دواین هەواڵ

چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دانپێدانانە کەم و کورتەکانی دەوڵەت و ئاڵوگۆڕە فیکرییەکانی ئۆجالاندا

‌ئەبوبەكر كاروانی

6 رۆژ پێش ئێستا

پێش چەند ڕۆژێک لە وەڵامی پەیامنێری ماڵپەڕی (ڕۆژنیوز)، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر سووتاندنی ڕەمزیی هەندێک چەکی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە، و ئەو هەستەی لەو کاتەدا بە سیفەتی بەشداربوویەکی مەراسیمەکە هەم بووە؟ وتم: هەستێکی دوولایەنە بوو. لە لایەکەوە، خەم دایگرتبووم، چونکە بیرم لەوە دەکردەوە چەکێک بە ناوی ڕزگارکردنی میللەتێکەوە هەڵبگیرێت، دەبوو توانای ڕزگارکردنی خاک و سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر بەرامبەر و حوکمڕانییەکی نیشتمانیی کوردستانیی لە فۆرمێکدا لێ بکەوتایەتەوە، کە بە داخەوە چەکی پەکەکە ئەو ئامانجانەی لێ نەکەوتەوە و پێی بەدینەهات، بەڵکوو زیاتر ڕۆڵی لە بە زیندوویی هێشتنەوەی ناسنامە و ڕێگریکردنی لە توانەوەی کوردا کورت بووەوە.

لە لایەکی ترەوە، هەستێکی هەندێک خۆشی تێکەڵ بە سەرلێکردنەوەم هەبوو، کە ئەویش ئەوەیە، سەرکردایەتی تەڤگەرەکە کاتێک هەست دەکات پرۆژەی شۆڕشی چەکداری گەیشتووەتە بن‌بەست و توانای بەدیهێنانی ئامانجەکانی نەماوە و بیرکردنەوەکانی پشتیشی گۆڕاون، بڕیار دەدات سەرلەنوێ پێناسەی وەزیفە و ڕۆڵی چەکەکە بکاتەوە، واتە وەک ئامانج سەیری نەکات و لە پێگەی ئامرازدا دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.

هەروەها، کەسانی وەکو باخچەلی، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دژی هەر جۆرە دانپێدانێک بوون بە ناسنامەی کوردیدا، ئەمڕۆ بە هەر پاڵنەرێک بێت، ناچارن لە ئاستێکیشدا بێت (دیارە وەک نەتەوە، نا بەڵکوو وەک ئەتنیک)، دان بەو ناسنامەدا بنێن و داوای بە ئاشتی کۆتاییهێنان بە ملمەلانێ چەکدارییەکان بکەن.

بەڵام, هەموو ئەمانە ئەو گومانانە ناڕەوێننەوە کە تەم و مژێکیان بە دەوری ئاسۆی ئایندەی پرۆسەکەدا دروست کردووە. ئەوەی ڕەوایەتیش بە گومانەکان دەدات زۆر شتە، لەوانەش: تاکو ئێستا ڕێککەوتن لەسەر ناونانی پرۆسەکە و قۆناغەکە لە نێوان دەوڵەت و لایەنی کوردیدا نەکراوە. لای دەوڵەت، پرۆسەی «تورکیایەکی بێ ترۆر» و باسی ئاشتی و برایەتی ناوخۆی تورکیایە بە شێوەیەکی گشتی، لایەنی کوردیش بە ناوی پرۆسەی ئاشتی ناوزەدی کردووە. ئەوەش دەری دەخات دەوڵەت، جگە لەوەی دان بە نیشتمانێکی مێژوویی پێناسە نەکراوی سیاسی لە چوارچێوەی دابەشکارییە ستەمکارییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا نانێت، هەروەها بە ڕوونی دان بە بوونی کێشەی کوردیشدا نانێت. ئەوەش دووپاتکردنەوەی جەوهەری نزیککاریی دەوڵەتی تورکیایە لە مێژووی نوێدا بۆ کێشەی کورد، کە لەسەر ئەو پێشەکییە بنیات نراوە: ئەوەی بە ناوی کێشەی کوردەوە هەیە، لە جەوهەردا کێشەیەکی ئەمنییە، واتە کێشەی تیرۆرە، نەک نوێنەرایەتیکردنی پرسێکی سیاسی، بەڵام بە هەندێک جیاوازییەوە. ئەویش جیاوازیکردنە لە نێوان کورد وەک نەتەوە و وەک ئەتنیک. لە سایەی توندرەویی کەمالیزمدا، نکۆڵی لە هەردوو جۆرەکەی کورد دەکرا و بە یەکدی یەکسان دەکران، لە کاتێکدا لە سایەی حوکمڕانی پارێزگارە مەشرەب ئیسلامییەکاندا، دەوڵەت کێشەی لەگەڵ داننان بە کوردا وەک ئەتنیک و هەندێ مافی زمانەوانی و کلتوری، کە لەم دەکەونەوە، نییە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی کورد نەتەوە نییە. لەوێشەوە شتێک بە ناوی کوردستان وەک خاکی مێژوویی ئەم نەتەوە و کێشەیەکی نەتەوەیی بە ناوی کێشەی کوردەوە نییە. وا دەبینم گوتاری تەم و مژاوی نەتەوەی دیموکراتیش لەم ساڵانەی دواییدا یارمەتی ئەوەی داوە کە دەوڵەت زۆرتر لەسەر ئەم پۆڵێنکارییە پێداگرتر بێت.

هەموو ئەوەش لە کاتێکدایە کە داننان بە سروشت و جەوهەری کێشەکان و تەوەری ملمەلانێکان پێشمەرجێکی گرنگی سەرخستنی ئەو هەوڵانەن کە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی بەردەوام و دادپەروەرانەیان دەدرێن.

لە لایەکی ترەوە، هێشتا ڕوون نییە داخۆ ئەو پرۆسەیەی ماوەیەکە لە ئارادایە، بەرهەمی بەخۆداچوونەوەیەکی دەوڵەتە بۆ دووبارە خۆبیناکردنەوەیەکی نوێ و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی کەمالیزم لە ئاستێکی قووڵتر و دامەزراوەیی‌تر لەوەی تاکو ئێستا هەیە، یاخود تەنها تاکتیکێکە بۆ بەڕێکردنی قۆناغێکی هەستیاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت و لەو ڕووەشەوە چەکی کورد، بە تایبەتیش کوردی باکوور و ڕۆژئاوا، بە هەرەشە و ئامرازی فشاری بەرامبەر وێنا دەکات، هەروەها دەیەوێت بە ئاقاری ناوخۆدا کورد لە میانی هەوڵدان بۆ یەکلاییکردنەوەی مێژوویی ملمەلانێی دەسەڵات، بە قازانجی هاوپەیمانی حوکمڕان بەکاربهێنێت؟

لە دوایەمین چاوپێکەوتنی وەفدی دەمپارتیش لەگەڵ ئیمراڵی و خستنە ڕووی دوایەمین هەڵوێستی دەوڵەت، ئەوە خراوەتە ڕوو کە جگە لەوەی تاکو ئێستا ڕێککەوتن لەسەر هەموارکردنی دەستوور و هەندێک لەو ماددانە نەکراوە، کە لەگەڵ مانەوەیاندا باسکردن لە هەر جۆرە چارەسەرییەک لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە، لە ئاستی ئەو یاسا ئاساییەشدا کە بڕیارە وەک بەرئەنجامی کار و هەوڵی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەکە لە پەرلەمانەوە دەربچێت، کێشەی جۆراوجۆر لە ئارادان، هاوشێوەی هەڵاواردنی سەرکردەکانی پەکەکە لە مافی گەڕانەوە و سیاسەتکردن، پۆڵێنکردنی ئەوانی تر و بەڵێن نەدان بە ئازادکردنی ئۆجالان و بەهرەمەندبوونی لە مافی هیوا.

کە ئەگەر مەسەلەکەش بەم جۆرە بچێتە پێشەوە، ڕەنگە دەرکردنی یاساکە، لە جیاتی ئەوەی ڕێگا بۆ چارەسەرێک خۆش بکات، هاوشێوەی دەرکردنی یاسا تاک‌لایەنەکەی ئۆتۆنۆمی لەلایەن بەعسی عێراقەوە لە ساڵی (١٩٧٤)دا، ببێتە هۆی نائومێدییەکی گەورە و دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و خوێنڕێژی.
ئەوەی هەندێک جیاوازی لەم ڕووەوە دروست دەکات و ئەگەری ئەوە دێنێتە کایەوە کە چارەنووسەکان وەک یەک نەبن، جگە لە هەل‌ومەرجە بابەتییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکە، بوونی ڕێبەرێکی وەک ئۆجالان لە ئیمڕاڵی و ئەو ئاڵوگۆڕە فکرییانەیە بەسەریدا هاتووە و دیدە فکرییە نوێکانیەتی دەربارەی نەتەوەی دیموکرات و پشتکردنە تێزە نەریتییە مێژووییە باوەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی.

واتە ئەگەری ئەوەی ئۆجالان ڕێگە بگرێت لە بە بن‌بەست گەیشتن و هەرەسهێنانی پرۆسەکە و دەستکردنەوە بە شەڕ، و بەو ئاستە لە چارەسەری و دەرگا کردنەوە ڕازی بێت کە دەوڵەت فەراهەمی دەکات، بەوەش نەهێڵێت پرۆسەکە بگات بە بن‌بەست، لەو سۆنگەوە کە پێی وابێت کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری پەکە لە خۆدی خۆیدا، بەدەر لەوەی لە بەرامبەرییەوە دەست دەکەوێت، دەستکەوتە و ئاسۆ و سەرەتا و شێوازێکی نوێی خەبات دەخاتە بەردەم کورد و چەپەکان، کە بەرهەمەکەی لە ئایندەدا زۆرتر دەردەکەوێت؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP