لە جیهانێکدا کە ئێستا دانەوێڵە زۆرجار وەک کارتی فشاری سیاسی بەکاردەهێنرێت، و بازاڕەکانی خۆراک بوونەتە بەشێک لە هاوکێشەکانی ململانێ و هەژموونی نێودەوڵەتی، گەنم چیتر تەنها بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ناونیشانی سەروەریی نیشتمانی و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەو وڵاتانەی خۆراکی خۆیان بەرهەمدەهێنن، توانایەکی زیاتریان هەیە بۆ پاراستنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی خۆیان، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە بۆ دابینکردنی بژێویی گەلەکەیان پشت بە دەرەوە دەبەستن، لەبەرەم گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، قەیرانەکان و شەڕەکاندا بە لەرزۆکی دەمێننەوە.
شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، وەک نزیکترین نموونە ئەو ڕاستییە ستراتیژییەی هێنایەوە یاد کە گەنم بووەتە نەوتی سەدەی بیست ویەکەم. کاتێک دابینکارییە جیهانییەکان پەکیانکەوت و نرخەکان بەرزبوونەوە، جیهان درکی بەوە کرد کە ئاسایشی خۆراک گرنگییەکەی کەمتر نییە لە ئاسایشی سەربازی یان ئابووری.
لەم سۆنگەیەوە، ناتوانرێت بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینەوەی بەرهەمی گەنم لە جوتیاران وەک ڕێکارێکی وەرزی یان پاڵپشتییەکی دارایی کاتی سەیر بکرێت، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانتر بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێن، بەهێزکردنی خۆبژێوی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە.
ئەم بڕیارە درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گرتوویەتیە بەرو تێیدا سەرنجی خستووەتە سەر گەڕاندنەوەی بایەخ بۆ کەرتی کشتوکاڵ و گۆڕینی بۆ یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئابووریی نیشتمانی. بەرنامەی بەرفراوانی حکومەت بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆندو کۆگاکانی ئاو، دروستکردن و پەرەپێدانی سایلۆ مۆدێرنەکان و سەنتەرەکانی کۆگاکردنی دانەوێڵە بۆ لەخۆگرتنی بەرهەمی جوتیاران و ساغکردنەوەی بە شێوازێکی کارامەتر، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەم ئامانجە گرنگە گەرەنتی دەکات.
پاڵپشتییەکان تەنها لەسەر بەرهەمی گەنم قەتیس نەبوون، بەڵکو کەرتە جیاجیاکانی بەرهەمی ناوخۆیی گرتووەتەوە. هەرێم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی هەنار، ترێ و میوە ناوخۆییەکان، لە پاڵ هاندانی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی ئاژەڵی، سەرەڕای پاڵپشتیکردنی کەرتی هەنگوین کە لە بەرهەمێکی ناوخۆیی سنووردارەوە گۆڕا بۆ کاڵایەکی شیاو بۆ هەناردەکردن بۆ بازاڕە دەرەکییەکان، وەک چۆن لە هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو بینرا.
ئەم ڕێکارانە ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی ئابووریی ڕوونن کە بنەماکەی لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەهێزکردنی کەرتە نانەوتییەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا وەستاوە. هەروەها بنەما دادەڕێژێت بۆ ئابوورییەک کە توانایەکی زیاتری هەبێت بۆ خۆڕاگرتن لە بەردەم قەیرانە هەرێمی و جیهانییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە ڕەنگە کاریگەری بکەنە سەر جووڵەی هاوردەکردن و بازرگانیی نێودەوڵەتی.
پاڵپشتیکردنی کڕینەوەی گەنم لە جوتیاران لەمڕۆدا، تەنها وەڵامدانەوەیەک نییە بۆ داواکاریی جووتیاران، بەڵکو تەواوکاریی ئەو ڕێڕەوەیە کە بە بنیاتنانی بەنداوەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی، دروستکردنی سایلۆکان و کردنەوەی بازاڕەکان لە بەردەم بەرهەمە ناوخۆییەکاندا دەستی پێکردووە؛ ئەمەش وەبەرهێنانێکی ڕاستەوخۆیە لە ئاسایش، سەقامگیری و داهاتووی کۆمەڵگە.
ئەو کێڵگانەی ئەمڕۆ گەنمیان تێدا دەچێنرێت تەنها زەویی کشتوکاڵی نین، بەڵکو هێڵەکانی پێشەوەی بەرگرین لە ئاسایشی خۆراک. هەر دینارێک کە بۆ پاڵپشتیی جوتیار تەرخان دەکرێت، وەبەرهێنانە لە سەربەخۆیی ئابووریدا. هەر گوڵەگەنمێک کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، واتە پشتبەستنی کەمتر بە دەرەوە و توانایەکی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.
لە سەردەمێکدا کە خۆراک بووەتە ئامرازی هەژموون و چەکێکی جیۆپۆلەتیکی، وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا کورتترین ڕێگایە بەرەو سەروەریی ڕاستەقینە. بۆیە پاڵپشتیکردنی جوتیاران و کڕینەوەی بەرهەمەکانیان تەنها بڕیارێکی ئابووری نییە، بەڵکو بڕیارێکی نیشتمانی و ستراتیژییە کە ئاسایشی خۆراکی کوردستان جێگیر دەکات و تواناکانی بەهێز دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو.