لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، جەنگەکان تەنیا پێکدادانی سەربازی نەبوون لەپێناو خاک یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراودا، بەڵکو زۆرجار وەک پڕۆژەیەکی گەورەی ئابووری و ستراتیژیی درێژخایەن داڕێژراون کە تێیدا کات فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ
کۆکردنەوەی زۆرترین دەستکەوت. ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکان لە پشت دروشمە بریقەدارەکانەوە دەیشارنەوە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ
جەنگێکی گەورە لە جیهانی مۆدێرندا بۆ ئەوە هەڵناگیرسێت کە بە خێرایی کۆتایی پێ بێت، چونکە چەمکی سەرکەوتنی خێرا تەنیا بۆ ڕازیکردنی شەقام و پاساو هێنانەوە
بۆ دەستپێکی جەنگە، بەڵام لە پشت پەردەوە، درێژبوونەوەی جەنگ ڕەهەندێکی قووڵی پیشەسازی و دارایی هەیە کە بزوێنەری سەرەکیی سیستەمی سەرمایەدارییە. لەم چوارچێوەیەدا، جەنگ دەبێتە بزوێنەری گەورەترین کەرتی پیشەسازی کە بە کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی ناسراوە و ئەم کارگە زەبەلاحانەی چەک بەرهەم دەهێنن پێویستیان
بە بەکارهێنەرێکی بەردەوام هەیە بۆ کاڵاکانیان. ئەگەر ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر بەرقەرار بێت، ئەم کارگانە ناچار دەبن بەرهەمەکانیان ڕابگرن، ئەمەش ملیاران دۆلار داهاتی کۆمپانیا گەورەکانی وەک لۆکهید مارتن و بۆینگ و ڕایتیۆن کەمدەکاتەوە و هەزاران کرێکار بێکار دەبن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەم چەرخە لە خولانەوە نەکەوێت، دەبێت جەنگەکان بەردەوام بن تا چەکە کۆنەکان لە مەیدانەکاندا خەرج بکرێن و سوپاکان ناچار بکرێن گرێبەستی نوێ بۆ چەکی پێشکەوتووتر واژۆ بکەن. بەم شێوەیە جەنگ دەبێتە تاقیگەیەکی زیندوو کە تێیدا کوژانەوەی ئاگری شەڕ بە واتا کزبوونی کوورەی کارگەکانی چەک دێت، ئەمەش تێچوویەکی ئابووریی وایە کە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان نایانەوێت بەرگەی بگرن. ئەم ستراتیژییە بە ڕوونی لە جەنگی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا ڕەنگدەداتەوە، کە تێیدا دەبینین چۆن جەنگەکە لە پێکدادانێکی سنووردارەوە گۆڕا بۆ جەنگێکی درێژخایەنی پڕوکێنەر کە هیچ لایەک پەلەی نییە لە کۆتاییهێنانی. بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەم جەنگە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ خاڵیکردنەوەی کۆگاکانیان لە چەکە کۆنەکانی سەردەمی سۆڤیەت و نەوەکانی پێشووی ناتۆ، تا بتوانن بە بودجەیەکی خەیاڵی چەکی نەوەی نوێ بۆ سوپاکانیان بکڕنەوە. لەلایەکی ترەوە، ئەم جەنگە بووە مەیدانێکی گەورەی تاقیکردنەوە بۆ تەکنەلۆژیای درۆن و زیرەکی دەستکرد و سیستەمە بەرگرییەکان، کە وەک ڕیکلامێکی جیهانی وایە بۆ کۆمپانیاکانی چەک. تەنانەت لە ڕووی وزەوە، درێژبوونەوەی ئەم جەنگە بووە هۆی داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووریی
ئەوروپا و گۆڕینی سەرچاوەی وزە لە گازی هەرزانی ڕووسیاوە بۆ گازی شلی گرانبەهای ئەمریکی، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئامانجی جەنگەکە تەنیا بردنەوەی سەربازی نییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی ملیارەها دۆلارە لە خەزێنەیەکەوە بۆ
خەزێنەیەکی تر.
مێژووی ململانێکانی تریش هەمان ڕاستیمان بۆ دووپات دەکەنەوە، وەک جەنگی ڤێتنام کەپتر لە بیست ساڵی خایاند و تێیدا پیشەسازیی فڕین و کیمیایی ئەمریکا گەشەیەکی
بێوێنەی کرد، یان جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کە تێیدا وڵاتانی زلهێز چەکیان بە هەردوولا دەفرۆشت تەنیا بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە ڕابگرن و ڕێگری بکەن لەوەی یەکێکیان زوو سەرکەوێت و بازاڕی فرۆشی چەکەکە دابخات. تەنانەت لە بیست ساڵی جەنگی ئەفغانستانیشدا، تریلیۆنەها دۆلاری باجدەرانی ئەمریکی لە ڕاستیدا بۆ ڕزگارکردنی ئەفغانییەکان خەرج نەکرا، بەڵکو وەک سوڕێکی دارایی گەڕایەوە بۆ
ناو هەمان ئەو کۆمپانیایانەی کە ئامێرەکانی جەنگیان دروست دەکرد، ئەمەش دەری دەخات کە لە فەلسەفەی جەنگدا، بەردەوامبوون لە خەرجکردن گرنگترە لە گەیشتن بە ئامانجی سیاسی.
بۆیە دەکرێت بڵێین، جەنگ وەک سیستەمێکی ئابووریی داخراو کار دەکات کە تێیدا وێرانکاری دەبێتە سەرچاوەی قازانج، چونکە دوای ئەوەی وڵاتێک بە چەک وێران دەکرێت، قۆناغی دووەمی وەبەرهێنان دەست پێدەکات کە ئەویش پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەیە. ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی کە لە کاتی شەڕدا چەکیان دەفرۆشت، لە کاتی ئاشتیدا گرێبەستی ملیاردی بۆ دروستکردنەوەی ژێرخانەکان وەردەگرن، ئەمەش وا دەکات ئاشتی تەنیا پشوویەکی کورت بێت بۆ ئامادەکاری بۆ جەنگێکی تر. جەنگەکان بۆیە زوو کۆتاییان نایەت، چونکە
مەکینەی سەرمایەداریی جیهانی پێویستی بە خوێن و ئاگر هەیە بۆ ئەوەی لە کار نەکەوێت، و ئەو جەنگەی ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا دەیبینین، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی دوو
سوپا نییە، بەڵکو دەنگی ئامێرەکانی کارگەیەکە کە هەرگیز تێر نابێت لە تاقیکردنەوەی ئامێرە نوێیەکانی کوشتن.