ئەمساڵ ١٢ یەمین دیداری مێری (MERI Forum) لەلایەن پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکخرا کە ئەرکی سەرەکی توێژینەوە و گفتوگۆ بوو لەسەر سیاسەت، ئاشتی، ئاسایش، مافەکانی مرۆڤ و
حوکمڕانی.
دیدارەکە وەک ساڵانی ڕابردوو بەهۆی گرنگی و ستراتیژی کارکردنیەوە توانی سەرکەوتووانە چەندین تەوەری گرنگ لەسەر پرسەکانی سیاسەت و حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و توێژەرو لێکۆڵەران بخاتە بەرباس و بەرچاوڕوونی سیاسی بداتە کۆی گشتی کۆمەڵگەی کوردی.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا تیشکی بخەمە سەر وتەکانی نێچیرڤان بارزانیە دیدارەکەدا کەلەئاستێکی باڵای دیبلۆماسی و بەرپرسیارێتیدا بوو ، سەرۆکی هەرێم وەک هەمیشە بەوردی و سەلیقەی سیاسی خۆیەوە باسی لەتەواوی کێشەی کورد لەهەرچوار پارچەی کوردستان کرد و،ئەوەی لەپشت کەوالیسەکەوە نەبیندرابوو هێنایە سەر ستەیج و پیشانی داین و،باسی پرۆسەی ئاشتی کرد لەتورکیاو سوریا،هەروەها ئەو ڕاستیەی نەشاردەوە کەلەجەنگی ئێران - ئیسرائیل و ئەمریکادا هەوڵەکانیان بوونەتە هۆی دورخستنەوەی پزیشکی جەنگەکە لەهەرێمی کوردستان.
واقعێکی سیاسی تاڕادەیەک تاڵ هەیە کەئەویش هەبوونی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گروپە چەکدارەکانیانە لەهەرێم،ئەوان گەرچی هاوزمان لەنەتەوەی ئێمەن و خەباتیان جێی ڕێزە،بەڵام بیانوویەکی باشیش بوون بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران تابەهۆی ئەوانەوە هێرش بکاتە سەر هەرێم کەئەمەش مەترسیەکی گەورەو جدیە لەسەر تاک بەتاکی خەڵک،بەڵام دیبلۆماسیەت و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی ئەو مەترسیانەی دورخستەوە، وەقسەکردنیش لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێم هێڵی سور نیە،بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشکاوانە ئەوەی بەیان کرد کەنابێت بەهۆی جموجوڵی ئەو هێزانە هەرێم بکەوێتە مەترسیەوە،ئەمە واقیعێکی سیاسە و نابێت خۆمانی لێ بدزینەوە کەدەبێت لەنێوان و باش و خراپ یەکێکیان هەڵبژێرین و وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە ئایا ڕاگرتنی جموجوڵی ئەو سەدان چەکدارە باشه،یان ماڵوێرانی و شەڕو کوژران و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەس؟ بێدەنگکردنی چەک باشترە یان ئەنفال و کیمیابارانێکیتر؟