دواین هەواڵ

ئایندەی هەرێم لە بازاڕی شێواوی سیاسەتدا

‌ئاریان فەرەج

4 کاتژمێر پێش ئێستا

قسەکەی بەرپرسی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئایندەی هەرێمی کوردستان، ئیکتشافێکی بلیمەتانە نەبوو، بەڵکو گوتنەوەی قسەیەکی دووبارە بوو، بەڵام بە مەبەست و دەربڕینێکی زۆر خەمسارد و بێباکانە و ناپەرۆش.

لە ڕاستیدا، بوونی مەترسی لەسەر قەوارەکەمان ( ئەگەر نەیپارێزین، لە پێناویدا یەکنەگرین و بە باشی ئیدارەی نەدەین ) ڕاستییەکی تاڵە کە هەم خۆمان ساڵانێکە درکمان پێکردووە، هەم دۆستانی گەلەکەمان زۆر جار بە گوێماندا چرپاندوویانە. هەر چەند ساڵێک لەمەوبەر بوو کە خاتوو جێنین پلاسخارت، نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر ڕاشکاوانە و بە دەنگی بەرز ئەو هۆشدارییەی پێ داین.

خۆ ئەگەر مەبەستیش لە زۆر گوتنەوەی ئەم جۆرە تێزە لە لایەن هێزگەلێکی سیاسییەوە، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم و دوو ئیدارەیی بێت، دیسان بابەتێکی کۆنە و گەر کرابا دەمێک بوو کرابوو، بۆیە نە خودی قسەکە و نە قسەکەرەکەش، شایانی ئەو کاردانەوە توند و ڕەخنەباران و بایەخدانە بێ جێیە نەبوون کە بینیمان.

لە ڕاستیدا ئەوەی شایانی ڕەخنەلەخۆگرتن و گلەیی لەخۆ کردنە، خۆمانین؛ حیزبە گەورەکان، نوخبەی بەرپرسیار و هەڵگرانی مەسئولییەتی مێژوویی، کە دەبوا نەهێڵن کار بگاتە ئەوەی سمسارەکانی سیاسەت ــ ئەوانەی لە سایەی هەڵە و کەم و کورتی و ململانێی نەبڕاوەی پارتی و یەکێتییەوە، لە بازاڕی شێواوی سیاسەتدا مەیدانیان بۆ ڕەخساوە ــ هۆشداری بە حیزبە گەورە و تێکۆشەرەکان بدەن، یان بێباکانە باسی نەمانی هەرێم بکەن.

لە ڕاستیدا، کەس هێندەی پارتی و یەکێتی درک بەوە ناکات کە بەردەوامیی ئەم چەقبەستووییە چ زیانێکی کەمەرشکێن بە قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت، هیچ هێز و لایەنێکیش هێندەی ئەم دوو حیزبە، بەرپرسیارێتیی مێژووییان لەبەردەم ویژدانی گەل و ئایندەی نەوەکانماندا ناکەوێتە ئەستۆ ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکەن و ئەم گرێ کوێرەیەی عینادی سیاسی نەکەنەوە.

بۆیە ئەگەر بڕیار بێت باس لە مەترسییە وجودییەکانی سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەبێت پێش هەموان پارتی و یەکێتی بیکەن. نابێت ئەو مەیدانی خۆبەخاوەنزانینە بۆ سیاسەتکارانی پۆپۆلیست بەجێ بهێڵدرێت. دەبێت ئەوانەی لە خەمی لەدەستچوونی دەستکەوتەکاندان، هەر هەمان ئەو تێکۆشەرانەی کوردایەتی بن کە بە خوێن و قوربانی بەدەستیان هێناون. دەبێ هەر ئەمان لە هەمووان پەرۆشتر بن و بەر لە هەموانیش دەنگی پەرۆشییان ببیسترێت.

لەم سۆنگەیەوە، ئەرکێکی هەنووکەیی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی کادیرە پەرۆش، ڕۆشنبیر، سەنگین و خاوەن ڕایەکانی پارتی و یەکێتی. پێویستە لە پاڵ داکۆکیکردنی ڕەوایان لە هەڵوێستی حیزبەکانیان، بە هەمان کێش و بگرە زیاتریش، داکۆکی لە پێکهاتن و ڕێککەوتن بکەن کە داکۆکییە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و قەوارەی هەرێم. دەبێت خیتابی خۆخۆری و زمانی توند و گرژ خاو بکەنەوە و هانی هەموو لایەک بدەن بە دەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەوڵ و تەقەلا بەردەوامەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە بچن؛ پاڵپشتیی هەر دەنگ و بانگەوازێکی نیشتمانیی دیکەش بکەن کە بۆ خاتری پاراستنی هەرێمەکەمان، داوای پێکهاتن، بۆ یەکدی داشکاندن و نەرمی نواندن لە هەردوو حیزب دەکات.

گەر وا نەکەن و ئەگەر کادیرانی پارتی تەنها بەرگری لە پارتی، ئەوانەی یەکێتیش تەنها بەرگری لە یەکێتی بکەن، ئەی کێ بەرگری لە بەرژەوەندیی هەرێم بکات؟ کێ پەرۆشی کوردستان بێت؟ خەڵکی تر؟!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP