کورد نەتەوەیە! نەك، تەنها نەژادێکی هەڵتۆقیوی رێکەوت و کۆمەڵێك خەڵك و چەند گروپێکی کۆمەڵایەتی و کولتوریی. کورد نەتەوەیە، نەتەوەیەکی بوێر و رەسەن و زیندوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە، سەرەڕای سەدان ساڵ داگیرکاریی ئەعراب و ئەتراك و ئێرانیی، کورد بەرگریی کرد و وەك نەتەوە مایەوە. بێ تیئۆریزە کردن و فەلسەفاندن، کورد لە ئاستی هۆشیاریی و هەستی گشتی، وەك نەتەوە خۆی دەبینێت، بۆیە سەرەڕای داگیرکاریی و جینۆساید و هێرش و سەرکوتی سەدان ساڵە، مل نادات و تەسلیم نابێت. کورد نەتەوەیە، بەڵام حیزب و جوڵانەوە سیاسییە کوردستانیەکان، وەك نەتەوە، نوێنەرایەتی دۆزی کورد ناکەن و خواست و خەون و خولیای نوخبەی سیاسیی کورد، زۆر کەمترە لە خواست و خەونی هەستی گشتیی کورد، کە تەنها سەروەریی و سەربەخۆییە.
نزیکەی سەدەیەکە، دو ئایدۆلۆجیای ناچیز و ناڕەسەن، ئیسلامیزم و چەپ، بەسەر جوڵانەوە کوردستانیەکاندا زاڵبون و وەك مڵۆزم سواری جوڵانەوە کوردیەکان بون. لە ژێر کاریگەریی ئەو دو ئایدیۆلۆجیایەدا، نوخبەی سیاسیی کورد، خواست و ئامانجی سیاسیی ناجۆر و توڕەهاتی خستوەتە سەر ملی جوڵانەوەی رزگاریی کوردستان، کە هیچ پەیوەندیی بە دۆزی کورد و خەون و خولیای راستەقینەی کوردەوە نەبوە، کە سەروەریی و سەربەخۆییە. چەپی کورد، لاوانی کوردیی بۆ ئەوە بە کوشتداوە، کە ئایا روسیای ستالین و چینی ماوتسی تۆنگ، سۆسیالیستن یان نا؟! لاوانی کوردیان کردوەتە بەشێك لە جوڵانەوەی قەومی عەرەبیی و لە لبنان و دەشتی بیقاع بە کوشتیان داون!! ئیسلامیەکانی کوردیش، گێلە گێل، لە دوا دواوەی شارستانێتی مرۆڤایەتی مۆدێرن، خەمی گێڕانەوەی خەلافەتە بەربەرییەکانی خستوەتە ئەستۆ، خەلافەت بۆ کورد نا، بەڵکو بۆ ئەعراب و ئەتراك!!
سەرەڕای گومڕایی و سەرلێشێواویی جوڵانەوە کوردیەکان، بەڵام لاوانی کورد، لە ریزی هەر حیزب و گروپێکی سیاسیی و لە هەر چیا و لوتکەیەك قارەمانانە بەرگرییان کردبێت، لە ناوەڕۆکدا بۆ خەونی کورد، بۆ سەروەریی و سەربەخۆیی بەرگرییان کردوە. ئەگەر چەپە گومڕاکانی کورد، وا دەبینن، کە لاوانیی کورد لە دیاربەکر و عەفرین و ئیلام و کرماشان و خانەقین و کەرکوك و بادینانەوە، لە پێناویی یەکێتی کرێکارانیی جیهان و حکومەتی عەمەلە و برایەتی گەلان و ئینتیگرەیشن، چونەتە چیاکانی زاگرۆس، قارەمانانە بەرگریان کردوە و گیانیان بەختکردوە، بێگومان زۆر خراپ بە هەڵەدا چون.
لاوانی کورد، نەك هەر بۆ یەکێتیی جیهانیی عەمەلە و برایەتی گەلان و خەلافەتی بەربەرییەکانی ئەعراب و ئەتراك، گیانبازیان نەکردوە و شەهید نەبون، بەڵکو لە ئایندە، وەك گومڕا و سەرلێشێواو، ناوی ئەوانە دەخەنە ناو مێژوی کوردەوە، کە هەزاران رۆڵەی کوردیان کردوەتە قوربانی، بۆ ئامانجیی توڕەهات و شێتانە.
بۆیە، بێگومان، لاوانی کورد، تەنها تا ئەو شوێنە لە دوای سەرکردە و حیزب و جوڵانەوە کوردیەکان دەڕۆن، کە ئەگەر بە ناویش بێت، بازنە و حەڵقەیەك لە نێوان ئەوان و دۆزی رەوای کورد هەبێت، بەڵام بێگومان کاتێك سەرکردە و جوڵانەوە کوردیەکان، دەستبەرداریی خەون و ئامانجە نەتەوەییەکانیی کورد دەبن، ئەوان گۆشەگیر و تەنها دەکەونەوە، بەڵام لاوانیی کورد دەست لە ئامانج و خەونیی سەروەریی و سەربەخۆیی بەرنادەن و لە بەرگریی بەردەوام دەبن.