دواین هەواڵ

بنەما یاسایی و کارگێڕییەکانی دانانی پارەکانی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا

‌بڵند دلێر شاوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆسێی پارەکانی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا پرسێکی سیاسی، یاسایی، ئابورییە، کارتێکی بەهێزە بەدەست ئەمریکاوە بۆ فشار خستنە سەر عێراق لە پرسە جیاوازەکاندا، بەو شێوەیەی کە بەرژەوەندی ئەمریکا دەیخوازێت.

لەهەمانکاتدا پارێزبەندییەکی یاساییە بۆ پارەی داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە دەستبەسەرداگرتن و داوای یاسایی خاوەن قەرزەکانی سەر عێراق بەتایبەتی خاوەن قەرزەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پشت بەستن بە (بەندی حەوتەم) لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە (١٤٨٣)ی لە ٢٠٠٣/٥/٢٢ دەرکرد، بە فەرمی دانینا بە دەسەڵاتی داگیرکەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەژێر ناوی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان “سلطة الائتلاف المؤقت”، هەروەها وەک پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بڕیاردرا بە دروستکردنی سندوقی گەشەپێدانی عێراق (صندوق تنمية العراق DFI) بۆ ئەوەی داهاتی بەرهەمی نەوتی و پارە بلۆککراوەکانی عێراقی تێدا دابنرێت، کە بە ڕێنمایی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان و بە ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق سەرف بکرێت، لە ژێر (ولاية)ی (المجلس الدولي للمشورة والمراقبة IAMB) کە لە نوێنەرانی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی عەرەبی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێک دێت. هەروەها دانانی (٥%)ی پارەی داهاتی نەوتی عێراق لە سندوقی قەرەبووەکان .....

هاوکات لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (جۆرج دەبلیو بۆش) فەرمانی ژمارە (١٣٣٠٣) لە ٢٠٢٣/٥/٢٢ دەرکرد بۆ پاراستنی سندوقی گەشەپێدانی عێراق و پێدانی پارێزبەندی بە پارەی داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە دەستبەسەرداگرتن و هەر داواکارییەکی یاسایی ... پاشان لە ٢٠٠٣/٦/١٥ دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان “سلطة الائتلاف المؤقت” بریارێکی دەرکرد لەژێر ناوی "اللائحة التنظيمية الصادرة عن السلطة الائتلافية المؤقتة صندوق تنمية العراق - رقم٢"، کە لە بەشی (٣)دا هاتووە پارەی سندوقی گەشەپێدانی عێراق (صندوق تنمية العراق DFI) لە هەژمارێکی بانکی لەژێر ناوی (هەژماری بانکی ناوەندی عێراقی/ سندوقی گەشەپێدانی عێراق) لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا یان هەر دامەزراوەیەکی دارایی دیکە دەکرێتەوە کە بەڕێوەبەری کارگێڕی ڕێنمایی پێدەرکات ...

لەسەر ئەم بنەمایە پارەکانی عێراق چووە ناو هەژمارێکی بانکییەوە (IRAQ1) لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا. لە ١١/١٥/ ٢٠١٠ و بە پێی بڕیاری ژمارە (١٩٥٦)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای عێراق کۆتایی هات بە دانانی پارەی داهاتی نەوتی عێراق لە سندوقی گەشەپێدانی عێراق لە ڕێکەوتی (٢٠١١/٦/٣٠)ەوە، هەروەها کۆتایی هێنان بە(ولاية)ی (المجلس الدولي للمشورة والمراقبة IAMB).

بەم شێوەیەش بەڕێوەبردنی پارەکان گەڕایەوە بۆ حکومەتی عێراق. بەڵام لە ترسی نەمانی پارێزبەندی، عێراق پشت دەبەستێت بە بڕیارێک کە ساڵانە سەرۆکی ئەمریکا دەریدەکات بەمەبەستی دابینکردنی پارێزبەندی یاسایی بۆ پارەکانی عێراق لە داواکاری یاسایی خاوەن قەرزەکان. لەگەڵ کۆتایی هێنان بە کاری سندوقی گەشەپێدانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠، حکومەتی عێراق بە ڕێکارێکی تر پارەکانی بەڕێوە دەبات، لە ڕێگای کردنەوەی هەژمارێکی بانکی جێگرەوە لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە ژێر ناوی (IRAQ2)، بەشێوەیەک سەرجەم داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دەخرێتە ناو ئەم هەژمارەوە، پاشان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەگوازرێتەوە بۆ هەژماری بانکی ناوەندی عێراق (IRAQ1) بە مەبەستی پاراستنی لە دەستبەسەرداگرتن و داوکارییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ پۆلێنکردنی ئەو پارانە لە چوارچێوەی (الاموال السيادية) كە خاوەنداریەتی بۆ بانکی ناوەندی عێراق دەگەڕێتەوە.

لەلایەکەوە بەهۆکاری ئەوەی عێراق بە دۆلار نەوت دەفرۆشێت ناچارە پارەکانی بخاتە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە، لە هەمانکاتدا قەرزی دەرەکی سەر عێراق بە نزیکەی (٤٠ ملیار دۆلار ) ئەژمار دەکرێت و تا ئێستا تاوتوێ نەکراوە، کە قەرزی وڵاتانی ناو (یانەی پاریس) و دەرەوەی (یانەی پاریس)ن و مەترسی بوونی خاوەن قەرزی نەناسراوی دیکە هەیە.. هەربۆیە ئەم هۆکارانە ڕێگرن لەوەی عێراق هەژمارە بانکییەکانی لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دابخات و پارەکانی بە ئاسانی بگوازێتەوە، لەبەر ئەوەی بە نەمانی پارێزبەندی ئەمریکا خاوەن قەرزەکان دەتوانن دەست بەسەر پارەکانی عێراقدا بگرن....

ئەمەش وایکرد وەزارەتی دارایی عێراق لێکتێگەیشتنێک واژۆ بکات لە ٢٠١٤/٦/٢ لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق بەمەبەستی ڕێکخستنی کاروبارەکانی هەژماری (IRAQ2).

ئەم بڕیارانە و لێکتێگەیشتنە بنەمای یاسایی دانانی پارەکانی عێراقە لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، کە تێچووی گواستنەوەی هەر بارێک لە دۆلار لە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی بریتییە لە (٤١٤٠٠٠) چوارسەد و چواردە هەزار دۆلار دڵنیایی (تامینات) و (٢١٦٣١٠) دووسەد و شانزە هەزار و سێسەد و دە دۆلار کرێی گواستنەوە لە لایەن کۆمپانیای ئۆرێنت (orient)، بە گوێرەی نوسراوی بانکی ناوەندی عێراق ژمارە (١٤٦٤/٣/٥) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٣/١٤.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP