بە پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هەمئاهەنگیی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان UNAMI لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بار و دۆخیی شەنگال، گەییشتن بە رێکەوتنێك، کە کورد، تێیدا، لایەنێکی سەرەکی بو. بەداخەوە، جگە لە تەڵە و پیلانی دوژمنە دێرینەکانی کورد، بەربەست و لەمپەری سەرەکی بەردەم رێکەوتنەکە، تەڤگەری ئاپۆچی بو لە شەنگال. گروپ و باڵە جیا جیاکانی، ئەو تەڤگەرە، دژی رێکەوتنەکە وەستانەوە و دوا جار، رێکەوتنەکە لەبار برا و مرد.
بەو هۆیەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی سوپا و دەزگای ئەمنیی و ئاسایشیی یەکگرتو نیە، دەکرا بۆ ئێستا و ئەم قۆناغە، وەك چۆن باشور کراوەتە بەرخی قوربانیی نێوان هەژمون و دەسەڵاتە جیا جیاکان، بە هەمان شێوە، دەڤەری شەنگال، بکرایەتە زۆنێکیتر و لەوێ وەك دیفاکتۆ، ئاسایش لە دەستی ئەو هێزانە بوایە کە بەشێکن لە تەڤگەریی ئاپۆچیی و بەڵام ئەو دەڤەرە، وەك بەشێك لە کورد و باشور، بوەستن و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سازان و ‘ئینتیگرەیشن’ ی بکردایە. بەداخەوە، تەڤگەریی ئاپۆچی و ئەو ئێزیدیانەی لە پاڵ ئەو تەڤگەرە وەستاون، زۆر لە خەتی سور تێپەڕیون و نەك بەوە رازی نین کە شەنگال ناوچەیەکی کوردستانییە، بەڵکو هەر ئێزیدیی بە کورد نازانن و دژایەتی هەر دید و هەڵوێستێکی سیاسیی دەکەن کە ئێزیدیی وەك بەشێك لە جەستەی بە کورد ببینێت.
دوا جار، چڵ و پۆپەکانی تەڤگەریی ئاپۆچی و ئەو هێزە چەکدارەی لە دەڤەری شەنگال دروستیان کردوە، لەبری ‘ئینتیگرەیشن’ و سازان لەگەڵ کورد و باشور، بێ پشتیوانیی دەستوریی و بێ نێوەندگیریی نێودەوڵەتیی و بێ دیدەگای رۆشن و بێ ئامانج و ئاسۆ، چون ماڵ و حاڵیان بردەوە ژێر چەتری حکومەتی عێراقی لە بەغداد. بە درێژایی ئەو ‘ئینتیگرەیشن’ و ماڵتێکەڵکردنە، ناونیشانیی سەرەکی بانگەشەی چڵ و پۆپەکانی تەڤگەریی ئاپۆچی و ئەو ئيزیدیانەی لە پاڵ ئەو تەڤگەرە وەستاون، ئەوەیە کە نە شەنگال بەشێکە لە کوردستان و نە ئێزیدیی کوردن.
لە ئێستادا، تەڤگەریی ئاپۆچی، کە لە دیدی منەوە، باڵ و بەشێکی گەورە و کاریگەریی کوردە، خۆی ون کردوە و بەرە و کەندڕ و کەنگەڵان، بێ ئامانج و بێ ئاسۆ، ملی رێگەی گرتوە. ئەو تەڤگەرە، لە گوتار و لە ئامانجا، کەوتوەتە سەر رێگەیەکی مەترسیدار و بە کردەوە، کەوتوەتە پاڵ داگیرکەران و دوژمنانی دێرینی کورد. لە ژێر کاریگەری ئەو تەڤگەرە، دۆزی کورد، لە باکور و رۆژاڤا، کەوتوەتە تونێڵێکی تاریكەوە. بەڵام، بە هەر نرخێك بێت، نابێت، رێگە بدرێ، تەڤگەریی ئاپۆچی، دۆزیی کورد و خەباتی دەیان ساڵەی کورد، لە باشور و رۆژهەڵات بە دەردی باکور و رۆژاڤا بەرێت.
دوا خاڵ، کە دەمەوێت، سەرنجی بخەمە سەر، رۆڵی بێدەنگ و سلبیی ‘رۆشنبیران’ و چالاك و ناوەندە جیا جیاکانی باشورە، لە کەوتن و گلان و هەڵەکانی تەڤگەری ئاپۆچی! ئایا، هەر بەڕاستی، ئەو لایەن و ناوەندانە، هیچ دید و هەڵوێستێکی جیاواز و تایبەتیان بۆ دۆزی کورد هەیە، کە لە پێناویدا قسە بکەن و هەڵوێست وەرگرن؟
#نەتەوە_نەك_خێڵ