نێچیرڤان بارزانی بە دوو ڕۆژ مانەوە لە بەغدا، ئیشی یەک مانگ مانەوەی بافڵ تاڵەبانی لەو شارە گۆڕی و خۆشی ناچار کرد پێی ڕازی بێت، ئینجا سەرۆکی حوکوومەت بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەواوی جومگە (گرنگ)کانی عێراق کۆ بووەوە و لەگەڵ خۆیدا پێش هەموو شت هەواڵی دڵخۆشکەری مووچە و شایستە دارایییەکانی هێنا.
لە 10ی مانگی ڕابردووەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، سەرۆکی یەکێتی و پاشکۆکانی لە بەغدا بوون، تەنیا بۆ ئەوەی بە عێراق حیزبی ڕکابەریان بشکێنن. پێشتر یەکێتی پێویستی بەم جۆرە جووڵە گەرموگوڕە نەبوو، چاوەڕێی دەکرد بزانێ ئێران پێی باشە چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکات. ئێستە ئێران نایپەرژێتە سەر وڵاتانی خزمەتکاری، بۆیە یەکێتی دەبێت خۆی ئیشەکە بکات و لەگەڵ هێزەکانی عێراق یەک یەک کۆ ببێتەوە و بەڵێن و داشکانی گەورە بکات تا حیزبی ڕکەبەری لە هاوکێشەی سیاسیی عێراق دوور بخاتەوە یان هیچ نەبێت لاوازی بکات. تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکانی عێراق بۆی چووە سەر. قۆناغی دوای ئەوە، مامەڵەکردنە ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان، نەوەک حوکوومەتی هەرێمی کوردستان. بافڵ زۆر بە ڕوونی یان دوو ئیدارەیی دەوێت، یان هەڵوەشانەوەی هەرێم و مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان. بۆ هەموو سیاسییەکی عێراق، تەنانەت بە زاری خۆشیان نەیڵێن، ئەمە دۆزینەوەی هەنگوینە بە دارەوە، بەڵام ئایا لەبەر ئەمەریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانی تر و پێوەندییە قووڵترەکانیان لەگەڵ پارتی، دەتوانن ئەمە بکەن؟
نێچیرڤان بارزانی، وەک جێگری سەرۆکی پارتی، ئینجا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و بە ئومێدی سیاسەتی "سفر کێشە" کە پێی ناسراوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفوگۆی کرد، لێزانی و ئەزموونە دیبلۆماسییەکانی زۆر شتیان گۆڕی، تا ئەو ئاستەی لەجێی ئەوەی لایەنەکانی عێراق بە ڕقەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی بکەن و بیخەنە پەراوێزەوە، بەتەواوی بچێتەوە ناو هاوکێشەی سیاسییەوە.
هەر خۆی ئەم هەنگاوە وەڵامی پرسیارێکە، بۆچی پارتی پێش ئەوەی کەیسی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتیی کۆمار و پۆستەکانی حوکوومەت یەکلا بکرێنەوە، نێچیرڤان بارزانی نەنارد؟ وەڵامەکە ڕوونە، چونکە پارتی تەنیا بۆ پارێزگاری لە مانەوەی قەوارەی هەرێم هەموو کارتەکانی دەردەهێنێت تا ڕادەی هەندێ داشکانیش لەو شتانەی بە مافی خۆی دەزانێت. لەدەستدانی دوو سێ پۆستی بەغدا هەر گرینگ نییە بە بەراود بە لەدەستنەدانی هیچ مافێکی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
پاشان کاتی ئەوە هات مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆ و دەی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی کابینەی نوێی حوکوومەت کۆ ببێتەوە و بچێتە وردەکارییەوە لەگەڵیاندا، بۆ ئەوەی وەک کابینەکانی پێشوو لە مافە دەستووری و شایستە دارایییەکانی هەرێم پاشەکشە نەکەن و بەڵێنی لێ وەرگرتن. بۆ ئەوەی بەڵێنەکانیش تا سەر بن، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی لەناو حوکوومەت یان دەرەوەی حوکوومەتن و ڕۆڵیان هەیە، کۆ بووەوە.
سەرۆکی حوکوومەت وێڕای ئەوەی زۆر بە ئەرێیی پێشوازی لێ کرا و بەڵێنی گەورەی پێ درا کە قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەست پێ دەکات و چیتر بابەتی شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەران ناخرێتە ناو ململانێکانەوە، بەڵام چونکە سیاسییەکی ڕاستگۆیە و نایەوێت ڕاستۆییی خۆی لەدەست بدات، لە دوای هەر کۆنگرەیەکی گرنگ، بۆ میدیاکان تۆپەکەی دەخستەوە لای عێراق و دەگوت: بەڵێنیان داوە، چاوەڕێ دەکەین بزانین بەڵێنەکانیان دەبەنە سەر. واتە لێرەشدا واقیعییانە ئەو دۆخە گەشبینییەی گواستەوە و وەک هەمیشە نایەوێت خەونێکی گەورە بخاتە مێشکی هاووڵاتییانەوە کە ڕەنگە عێراق دوو ڕۆژی تر وەک سەردەمانی پێشوو پاشەکشە بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بەغدا پێبەندی بەڵێنەکانی بێت گوتی: ئامادەین نیوەی داهاتی ناوخۆ بدەینە بەغدا، بۆ ئەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان وەک خۆی بگات.
ئێستە کاتی هاتووە کابینەی دەیەمی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێت، چونکە ئێستە هەموو لایەک ڕازین. یەکێتی دەیویست لە بەغدا پۆستی هەبێت، پێی گەیشت. پارتی دەیویست خەونی دووئیدارەیی نەبێتە ڕاستی و قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت، پێی گەیشت. سەرۆکوەزیران دەیویست داهاتی خەڵکی کوردستان چیتر یاری پێ نەکرێت، بەڵێنیان داوە. ئێستە کاتی ئەوەیە پارتی و یەکێتی بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.