دواین هەواڵ

چی روودەدات؟ شەپۆلی کۆچ یان گەمەیەکی هەواڵگری؟ ​

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

چی روودەدات؟ شەپۆلی کۆچ یان گەمەیەکی هەواڵگری؟

 

ئەوانەی کە لە مەغریبەوە چوونەتە سەبتا، زۆرینەیان مەغریبی نین. مەغریب یەکێکە لە وڵاتانی ترانزێت کە پەنابەران لەوێوە هەوڵدەدەن بگەنە ئەورووپا. دووری مەغریب لە ئیسپانیاوە بە گەرووی جەبەل تاریق تەنها ١٤ کیلۆمەترە. ساڵانە دەیان هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقاوە ئەو ڕێگە دەریاییە بەکاردەهێنن و ژمارەیەکی زۆریش هەر لە دەریادا دەخنکێن.

ئەوەی لە 48 کاتژمێری رابردوو روویداوە، زۆر سەرنجڕاکێشە. چونکە لە یەک کاتدا هەواڵێک لە گرووپەکانی وەتساپ و سۆشیاڵ میدیای مەغریب بڵاوکراوەتەوە گوایا سنووری نێوان مەغریب و ئیسپانیا کراوەتەوە! لێرەدا باس لە سنووری سەبتا کراوە. سەبتا ناوچەیەکی کێشە لەسەرە لە بنەڕەتدا لەنێوان مەغریب و ئیسپانیا، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیایە.
هەر بۆیە 50 هەزار کەس خۆیان دەگەیەننە ئەو ناوچەیە.
بۆ ئێمە تێگەیشتن لەو وێنەیە قورس نییە، مەگەر دوای شەڕی ناوخۆی سوریە خەڵکی بە پێ تا ئەڵمانیا نەدەڕۆشتن؟

ئیستا سێ پرسیار زۆر گرنگە:
یەکەم: کێ ئەو هەڵمەتەی لە سۆشیال میدیا و واتساپ بەڕێوەبردووە؟
دووهەم: بۆچی ئیسپانیا؟
سێهەم: بۆ لەم کاتەدا ئەو شەپۆلە؟

لەبارەی ئەوەی کێ ئەو هەڵمەتەی بەڕێوە بردووە، دەبێت بزانین ئێمە لە سەردەمێکین، کە ئاسایشی نیشتمانی بە هەواڵی فەیک، زیرەکی دەستکرد و تەنانەت هەڵمەتی میدیایی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. بێگومان ئەوەی هەڵمەتێکی لەو جۆرە بەڕێوەدەبات، بێگومان پشتقایمە بە هێزی دەوڵەتێک و بەدیاریکراویش دەزگایەکی هەواڵگری. ئەمە یەکەمجاریش نییە کە کارێکی لەو شێوەیە روودەدات، لە بریتانیا ئیسرائیل هاوکاری ریفۆرمی کرد لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی، لە هەنگاریا بەهەمان شێوە باس لە دەستتێوەردان دەکرێت و لە زۆر شوێنی دیکەش هەیە.

هەرچی لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئیسپانیایە، دوو هۆکاری سەرەکی هەن. یەکەمیان ئاسانی گەیشتن بە ئیسپانیا لەڕێگەی مەغریبەوە، کە ئەمە هۆکارە جوگرافییەکەیە، دووهەم، رەفتارەکانی ئیسپانیا لە چەند ساڵی رابردوو. ئیسپانیا لە پرسی غەزە دژی ئیسرائیل هەنگاوی ناوە و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئیسپانیا رۆڵێکی گەورەی لەمە گێڕاوە بەجۆرێک سەندیکاکان هێرشیاندەکردە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی ئیسرائیل و فشاری گەورەیان درووستکرد لەسەر حکوومەت.
هەروەها لە پرسی جەنگی ئێرانیشدا ئیسپانیا هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووە.
رووداوێکی لەمجۆرە، دەتوانێ هەم دیدگای کۆمەڵگەی ئیسپانی بەرانبەر موسڵمانان و پەنابەران بەگشتی بگۆڕێت و هەم دەشتوانێ ببێتە هۆی پێچەوانەکردنەوەی هەڵوێستەکانی حکوومەت.
ئەمە جگە لەوەی لەدوورمەودا، دەتوانێ ئەم حکوومەتەی ئیستا کە حکوومەتی سۆسیالیستەکانە بگۆڕێت بە حکوومەتێکی ڕاست.

ئەم باسە لە هەمانکاتدا دەمانبات بەرەو هۆکاری کاتیش، چونکە هەتا کۆتایی ئەمساڵ سێ لە سێ وڵات هەڵبژاردن هەیە و بەرەی ڕاست لە ئەوروپا جگە لە پەنابەران هیچ کەیسێکی ئەوتۆی پێ نییە. هەروەها ساڵی داهاتووش وەک ساڵی هەڵبژاردن لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا ناوزەندکراوە و ١١ وڵات هەڵبژاردنی تیادا دەکرێت کس گرنگترینیان هەڵبژاردنی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکایەتی فەڕەنسایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی خودی ئیسپانیایە. قەیرانێکی لەم شێوەیە دەتوانێت کۆمەکی گەورە بە بەرەی ڕاست بکات و گورزی گەورەش لە بەرەی چەپ بدات. لەدەرەنجامدا بۆچوونی ئەورووپا لەبارەی پرسەکانی وەک ئێران و غەزە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هاوتەریب بکات.

ئەم نووسینەم بۆیە بە پێویست زانی، چونکە بەشێکی زۆر لەو قسانەی لە میدیا و سۆشیاڵ میدیای کوردی دەکرێن، قسەی کڵێشەیی و وەرگێڕانی هەواڵی کۆمەڵێک ئاژانسی هەواڵییە بۆ کوردی، کە نە دەتوانین بزانین چ گوزەراوە و نە دەشتوانین تێبگەین بۆ ڕوویدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP