دواین هەواڵ

ئەمریکا: ٢٥٠ ساڵ

‌د.سەردار عەزیز

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمساڵ ٢٥٠ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکادا تێدەپەڕێت. لەم دوو سەد و پەنجایە پەنجا ساڵی ڕابوردووو ئەمریکا بە چڕی پەیوەندی بە کوردی عێراقەوە هەبوە. لە ڕاستیدا عێراق لە پاش کودەتای ساڵی ١٩٥٨ دەبێتە جێگای بایەخی ئەمریکا.
لێرەدا دە شت دەرباری ئەمریکا دەڵێم:
یەکەم، ئەمریکا ئایدیایە، ئەمەش لە دوستوردا بەرجەستە دەبێت. بەو مانایە وەک دەوڵەتانی تر لە سەر بنەمای خوێن و ڕەچەڵەک و نەتەوە و خاک و ئەم شتانە دروست نەبوە. لایەنی خراپی ئایدیا ئەوەیە کە هەموو ئایدیایەک جێگای دەبێتەوە و هیچ ئایدیایەک بە سەرناچێت. 
دووەم، ئەو خەڵکانەی کە ئەمریکایان لە خەڵکە ڕەسەنەکەی سەند، بە شەر و زۆر، بە زۆری خەڵکی دینی بوون، کە لە ستەمی دیدنی ئەوروپا هەڵهاتبوون. ئەمریکا گەرچی بە فەرمی دەوڵەتێکی عەلمانییە، بەڵام هەتا سەر ئێسقان دینییە. یەکێک لە لاوازییەکانی ئەم خەسڵەتە ئەوەیە کە عەقڵی ڕەخنەیی لای ئەمریکی زۆر لاوازە. ئەمڕۆ بە فەرمی دەوڵەتی ئەمریکی دژ بە بیرکردنەوەیی ڕەخنەییە.
سێیەم، ئەم بیرکردنەوە ڕەخنەییە لە ساڵانی رابوردودا هەنگاوی باشی نابوو. ئەمڕۆ وەک مەترسی دەبینرێت بۆ سەر ئەوانەی کە خۆیان بە خاوەنی ئەمریکا دەبینن. ڕەگی ئەمە نوێ نیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیستەکانی سەدەی ڕابوردوو کاتێک ڕێکەوتنی نوی لە بەرامبەر داڕمانی ۆل ستریتدا هاتە ئاراوە. خەڵکانی سپی پێستی خۆ بە خاوەن زانی ئەمریکا، سێ ناوەندیان بە دوژمنی خۆیان زانی: دادگا، زانکۆ لە گەڵ میدیادا. ئەمڕۆ ئەم سێ ناوەندە یان بە تەواوی سپی بوونەوە، یان لە ژێر فشاردان. ئەم قەیرانە لە زۆر ئاستی خیتابیدا خۆی دەردەخات، یەکێک لەوانە کۆمار بەرامبەر دیموکراسیی. بە گشتی بڕوا وەهایە کە دیموکراسیی دەبێتە مایەی لەناوچونی کۆمار. سامۆئێل هانتنگتۆن لە کەسە سەرەتاکانی بەرجەستەکەری ئەم دیدە بوو.
چوارهەم، دەسەڵاتی ئەمریکی هەتا بێت سەرۆکایەتی و شەخسی دەبێت. هەرچەندە بنەمای سیستەمی ئەمرکی لە سەر جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان بونیادنراوە، بە جۆرێک کە دەسەڵات لای کەس کۆنەبێتەوە، چونکە بنەمای شۆڕشی ئەمریکی کۆبونەوەی دەسەڵاتبوو لە لەندەن. بەڵام لە نەوەدەکانەوە، دەسەڵات لە کەسی سەرۆکدا زیاتر و زیاتر کۆدەبێتەوە. جیل لەپۆر دەڵێت هۆکاری ئەمە  میدیایە. میدیایە لە نەوەدەکانەوە وەها مامەڵە لە گەڵ سیاسیدا دەکات وەک ئەوەی ئەستێرەی وەرزش و سینەما بێت. ڕەنگە بیل کلینتۆن سەرەتای ئەم دیاردەی دەست پێکردبێت، نەک تەنها بە فەزیحەکانی، بەڵکو بەوەی دەچوو بۆ ناوەندی وەک ئێم تی ڤی، کە کەناڵی گۆرانی هەرزەکارانە. دیارە هەڵبژاردنی سەرۆک لە هەموو وڵاتدا و بونی پارەی زۆر و میدیای کات بەتاڵ هەموو پێکەوە هاندەرن. میدیا بۆ خۆی وەک میدیەمێک،کاریگەری زۆری هەیە لەوەی چی زل دەبێت و چۆن دەگات.  ئەمڕۆ  ناوەندکان زۆرن و کاریگەرییان جیاوازە. لە کوردستان میدیا بە گشتی کارێکی تاوانکارانەیە.
پێنجەم، ئەمریکا ئەمڕۆ لە هەموو ساتێک دەوڵەمەندترە، بەڵام لە هەموو ساتێک نایەکسانترە. نایەکسانی بە گشتی بە ئەفسانەی خەونی ئەمریکی دەڕازێنرێتەوە. خەونی ئەمریکی پرپسەی گەونجاندنی زۆرینەیە کە ڕۆژێک دێت ئەوانیش دەوڵەمەند دەبن، بۆیە زۆر ئاساییە کە ئێستا دەوڵەمەند نەبن و ئەوانیتر زۆر دەوڵەمەند بن. نایەکسانی ئەمریکی سیاسەتی ئەمریکای بەرەو ڕادیکالێزم بردوە، لە هەردوو چەپ و ڕاستدا. ڕاست دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕابوردوو، سنورەکان داخات و کۆچبەران دەرکات و کارگەکان ببوژێنێتەوە. بەڵام  ئەمانە مەحاڵن. ئابوری ئەمریکی لە  پیشەسازییەوە دەگوێزێتەوە بۆ دیجیتاڵ و خزمەت. هەموو گواستنەوەیەکی ئابوری گەورە، پڕ پڕە لە توندوتیژیی. 
شەش، ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەیدا کۆمەڵێک بنەمای هەیە. هەرە گرنگیان و لە هەمانکاتدا کەمترین قسەی لە سەر کراوە لە ناو کورددا، دروستکردنی سیستەمی  تایبەتە، کە لە ڕێگاوە ئەمریکا سودمەند و باڵادەست دەبێت. زەقترین سیستەم دۆلارە. ئەمە خۆی لە سیستەمی پێترۆدۆلار و باڵادەستی دۆلاردا دەبینێتەوە لە دونیادا. نەوت کە بەرفراوانترین کاڵای ئاڵوگۆڕاکراوە، بە مانایە نزیکەی ١٥ لە سەدی هەڵوێرد لە دونیادا لە بواری نەوتدایە، هەمووی بە دۆلارە. کەواتە هەرکەسێک لە هەرکوێ دونیا پۆز بە سەیارەکەی لێدا یان بڕوات بۆ سەر کار، یان هەر شتێکی تر بکات، سود بە ئەمریکا دەگەیەنێت. ئەستا ئەمریکا دەیەوێت لە بواری ئەی ئایدا ئەمە بکات.
حەوت، دەبوو کورد ناوەندێکی ئەمریکاناسی و چیناسی و ئەروپا ناسی هەبوایە بۆ ئەوەی چۆن تێبگات، سود ببینێت و هەروەها پەیوەندی بکات. بەڵام زۆر ووتن قورئان خۆشە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP