۆح بە ‌سەنتەرکردن بۆ جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزی و ئاواتە وەدینەهاتووەکان. ئەمەش خۆخەڵەتاندن نییە؛ بەڵکوو  پارێزگاریکردنە لەهاوسەنگی دەروونی و هەست بەگەورەیی و واتاداربوونی ژیان وەك کوردێك لەسایەی هەل ومەرجە دژوارەکاندا.

کارتێکی فشاری دەروونیش لە دەستی نەیار ستاندنەوەیە. لە ڕوویەکی ترەوە، پێم وایە بە پێچەوانەی ئەو قسە سادەیەشەوە کە دەڵێت، پێداگری لەسەر سەربەخۆیی، ئاوکردنە بە ئاشی گەندەڵی و ناعەدالەتی لە هەرێمدا، سەربەخۆخوازی، ڕووحیەت و ئامرازێکی کاریگەری ڕەخنەی سیاسی و ئەخلاقییە لە دۆخی لەئارادابوو، کێشە و ئاستەنگ و خۆپەرستی و دیاردە نەخوازراوەکان.

 بۆ نموونە، ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی سەربەخۆخوازییەوە ڕەخنە لە کۆی ئەو دیاردە و دەرکەوتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکری و کارگێڕی و ئەخلاقیانە بگرین، کە واقیعی ئەمڕۆی هەرێم  بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

دەتوانین سەربەخۆخوازی بکەین بە سەرچاوەی چەندین پرسیاری تاکو ئێستا بێ‌وەڵامی سیاسی قەناعەتپێکەر؛ هاوشێوەی : ئایا دەبێت پەرلەمان و حکوومەتی گەلێکی بێ‌دەوڵەت بەم جۆرە بێت کە ئێستا هەیە؟ ئایا لە کاتێکدا ئێمە سەد ساڵە لەمافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆمان بێبەش کراوین و لە سەرەپێچێکی مێژووییدا بووینە خاوەن هەرێمێکی نیمچەدەوڵەت و خود‌حوکمڕان، کە دەکرێت ببێتە ناوکی هەڵسانەوەی مێژوویی کۆی نەتەوەی کورد و ناسۆنالیزمی کوردی لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەردەم وەرچەرخان و سەرەپێچێکی مێژوویی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وخۆماندا کەرەنگە بۆ چەندین ساڵی تر چارەنووسمان دیاریبکاتەوە، دەبێت ودەکرێت و رەوایە، ئاوا پارچەپارچە و دابەشکراو،ناکۆك، بێ دەسەڵاتی ناوەندی و ستراتیژیی هاوبەش و دام‌ودەزگای نیشتمانی  سەروو حیزبی بین؟

ئایا زۆرێك لە بەرپرسان و بڕیاردەستانی هەرێم دەبێت ئاوا دەست بۆ خۆیان و دەوروبەرەکەیان شل بکەن و ئەو هەموو ڕواڵەتانەی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی نارەوا و ناعەدالەتییان پێوە دیار بێت، لە کاتێکدا دەبوو سەرمەشقێکی گەورە بونایە بۆ ئەوەی متمانەی گەلەکەیان لەدەست نەدەن و ڕێبەرایەتییەکی شکۆمەندانەی بکەن بۆ قۆناغێکی گەشەکردووتر و بەدیهێنانی خەون وئامانجە بەدینەهاتووەکانمان؟

ئەمە و چەندین پرسیار و ڕەخنەی تر. جیاوازیی کەسێکیش کە هەڵگری بیری سەربەخۆخوازی بێت و ئامادە بێت لە پێناویدا قوربانی بدات، لەوانەش قوربانیدان بە بەرژەوەندی شەخسیی ناڕەوا لە کەسانی تر لەوەدایە، کە لە قووڵاییەوە پەرۆشی قەوارەی هەرێم وپارێزگاریلێکردنیەتی و بە توندی دەستی پێوە دەگرێت.

هەرگیز ئامادە نییە لە سۆنگەی ناڕەزایی بەرامبەر حیزبە حوکمڕانەکان دەستبەرداری ببێت یاخود بەرامبەری بێ باك بێت، یاخود لەبەر ئەو ناڕەزاییە بەر لە هەموو شتێک قەوارەکە بخاتە ژێر پرسیار؛  پۆچگەرایانە بیر ناکاتەوە و قەوارەی هەرێم ناکات بە ئامرازی ڕەخنەگرتن لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، هەروەها نابێتە پشتیوانیی بێ‌مەرجی ئەوان و ناکەوێتە ژێر کاریگەری جەنگی دەروونی بەرامبەرەکان و ناحەزانی هەرێم.

  لەخودنەفرەتی و ڕاکردن لە کوردبوون و خەیاڵ‌پڵاوی سیاسی وچاوەروانی چارەسەری ئەوانی دی دووردەکەوێتەوەو بەڕەزیلەتی فیکری وئەخلاقیان دەزانێت، لێرەشەوە گرنگە، ئۆپۆزسیۆن پێش کەسانی تر، ئەندام و جەماوەری خۆی لەسەر سەربەخۆخوازی پێ بگەیەنێت؛ لەبەر ئەوەی جگە لەوەی سەربەخۆخوازی پێویستییەکی ڕۆحی و ئەخلاقیی مرۆڤی کورد و ڕێزگرتنە لە خودی ئینسانی وئیسلامی ونەتەوەیی، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕەخنەی ئەخلاقیشە لە دەسەڵات و بەرگەگرتنی ئیغرا و کۆسپەکانی سەر ڕێگای چاکسازی و گۆڕانکاری.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP