دواین هەواڵ

ڕەگەزە هزری و عەقیدەیییەکانی حووسییەکان...

‌نەوشیروان سەعید

13 کاتژمێر پێش ئێستا

 

بۆ تێگەیشتن لە حووسییەکان، تەنها ئەوەندە بەس نییە بگوترێت ئەوان «گرووپێکی شیعی پابەندی ئێرانن»، ئەمە گوزارشتێکی زۆر سادەکراوەی مێژوویی و مەزهەبییە.
 جووڵانەوەی حووسی لە بنەڕەتدا لە ژینگەی زەیدیی یەمەنییەوە سەریهەڵداوە، پاشان توخمەکانی زەیدییەتی لەگەڵ بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی کاریگەر بە ئەزموونی ئێرانی تێکەڵ کردووە و وەرگێڕێاوە بۆ پڕۆژەیەکی ئاینی-سیاسی و سەربازی.
 
کۆنترین ڕیشەی مەزهەبی زەیدی کە لە سەدەی سێیەمی کۆچی/نۆیەمی زایینی لەگەڵ ئیمام هادی یەحیای کوڕی حوسێن هاتە ناو یەمەن، بەتایبەتی لە باکووری یەمەن و سەعدە جێگیر بوو. لە مەسەلە بنەڕەتییەکانی عەقیدە و فیقھدا لە شیعەی دوانزە ئیمامیی ئێرانی جیاوازەو لە ڕووی مێژووییەوە لە هەندێک مەزهەبی سوننە نزیکترە تا دوانزە ئیمامی.
 
 لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ئایینزایە:
  * پێشخستنی ئەهلی بەیت و پێگەی ئاینی و سیاسییانە، 
 * بڕوابوون بە توانای ڕاپەڕین و چوونەدەر بەسەر فەرمانڕەوای ستەمکاردا.
 * قەتیسنەکردنی ئیمامەت لە ئیمامێکی شاراوە و مەعسومدا.
 * ئامادەییی بەهێزی عەقڵ و منطق، بەهۆی کاریگەریی مێژوویی موعتەزیلە.
 * کردنەوەی دەرگای ئیجتیهاد بە ڕووبەرێکی فراوان.
  
 یادوەرەی ئیمامەتیی هاشمی ڕەهەندێکی مێژوویی پەیوەندیدارە بە "ئیمامەتی زەیدی" لە یەمەن، کە لە ڕێگەی سەدەکانەوە فەرمانڕەوایی بەشێکی فراوانی باکووری وڵاتەکەی کردووە.
بەڵام پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان زەیدییەت وەک قوتابخانەیەکی ئاینی و سیستەمی سیاسیی مێژوویی ئیمامەت، زەیدییەت زۆر لە حووسییەکان فراوانترە و زۆرێک لە زەیدییەکان پشتگیرییان لە پڕۆژەی حووسی نەکردووە.
 
لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چالاکیی سەلەفی لە ناوچە زەیدییەکانی باکووری یەمەن بە پاڵپشتیی فەرمی و دەرەکی زۆر فراوان بوو، سەعدە بەتایبەتی بووە مەیدانی کێبڕکێی ئاینی لەنێوان زەیدییەت و سەلەفییەتدا.
لەگەڵ ئەمەشدا یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی هۆشیاریی حووسی فۆرمەلە بوو، کە ئەویش هەستکردن بوو بەوەی ناسنامەی زەیدی لەبەردەم شەپۆلی سەلەفیدا لە مەترسیدایە. ناوەندی "دار الحديث" لە دەماج یەکێک بوو لە بەرچاوترین بؤرەکانی ئەم ململانێیە.
لە ساڵی ١٩٩٢دا مەکۆی گەنجانی بڕوادار (منتدى الشباب المؤمن) لە سەعدە دامەزرا بە مەبەستی بوژاندنەوەی فکری زەیدی و پەروەردەکردنی نەوەیەکی گەنج لەسەر ئەو بنەمایە.
بەڵام هاتنی حوسێن بەدرەدین حووسی بۆ ناو مەکۆکە لە ساڵی ١٩٩٩ بەپێی کات ئەرکەکەی گۆڕی، لە پڕۆژەیەکی پەروەردەیی بۆ بوژاندنەوەی زەیدییەتەوە، بوو بە ڕووبەرێکی سیاسی بە گوتارێکی کۆکەرەوەو دواتریش بەرەو جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی. لێرەوە تایبەتمەندیی حووسییەکان دەست بە دەرکەوتن دەکات.
حوسێن بەدرەدین حووسی تەنها بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زەیدییەتی نەریتی نەوەستا، بەڵکو خوێندنەوەی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی ئەم ئایینزایە کردەوە لەبەر ڕۆشنایی پرسە هاوچەرخەکاند، ئەمەش لە هاوکێشە یەکی ئایینی و سیاسی چەکداریدا (سەرکردایەتی + ئەهلی بەیت + ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم + بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی بێگانە + هۆشیارکردنەوە و کۆکردنەوەی ئاینی و سیاسی).
وتارەکانی، بەتایبەتی وانە بەناوبانگەکانی، بوونە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی ڕۆشنبیریی ئایدیۆلۆژیی جووڵانەوەکە، هاوکات کاریگەربوون بە گوتاری شۆڕشی ئێرانی بەتایبەتی چەمکەکانی: ئیستیکباری جیهانی – بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم – ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل – تەوەرەی بەرخۆدان – شۆڕش دژ بە زۆرداری.
بە هەمان شێوە حوسێن بەدرەدین حووسی کاریگەر بوو بە کەسایەتیی ڕووحوڵڵا خومەینی و ئەزموونی سیاسیی ئێرانی. توێژینەوەکان دەربارەی سەرهەڵدانی جووڵانەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە حوسێن حووسی لە قۆناغێکی زوودا کاریگەر بووە بە شیعەی دوانزە ئیمامی و دیدگای سیاسیی ئێرانی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە حووسییەکان بە سادەیی بووبن بە شیعەی دوانزە ئیمامیی ئێرانی.
کاریگەر بوون بە شیعەی ئێرانی و بیری ئایەتوڵڵا خومەینی، لە دیدی هاوشێوە بۆ چەمکی«ویلایەتی فەقیە» ڕەنگدەداتەوەو
ئەمە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین خاڵەکان.
لێکچوونێکی سیاسی لەنێوان تێگەیشتنی زەیدیی نەریتی و تیۆری ویلایەتی فەقیهدا هەیە، لە خاڵێکی بنەڕەتیدا هەردووکیان بە پلەی جیاواز، بیرۆکەی تەسلیمبوون بۆ فەرمانڕەوای ستەمکار ڕەت دەکەنەوە و ڕۆڵێکی سیاسی بە سەرکردایەتیی ئاینی دەبەخشن.
بەڵام جیاوازییان لەوەدایە زەیدییەتی نەریتی لەسەر مەعسومبوونی ئیمام یاخود وەلیی فەقیە بە مانای شیعەی دوانزە ئیمامی ئێرانی دانەنراوە.
لەبەر ئەوە، فکری حووسیی هاوچەرخ پێکهاتەیەکی نوێیە، لە توخمەکانی زەیدییەت، توخمەکانی گوتاری شۆڕشگێڕیی ئێرانی و توخمەکانی پەیوەندیدار بە تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی یەمەنی.
 
لە ڕووی نەریتییەوە، زۆرێک لە زەیدییەکانی یەمەن خۆیان وەک «شیعە» بە مانای باو نەناساندووە، بەڵکو وەک خاوەنی مەزهەبێکی زەیدی سەربەخۆ کە لە زۆر مەسەلەدا لە سوننە نزیکە.
بەڵام وتاری حووسی بە شێوەیەکی گەورەتر پاڵی نا بەرەو دەرخستنی ئینتیما بۆ فەزای تەشەیوع و نزیکبوونەوەی هێماداری لەگەڵ ئێران، عێراق و لبنان، لەگەڵ زوڵاڵکردنەوە و ئامادەکردنی هەندێک بۆنە و دیاردە کە بەشێکی سەرەکی نەبوون لە پەیڕەوی زەیدیی نەریتیی یەمەنیدا.
لە توخمە دیارەکانی گوتاری حووسیی نوێ، جەختکردنەوەیە لەسەر چەمکی «العَلَم» (کەسایەتی دیار/ڕابەر) یان سەرکردەیەک کە خاوەنی زانیاری و هیدایەت و توانای ڕێبەرایەتیکردنی کۆمەڵەکەیەو بەستنەوەی سەرکردایەتیی ئاینی و سیاسی بە قورئانەوە.
ئەمەش نوێنەرایەتی گواستنەوەیەک دەکات لە زەیدییەتی نەریتییەوە بۆ نموونەیەکی حەرەکیی کۆکەرەوە کە یەکێتیی کۆمەڵەکە و گوێڕایەڵی بۆ سەرکردایەتی دەکاتە توخمێکی سەرەکی. توێژینەوەکان لەسەر فکری حووسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر سەرکردایەتی و گوێڕایەڵی لە هەندێک ڕوخساری زەیدییەتی نەریتی تێپەڕ دەکات.
 
دەکرێت لە ڕووی فکرییەوە لە پێنج سەرچاوەی تێکەڵاودا عەقیدەی زەیدی کورت بکرێتەوە:
زەیدییەتی مێژوویی.
کەلەپووری ئیمامەت و لەپێشینەیی ئەهلی بەیت.
گوتاری شۆڕشگێڕیی حوسێن بەدرەدین حووسی.
کاریگەربوون بە شۆڕشی ئێرانی و چەمکی بەرخۆدان.
 
لە واقیعی یەمەنیشدا، توخمەکانی عەشیرەت، ململانێی سیاسی و سەلەفییەت، هاوکار بوون لەوەی حووسییەت وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ لەدایک بێت کە ناتوانرێت بە تەواوی لە زەیدییەتدا جیا بکرێتەوە، نە لە شیعی دوانزە ئیمامیی ئێرانیشدا.
بەمەش حووسییەت تەنها زەیدییەت نییە و تەنها وەشانێکی یەمەنی لە شیعی دوانزە ئیمامی ئێرانیش نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی زەیدییەتی سیاسیی یەمەنییە لە ناو گوتارێکی شۆڕشگێڕیی نوێدا کە کاریگەر بووە بە ئەزموونی ئێرانی و لە ململانێ لەگەڵ سەلەفییەت و قەیرانەکانی دەوڵەتی یەمەنەوە گەشەی کردووە.
سەبارەت بە پاڵپشتیی ئێرانیش، هۆکارێکی گرنگە لە گەشەکردنی حووسییەکاندا، بەڵام بەڵگە و شیکارییەکان جیاوازن دەربارەی قەبارە و سروشتی ئەم پاڵپشتییەو لە ڕووی مێژووییشەوە دروست نییە سەرهەڵدانی جووڵانەوەکە تەنها کورت بکرێتەوە بۆ ئەو هاوپەیمانییە، چونکە ڕەگە ناوخۆییەکانی حووسییەت بە ڕوونی پێش هاوپەیمانیی ئێرانی-حووسی دەرکەوتوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP