لە کایەی سیاسەتدا، هەر کاتێک ناکۆکی و گرژیی نێوان جەمسەرەکان بەرەو بنبەست و لێکترازان بچن، گرنگیی کارەکتەری میانڕەو و خاوەن حیکمەت دەردەکەوێت، کە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت بەستەڵەکەکان بشکێنێت، ناکۆکییەکان هێور بکاتەوە و حەراجەتە سیاسییەکان تێپەڕێنێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتیش پارتی و بەغدا، پاش ماوەیەکی زۆر لە کەڵەکەبوونی بێ چارهى ناکۆکی و گرژییەکان، خەریک بوو دەگەیشتە دابڕانی تەواو؛ تەنانەت باس لە کشانەوە و بەجێهێشتنی پڕۆسەی سیاسی دەکرا. لەو ساتەوەختەدا، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، کە بە ڕاسپاردە و دیدگای نیشتمانیی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، توانی بن بهستهكه بشکێنێت و دووبارە زەمینەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ و پەیوەندی و يهكدى دواندن، هەروەها دەرفەتێکی نوێ بۆ لێکگەیشتن بێنێتە ئاراوە؛ هاوکات پارتی گێڕایەوە بۆ چەقی هاوکێشەکان و ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک ڕوون کردەوە کە پارتی ئەو هێزە سیاسییە نییە بە ئاسانی گۆڕەپانی داكۆكى له مافه نەتەوەییهكان و خەباتی دیموکراتی و خۆبەخاوەنکردنی کێشەکانی عێراق جێ بهێڵێت.
ئەو دەرئەنجامە ئەرێنی و هێورکردنەوەیەی کە لە سایەی لۆژیکی سەرۆکی هەرێمدا هاتە ئاراوە، تەنها دۆخەکەی ئاسایی نەکردەوە، بەڵکو بووە داینەمۆ و هاندەرێکی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە بەشدارییەکی کارای کورد.
گرنگیی سهرهكيى ئەم جووڵە دیپلۆماسییە و سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کوردستان، لەوەدابوو کە وەک زەمینەسازی و پێشەکییەکی پێویست، دەرگای بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و کەشێکی ئەرێنیی هێنایە ئاراوە بۆ سەردانی ئێستای ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا؛ تا لە ژینگەیەکی لەباردا پێ بنێنە ناو قۆناغی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی وردەکارییەکان، بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەر و گەیشتن بە لێکگەیشتن.
ئەم هاوئاهەنگییە و تەواوکردنی کاری یەکدی، لەگەڵ ئەو زەمینە لەبار و یارمەتیدەرەی لە ئێستادا لە بەغدا ڕەخساوە، جۆرێک لە گەشبینی و ئومێدی لێ دەخوێندرێتەوە کە پەیوەندییەکانی داهاتووی هەولێر و بەغدا لە جاران تەندروستتر و جێگیرتر بن.