دواین هەواڵ

توانەوەی خەباتی کورد لە باکوری کوردستان!

‌بەهرۆز جەعفەر

7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرەکیترین قسەیەک لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت بوترێ ئەمەیە: سەرهەڵدانی ئەم پرۆسەیە بەرئەنجامی نیەتی پاک و بڕوای تەواوەتی دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەت باخچەلی نییە بە ئاشتی و پێکەوەژیان لەگەڵ کوردو ئەوانی تر، بەڵکو بەرئەنجامی ترس و لێکەوتەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ یە کە ناوچەکەی تەنیوەتەوە."

ئەمە ڕاستییەکە هەموو کەسێکی سادە دەیزانێت؛ کە ئەوانە دەزانن لەم وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری بەهێز ئەوەیە پرسی کوردیش وەربچەرخێت ( لە ساتەوەختێکی مێژوویی وەهادا). بۆیە لایەنی کەم ئەوەتا ماوەی ساڵێک پترە کوردیان بە پرۆسەی ئاشتییەوە سەرقاڵکردوە. زیرەکیشن، لە قەیرانێکی ئابوریی و دارایی وا گەورەی خۆیاندا (٤٥٠٠ لیرە بە ١٠٠ دۆلارە!) بێ ئەوەی پارە بدەن بەرانبەرەکانیان بەکاردەهێنن!

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرزەمینی سەرهەڵدانی پەیامبەرە مەزنەکانی مێژوە؛ هێشتا ئەوەتا میراتێکی پڕ خوێن و کاولکاریی لە سەدەی ٢١ دا لە ئارادایە. بۆیە بەڕێز ئۆجەلان و تێزە- یۆتۆپییەکانی ناتوانن قوتارکەری ناوچەیەک بن.

بزوتنەوەی ئاپۆچی دژی دەوڵەتی نەتەوەییە!
بڕوا بوون بە دەوڵەتی نەتەوەیی، واتە بڕوا بوون بەوەی "ناوەوە" ئامادەبکەی و دەزگای بۆ دابمەرزێنیت، پاشان لە دەرەوە دانپایانان و لۆبی بۆ بکەیت [هێزە کوردییەکانی باشووریش ئەم ئامادەگییەیان نەکردوە، هەموو جارێک ڕیفراندۆم بکەین، هەموو جارێک تێر بۆڵە-بۆڵ دەکەم کە ئەمە وا نابێت و، دەنگیشی پێدەدەم، بەڵام بەمجۆرە سەرکەوتوو نابین]، لە کاتێکدا ئۆجەلان هەر لە بناغەوە بڕوای بە دەوڵەتی کوردستان و چوارچێوەکەشی نییە.

هیچ شاراوە نییە، کە بەڕێز ئۆجەلان بە توندی دژی درووستکردنی دەوڵەتی کوردییە و بە چەمکێکی سووکایەتیپێکراوی وەک "دەوڵەتی نەتەوەیی بچووک" ناوی دەبات. ئۆجەلان پێی وایە ئەمە تەنها کۆپیکردنی هەمان مۆدێلە فاشیستییەکەی دراوسێکانە و کێشەکان چارەسەر ناکات. لە هەمان کاتدا، چەمکی یاسایی و مێژوویی [واتە مافی چارەی خۆنووسین] بە تەواوی لە مانا نێودەوڵەتییەکەی خاڵی دەکاتەوە، مافی کورد تەنها لە دروستکردنی (خۆبەڕێوەبەرییەکی لۆکاڵی) و چەند شارەوانییەکدا کورت دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاری سنوورەکان بکرێت. ئەمەش گەورەترین خیانەتە، کە تا ئیستا و لە مێژووی کورددا نەبووە، هیچ سەرکردە و پارتێکی سیاسیی بەم شێوەیە دەست بۆ ئەم پرسە نەتەوەییە ببات.

ئەوەی ئۆجەلان بە پێکەوەژیان وەسفی دەکات "تواندنەوەیەکی نەرم و سڕینەوەی شووناسی کوردە بە قۆناخبەندیی:
لەژێر ناوی " کۆماری دیموکراتی و ئینتیگراسیۆن (ئینتیگراسیۆن-Integration واتەی تێکەڵبوونەوە، یان چوونەپاڵ و تەواوکاریی لەگەڵ ئەوانی تردا) ئۆجەلان هاتوە باسی پێکەوەژیان دەکات لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا ! پێکەوەژیان لەگەڵ فارس دا؛ لەکاتێکدا ئەوانە سەدان ساڵە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکایان هەللا-هەللا کردوە؛ لەهەموو جێگەیەک کوردو مەزهەب و نەتەوەو ئاینەکانی تر هەڵدەکەنن و، شیعەگەرایی دەچێنن.

لەگەڵ تورکیایەکدا کە گەلی یۆنان وەک دایکی دیموکراسی و قوبرس وەک بووکی ئەوروپا ناتوانن لەگەڵیدا هەڵبکەن! لەگەڵ عەرەبی عێراق کە بە نیزیکەیی "عەجاج/ حەجاج" لە مێشک و کەسێتی هەریەکێکیاندایە! ئەم دیدە مانای ئەوە نییە کورد بڕوای بە پێکەوەژیان و هێزی نەرم و مامەڵەی کەلتوریی نییە یان نەبێت.

"بەڕێز ئۆجەلان بەنەرمی هەوڵی سڕینەوەی شووناسی کوردی و تواندنەوەی دەدات."
چۆنیەتی گونجاندنی ئەم تێگەیشتنەی "عەبدوڵا ئۆجەلان" لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا کێشەیەکی سەرەکییە: ئەو باس لە چەمکی "کۆماری دیموکراتی" دەکات وەک چارەسەر بۆ وڵاتانی وەک تورکیا و سوریا و ئێران: لە شۆفێری تاکسیی و دارتاش و جوتیارێکەوە تا دەگاتە هەزاران توێژەر و پیاوی قووڵی ئەم دونیایە ئەم تێگەیشتنە بە هەلوەسەیەکی شێتانە دەزانێت: ئاخەر شتی وا هەرگییز ڕوونادات، چوونکە ئۆجەلان داوادەکات ئەو وڵاتانە دەستوورەکانیان دیموکراتیزە بکرێت و دان بە مافی پێکهاتەکاندا بنێت. لە پاڵ ئەمەشدا، چەمکی "ئینتێگراسیۆن" (یەکگرتنەوەی دیموکراتی) بەکاردەهێنێت، کە بەو واتایە دێت کورد بەبێ هەوڵدان بۆ دابەشکردنی خاکی ئەو وڵاتانە، لەناو سیستەمەکەدا جێگەی خۆی بکاتەوە و لەگەڵیاندا بژی. ئەمەش دیسان خۆتواندنەوەیەکی ئارەزوومەندانە، بە خواستی کورد خۆی.

هیچ خەوشێک نییە کە بڵێین بەڕێز ئۆجەلان ئاگای لە دونیای ئەمڕۆ نییە؛ ئایا ئۆجەلان دەزانێت ئیمڕۆ فەیسبوک و تۆڕی ئێکس هەیە!؟ دەزانێت زیرەکی دەستکردو تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ چۆن سیستەمی جیهانی لە قاڵب دەدەنەوە!؟ نەخێر، ئەو نیزیکەی سێ دەیەیە لە زینداندایە، نازانێت ئێستا ڕۆڵی دیجیتاڵ میدیا چییە، وەک پێویست ئاگای لە هەڵکشان و گەشەی ئابوری چین نییە، ئاگاداری ئەوە نییە درۆن و تەلەفۆن و تەکنۆکرۆنیک شێوازی ململانێکانیان گۆڕیوە. ئەو تەنها تاکەکەسێکە و وەک سونبولێک جێگای ڕێزە.

سەر-نە-گرتنی تێگەیشتنەکانی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی بە دوایین لێدوانەکانی موراد قەرەیەلان، کەسى دوەمى پەکەکە، وە مستەفا قەرەسو، ئەندامى کۆنسەى بەڕێوەبەرى (کەجەکە) دا دیارە کە دەڵێن:
- "ئیرادەیەکى ڕاستەقینە بۆ چارەسەرى پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە بونى نییە".
- "پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە وەستێنراوە و هەڵپەسێردراوە".
- "کۆمسیۆنى پەرلەمانى و چونى شاند بۆلاى ئۆجەلان و ئیمراڵى دەرئەنجامێکى نەبوە."
دەزانی چۆنە!؟ تورکیا نەک ئۆجەلان، بەڵکو "سەڵاحەدین دەمیرتاش"یشی ئازاد نەکردوە؛ کە نۆ ساڵە لە زیندانەو، مانەوەی ئەو لە زینداندا زۆر بێمانایە، چوونکە تۆمەتەکانی کە لەسەری سزا دراوە، نەماوە.

دوو خاڵی سەرەکی کە دەبێت لەم پرسەدا ببیندرێت:
یەکەمیان، بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو هیچ کات کورد پێویستی بە خەباتی چەکداریی پەکەکە نەبوە لە باکوری کوردستان، هیچ کاتیش دەرفەتێکی وەک ئێستای دوای ڕووداوەکانی وەک ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ نەهاتۆتە پێشەوە بۆ کورد، کە پەکەکەو بەڕێز ئۆجەلان لە باری دەبەن و، ئەم بوونەی کورد دەخنکێنن. لەوەدا کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان شانسێکی باشیان هەیە کە تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ١٦ ساڵە ئاڵۆزە؛ ئەگەر نا خۆیان وتەنی لە هەر جێگەیەک سەرە نێزەکێکی کورد هەبێت، ئەوان لە دژی دەوەستنەوە. بوونی کورد لە هەموو کاتێکدا بۆ داگیرکەرانی کوردستان وەک بوونی پەڕۆیەکی سوورە لە بەردەم گایەکی شێت دا.

ئێستا کورد پێویستی بە پەکەکە هەیەو، گۆڕانکاریی و پێشکەوتنە جیهانییەکان وایانکردوە ڕۆڵی ئەکتەرە-نا-دەوڵەتییەکان کاریگەرتر ببێت، بتوانن لەڕێگەی تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکردو درۆنسازییەوە گورز بوەشێنن، ئێستا کاتییەتی تورکیا لە قووڵترین قەیرانی دارایی و هەڵئاوسان دا ڕێدەکات کە لەمێژووی خۆیدا وێنەی نەبوە، ئێستا هەقە سوود لە قۆناخەکەو دەرفەتە جیۆپۆڵەتیکییەکان وەربگرن و ئەجێندەی کورد لە گەورەترین پارچەی کوردستاندا ببەنە پێش، کەچی ئەوان لە ئێستادا هاتوون باسی "ئینتگراسیۆن" دەکەن!

ئەی بۆچی لە ٢٠١٥ ئەو باسەتان نەکرد، کە هەردوو ڕابەری کورد تاڵەبانی و بارزانی هەوڵیانداو، پرۆسەی ئاشتی تا ڕادەیەکی باش چوە پێش، ئێوە چوون لە جەزیرە دوو پۆلیسی تورکتان بە بێتاوان لەسەر شەقام و لەناو ئۆتۆمبیلەکەیاندا کوشت بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی هەڵبوەشێتەوە!؟ خۆ ئەوکاتە ئێوە کاریگەرتربوون، زیاتر لە (٨٠) کورسیتان لە پەرلەماندا بەدەستهێنابوو، ئاکپارتی و ئەردۆگان لێتان پاڕایەوە کە حکومەتی لەگەڵ پێک بهێنن، ئەی بۆچی شەڕتان دەستپێکردەوەو، دەیان شاری کوردیتان وێرانکرد، سەدان سەرکردەو هەزاران ڕۆڵەی کوردتان بە کوشت دا، و سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەدانی دیکەش کەوتنە زیندان بەو هۆیەوە!؟

دوەم: بەڕێز ئۆجەلان و تێزەکانی دژی باس و خواسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن، دژی وشەی "جیۆپۆڵەتیک" ن، واتە بڕوایان بە "هاوسەنگی هێز" نییە. ئەمەش کارێکی نازانستییە؛ لایەنی کەم دژە بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان. کورد ئەو کاتەی لە سوریا لێیان قەومابو، داوایان دەکرد، بەڕێز ئیلهام ئەحمەد بجێت بۆ ئەوروپاو ئەمریکا پاڵپشتی کۆبکاتەوە؛ لەکاتێکدا بیروباوەڕی ئاپۆچی دژی ئەمەیە.

خەڵکی کورد داوایان لە ئیسرائیل دەکرد بە هانای کوردەوە بێت؛ وادەزانن ئیسرائیل پارێزەری مافەکانی کورد و پاسەوانی ئەوانە، لە کاتێکدا دوو ساڵ ئیسرائیل لە ڕێگەی وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوەو پەرلەمانەکەیەوە داوای لە بزافی کوردی لە ڕۆژئاواو باکورد کرد هاودەنگ و هاوپەیمانیان بن، ئۆجەلان دەیوت: ئەم زیندانەی من ئەوەی باشە کە ناتوانم ئیسرائیل ببینم. دەی سبەینێ ئیسرائیل و ئەمریکاو ئیمارات و هاوپەیمانەکانیان ناوچەکە وێنا دەکەنەوە؛ تۆ دەڵێی چی!؟ یان بە پێچەوانەشەوە بوو، ئێران و تورکیاو ڕووسیا کاریگەرییان زیاتر بوو، ئەوکاتە چۆن-چۆنی دەچیت دەڵێی؛ قوربان دەستورەکەت بگۆڕەو، ئینتیگراسیۆن چێ بکە و..تادوایی؛ چی وەڵامێک وەردەگریت!؟

لە باشوری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەدا پێنچ (٥٪) ی ئەوەی ئێستای ئاپۆچییەکانی نەکردبو، کەچی ئەوانە دەیانگوت؛ کوردوکوردستانیان ڕادەستی ئەردۆگان کردوە! بە مەرجێک حکومەتی باشوور تاڕادەیەکی باش توانیبوی دیبلۆماسیی و هاوسەنگی هێز پێش بخات، هەڕەشەو داگیرکاریی تورکیای دوای ٢٠٠٣ بگۆڕێت بۆ مامەڵەی ئابوریی و دیبلۆماسیی و ئاڵۆگۆڕی زانستی و کەلتوری لە سنورێکی دیاریکراودا.

بە کورتییەکەی، ئەمە ڕەشەبایەکی مەترسیدارەو هەڵیکردوە، تورکەکان لەم ئاڵۆزییانەدا کاتێکی باشی کورد و ئاپۆچییەکان دەکوژن بە ناوی پرۆسەیەکی ئاشتیی درۆینەی بێ گەرەنتییەوە، دواتر دەرئەنجامێکی دیکە دەدەن بە دەستی کوردەوە؛ کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ باجەکەی بدات. ئێستا کە گرووپی ئاپۆچی ئەم نووسینە بخوێننەوە؛ یەکسەر دەڵێن؛ نا-- ئێوە لە فیکری قووڵی بەڕێز ئۆجەلان تێناگەن و، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و، ئینتگراسیۆن و... نازانم چی و چی! با "کات" لە نێوانماندا بێت و بچێت؛ ساڵێک بۆ دوانی دیکە؛ دەرئەنجامی ئەم تواندنەوەی خەباتی کوردبوونەتان دەبینن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە "هێز" و "باڵانسی هێز" ئەمسەرو ئەوسەری هەموو شتەکانە و، ئێوەش بڕواتان پێی نییە.

تێبینی/ من وەک کوردێک و توێژەرێک هیچ قازانجێک لەم قسانە ناکەم، ئەوە نەبێت دە ساڵی تر "مێژوو" نەڵێت؛ باشە ئەو میللەتە کەسێکی تیا نەبوو ئەو ڕاستییانە باس بکات!؟


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP