دواین هەواڵ

زریانەکە هەڵیکردووە؛ ئەی ستراتیژی کورد چییە؟

‌ڕابوون مەعروف

20 کاتژمێر پێش ئێستا

شاڵاوی بەشێك لە ئیسلامیەکانی کوردستان، بۆ سەر نەژاد و ئینسانی جو، بەشێکە لە ئامادەکاریی کۆماریی تورکیا، بۆ روبەڕوبونەوەی ئیسرائیل. لە دیدی تورکیاوە، روبەڕوبونەوەی تورکیا و ئیسرائیل، لە ئایندەی نزیکدا، بوەتە حەتمی و ناچاریی. بۆیە کۆماریی تورکیا، لەسەر ئاستی جیا جیا، ئامادەکاریی دەکات، بۆ ئەو روبەڕوبونەوەیە. 

یەکەمین، پلانی تورکیا، بۆ روبەڕوبونەوەی ئیسرائیل، ئامادەکاریی و رێکخستنی کوردە (حەز دەکەی بڵێ کردنی کوردە بە جاش و مورتەزەقە) بۆ سەنگەریی پێشەوە، بۆ دژایەتی ئیسرائیل. ئیسلامیەکانی کورد، لەو پرۆسە و ئامادەسازییە، رۆڵی پێشەنگ دەگێڕن. ئەو هەمو جوێن و تەشهیر و درۆ و بوختانەی ئیسلامیەکان دژی ئیسرائیل و جو، تەنانەت بە پێچەوانەی بنەما قورئانیی و ئاینیەکان، دەیکەن، ئامادەکاریی نەفسیی و هەستیی گشتیی، کوردە، بۆ جەنگ و ململانێیەك کە نەك هی کورد نیە، بەڵکو دەبێت، کورد رێك هەڵوێستی پێچەوانە وەربگرێت.

پلانی دوەمی کۆماری تورکیا، ئەگەر کورد ئامادە نەبن ببن بە جاش و مورتەزەقە و بەکرێگیراو، بۆ سەنگەری پێشەوە، بێلایەنکردنی کوردە، لە ململانێی پێشبینی کراوی، نێوان تورکیا و ئیسرائیل. ئەو پرۆسەیەی کورد پێیدەڵێت ‘پرۆسەی ئاشتیی!’ و تورکەکان پێیدەڵێن ‘نەهێشتنی تیرۆر’ بەشێکە لە پلانی دەوڵەت بۆ بێلایەنکردنی کورد.

زریانێك، لە جیهان بە گشتیی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، هەڵیکردوە. بێگومان، ئەم زریانە، لێکەوتەی جیا جیای جیۆپۆلەتیکی و سیاسیی و ئابوریی، دەخاتەوە و هاوکێشە و نەخشە سیاسییەکانی ئێستا دەگۆڕێت. دەوڵەتان، پلان و ئەجێندای جیا جیا دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی بە دەستکەوتەوە یان بە کەمترین زیان، لەو زریانە دەرباز بن.

ئایا نەتەوەی کورد و حوکمڕانی باشور و حیزب و جوڵانەوە کوردستانیەکان، هیچ ئەجێندا و پلانیان هەیە، بەڵکو لێکەوتە و گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو زریانە بە قازانجی کورد و سەروەریی و سەربەخۆیی کوردستان بن؟! 

گرنگترین ئەجێندا و بەرنامە، ئامادەکاریی میللی و هۆشیاریی نەتەوەییە کە ئاگایی لەسەر روداوەکان هەبێت و دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت و ئاسۆ و رێگاکانی بەردەم خۆی ببینێت. نەك رێگە بۆ ژەهراویکردنی مێشك و بیرکردنەوەی ئینسانی کورد تەخت بکرێت و نیوەی کورد هەر لە ئێستاوە، شەڕی دەستە و یەخە بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بەرژەوەندیی دوژمنانی دێرینی کورد، بکەن! 

کوردستان داگیر کراوە. داگیرکەرانی کوردستان، دەوڵەتە سەرەکیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن. دەبوایە، هەمو جومعان، دوعای سەرەکی هەمو مزگەوت و مەلایەکی کورد، ئەوە بێت، کە خوای باڵادەست زریانێكی مەزنی ئەوتۆ بنێرێت، بەڵکو جیۆپۆلەتیك و نەخشەکانی خۆهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵتەکێنێت و بە جۆرێك بیگۆڕێت، بەڵکو ئەوانەی سەدان ساڵە زوڵم لە کورد دەکەن، باجی زوڵم و بێدادیی بدەن. 

خوای باڵادەست زریانەکەی ناردوە و رۆژانە دوژمنانی دێرینی کورد زەلیل دەبن. بەڵام، بێگومان خوای باڵادەست، وەڵامی مەلا ئیسلامیەکانی کوردی نەداوەتەوە! بۆ ئەوەش دەبێت بڵێین:
‘الحمد لله على حكمته وتدبيره’

#نەتەوە_نەك_خێڵ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP